ئەگەر مەسیح لەسەر خاچ گیانی سپاردبێت، پاشان بۆ ماوەی سێ
ڕۆژ نێژرابێت، واتای ئەوەیە کە خودا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مردووە؟
وایدابنێ، فنجانێکمان
هەیە. ئەو فنجانە هیچ گوڵێکی تێدا نییە، هەروەها هیچ ئاویشی تێدا نییە و وشکە.
واتە تەنیا هەوای تێدایە. جیاوازی هەوای ناو فنجانەکە و دەرەوەی فنجانەکە چییە؟
هەوای ناو فنجانەکە شکڵی هەیە، مەگەر نە؟ لە پێکهاتەدا هەمان شتن، بەڵام هەوای ناو
فنجانەکە شکڵ و شێوەی هەیە. ئێستا ئەگەر فنجانەکە بێنین و بیکێشین بە دیواردا و
وردی بکەین، چی بەسەر هەواکەی ناوی دێت؟ هەواکە دەمرێت؟ نەخێر، هەوا نامرێت.
دەکرێت فنجانەکە ببێتە هەزار پارچە بەڵام هەواکە هیچی لێنایەت، تەنیا ئەوە نەبێت
کە شکڵ و شێوەیەی نامێنێت.
کاتێك مەسیح لەسەر
خاچ گیانی لەدەستدا، جەستەی مرد بەڵام ڕۆحی مەسیح کە ڕۆحی خودایە، هەرگیز نامرێت.
خودا شکڵ و شێوەی مرۆڤی وەرگرت و لە شێوەی مەسیحدا هاتە سەر زەوی. ڕاستە شکڵ و
شێوەی مرۆڤی وەرگرت بەڵام عیسا هەرگیز بە
تەنیا مرۆڤ نەبوو.
لەسەر خاچ، عیسا باجی
گوناهەکانی ئێمەی دا و بەربەستی نێوان ئێمە و ئەوی ڕووخاند و لایبرد. بەهۆی
گیانسپاردنەکەی مەسیح، ئێمە دەتوانین لەگەڵ یەزداندا لە ئاشتیدا بین. هەرچەندە
ئێمە گوناهبارین، دادپەروەری خودا بەتەواوی لەلایەن مەسیحەوە جێبەجێکرا، مەسیح ئەو
بەرخەی خودا بوو کە لەبەر ئێمە ئازاری چەشت. هەروەها خۆشەویستی خودا بە تەواوی
نیشاندراوە لەوەدا کە مەسیح بە خواست و ویستی خۆی ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا.
ئێستا لەوانەیە بڵێی:
"ئەوە دادپەروەرانە نییە." ڕاستە، دادپەرورەرانە نییە. بێگومان ئێمە
شایانی ئەوە نین کە مەسیح لە پێناوماندا گیانی دابنێت. بەڵام ئەمە چارەسەری خودا
بوو بۆ ئێمە. ئایا بۆمان هەیە بە خودا بڵێین کە دەبێت چی بکات و چی نەکات؟!
مەسیح سزای مردنی
ئێمەی بژارد تاکو ئێمە بەهۆی گوناهەکانمانەوە نەمرین. عیسای مەسیح دەیەوێت کە ئێمە
پەیوەندیمان لەگەڵی هەبێت و خۆشەویستییەکەی بناسین و ژیانی ئەزەلی و جاویدانی
بەدەست بێنین.
با نموونەیەکی دیکە
بێنینەوە. ئەمەیان چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە. بەڵکو لەم ڕێگەیەوە بتوانین باشتر لەوە
تێبگەیەن کە مەسیح چی بۆ ئەنجام داوین.
حاکمێکی دادپەرورەر و
دڵسۆز هەبوو کە بەرتیلی قبوڵ نەدەکرد. ڕاستگۆ و دادپەروەر بوو. جارێکیان کچێکیان گرت و هێنایان بۆ لای. سزای کچەکە سجنی هەتاهەتایی بوو یاخود
دەبوا بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆری بدابا کە لەڕاستیدا توانای دانی ئەو پارەیەی
نەبوو.
حاکمەکە لە کچەکەی
پرسی: "ئایا تاوانباری یان نە؟"
کچەکەش لە وەڵامدا
گوتی: "گەورەم، ناتوانم باجی سزاکەم بدەم. ناتوانم پارەکە بدەم. تکایە بەزەییت پێمدا بێتەوە."
حاکمەکە گوتی: "پرسیاری من ئەوەیە کە ئایا تۆ تاوانباریت یان نە؟ ئایا
دان بە تاوانباربوونتدا دەنێی؟"
لەکۆتاییدا خانمە گەنجەکە گوتی: "گەورەم، بەڵێ من تاوانبارم."
حاکمەکە گوتی کەواتە دەبێت باجەکەی بدەیت. حوکمی سجنی هەتاهەتایی بۆ دەرکرد و
کەیسەکەی داخست.
هەربۆیە کچەکە دەستی کرد بە هاوارکردن و ژاوەژاو دروستکردن، بەڵام لە دادگا
بردیانە دەرەوە بۆ ئەوەی بیخەنە سجنەوە. حاکمەکەش عەبا تایبەتەکەی لەبەر داکەند و
ڕۆیشە دەرەوەی دادگا. پاشان حاکمەکە ڕۆیشتە خەزێنە و هەموو ئەو پارەیەی دا کە
کچەکە پێویست بوو بیدات. پرسیارەکە لەوەدایە بۆچی حاکمەکە ئەو کارەی کرد؟
وەڵامەکەی زۆر ئاسانە: چونکە ئەو کچەی زۆر خۆش دەوییست. ئەو کچە کچی خۆی بوو.
هەربۆیە هەرچی هەبوو داینا و ژیانی کچەکەی کڕییەوە.
کاتێک حاکمەکە عەبای تایبەتی حاکمییەتی داکەند، بوو بە کەسێکی ئاسایی. عیسای
مەسیحیش ڕێک وەک ئەو حاکمەی کرد. عیسای مەسیح ئاسمانی بەجێهێشت، عەبای شکۆمەندی
داکەند و وەکو هەر مرۆڤێکی ئاسایی دیکەی لێهات. عیسای مەسیح لەبەر ئێمە گیانی
سپارد بۆ ئەوەی گوناهەکانمان چیدیکە مەحکوممان نەکات و نەتوانێت هەتاهەتایە لە
خودا جیامان بکاتەوە.
زۆر لە پێغەمبەران باسی ئەوەیان کردووە کە مەسیح دێتە سەر زەوی و لەپێناوی گوناهی جیهان دەمرێت. مەسیح تاکە ئومێدی مرۆڤە بۆ ئەوەی ژیانی جاویدانی بەدەستبێنن.
زۆر لە پێغەمبەران باسی ئەوەیان کردووە کە مەسیح دێتە سەر زەوی و لەپێناوی گوناهی جیهان دەمرێت. مەسیح تاکە ئومێدی مرۆڤە بۆ ئەوەی ژیانی جاویدانی بەدەستبێنن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئادەم و حەوا، خودا بە شەیتانی فەرموو کە نەوەی ژن سەری
شەیتان پاندەکاتەوە و مرۆڤایەتی لە گوناه ڕزگاری دەبێت. عیسای مەسیح بەهۆی مردن و
زیندوبوونەوەیەوە بەسەر شەیتاندا زاڵبوو و شکستی دا. مەسیح بەسەر گوناە و مردن و
جیابوونەوە لەگەڵ خودا سەرکەوت، واتە لە شەیتانی دا و سەری پان کردەوە.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com