Wednesday, March 29, 2017

"شاهیدانی یەهوە" کێن و باوەڕیان بە چی هەیە؟

"شاهیدانی یەهوە" کێن و باوەڕیان بە چی هەیە؟
ئەو ڕێبازەی کە ئەمڕۆ بە "شاهیدانی یەهوە" ناسراون لە ویلایەتی پێنسڵڤانیای ئەمریکا لە ساڵی ١٨٧٠ سەریانهەڵدا. لە سەرەتادا وەکو قوتابخانەی فێربوونی کتێبی پیرۆز بوو کە لەلایەن "چاڵز ڕەسڵ"ەوە سەرپەرشتی دەکرا. ڕەسڵ ناوی لە گروپەکەی نا "خوێندنی کتێبی پیرۆزی هەزارەی شەبەق". لەو کاتەدا ڕەسڵ دەستی کرد بە نووسینی کۆمەڵە کتێبێک بە ناوی "شەبەقی هەزارە" کە لە شەش جڵد پێکهاتبوو. شایانی باسە کە زۆربەی ئەو بیروباوەڕەی یاوەرانی ڕەسڵ واتە شوێنکەوتوانی "شاهیدانی یەهوە" هەیانە، لەو شەش جڵد کتێبەوە سەرچاوەیان گرتووە.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩١٦دا ڕەسڵ مرد، هاوڕێ و جێگرەوەکەی، حاکم "جەی ئێف ڕەتەرفۆرد" جەڵدی حەوتەم و کۆتایی نووسی و بەو شێوەیە زنجیرەی "شەبەقی هەزارە"ی کامڵ کرد. لە ساڵی ١٨٨٦دا هەر دوو ڕێکخراوی "واچتاوەر بایبڵ و تراکت سۆسایەتی" دامەزرا و بەخێرایی بووە هۆی بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی بزوتنەوەی هەزارەی شەبەق. تا ساڵی ١٩٣١ ئەم دەستەیە بە "ڕەسڵییەکان (شوێنکەوتووانی ڕەسڵ)" ناسرابوون بەڵام دوای ئەوەی کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە تووشی ناکۆکی بوون، دەستەیەکیان لێ جیابووە ناویان گۆڕا بۆ "شاهیدانی یەهوە." ئەو دەستەیەی کە لەمان جیابووەوە وەکو "قوتابییانی کتێبی پیرۆز" خۆیان دەناسێنن.
"شاهیدانی یەهوە" باوەڕیان بە چی هەیە؟
ئەگەر بە وردی سەرنجی بیروباوەڕیان بدەین لەمەڕ خودابوونی مەسیح، ڕزگاربوون، سیانە (ثالوث)، ڕۆحی پیرۆز و کەفارەت؛ بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ڕێکخراوە خاوەنی بۆچوونی ڕاستەقینە و دروستی مەسیحی نین.
شاهیدانی یەهوە باوەڕیان وایە کە مەسیح میکائیلی سەرۆک فریشتەیە کە پلە بەرزترین بەدهێنراوە. ئەمەش پێچەوانەی چەندین ئایەتی کتێبی پیرۆزە کە خوادابوونی عیسای مەسیحیان یەکلایی کردوەتەوە (یۆحەنا ١: ١، ١٤، ٨: ٥٨، ١٠: ٣٠).
شاهیدانی یەهوە پێیان وایە کە ڕزگاری لەڕێگەی باوەڕ و کرداری باش و ملکەچییەوە بەدەستدێت. واتە ئەمە پێچەوانەی چەندین ئایەتی کتێبی پیرۆزە کە دەڵێن ڕزگاری نیعمەتێکە لەڕێگەی باوەڕەوە بەدەستدێت (یۆحەنا ٣: ١٦؛ ئەفەسۆس ٢: ٨؛ ٩، تیتۆس ٣: ٥).  
شاهیدانی یەهوە سیانە (ثالوث) ڕەتدەکەنەوە. دەڵێن کە عیسای مەسیح بوونەوەێکی بەدیهێنراوە و ڕۆحی پیرۆزیش هێزی بێگیانی خودایە (واتە ڕۆحی پیرۆز دەسەڵاتی نییە). هەروەها باوەڕیان بەوەش نییە کە مەسیح لە جێگەی ئێمەی گوناهبار گیانی خۆی بەخت کردبووە بەڵکو دەڵێن کە مەسیح گیانی سپارد لەسەر خاچ بۆ ئەوەی کەفارەتی گوناهەکانی ئادەم بدات و هیچی دیکە.
باشە ئەوە زانیمان کە "شاهیدانی یەهوە" چۆن بیر دەکەوە و باوەڕیان بە چی هەیە؛ ئەی باشە چۆن پاساو بۆ بیروباوەڕ و بۆچوونەکەیان دێننەوە؛ بە چی ڕێگەیەک بەرگری لە خۆیان دەکەن؟
پێش هەموو شتێک دەڵێن کە کتێبی پیرۆز بەپێی تێپەڕبوونی کات لەلایەن کەنیسەوە دەستکاری کراوە، هەربۆیە خۆیان هاتوون و کتێبی پیرۆزیان وەرگێڕاوە و وەشانێکی تایبەت بە خۆیان داناوە بە ناوی "وەرگێڕانی جیهانی نوێ."
هەر دوو ڕێکخراوی "واچتاوەر بایبڵ و تراکت سۆسایەتی" هاتوون هەندێک لە دەقەکانی کتێبی پیرۆزیان دەستکاری کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بیروباوەڕە هەڵەکەی خۆیاندا بیگونجێنن؛ لە جێگەی ئەویە کە بێن و بنەمای باوەڕیان لەسەر کتێبی پیرۆز بنیات بنێن! "وەرگێڕانی جیهانی نوێ" چەندین جار دەستکاریی کراوە کاتێک کە بۆیان درکەوتووە کە هەندێ ئایەت هێشتا ماون کە لەگەڵ بۆچوون و باوەڕەکەی ئەواندا نەگونجاوە.
"واچتاوەر بایبڵ" باوەڕ و فێرکردنەکانی خۆی لەسەر بنەمای نووسینەکانی چاڵز ڕەسڵ و حاکم جۆوزف فرانکڵین و جێگرەوەکانی داڕشتووە. تەنیا ئەوانەی کە لە بەشی بەڕێوەبەری "واچتاوەر بایبڵ و تراکت سۆسایەتی" ئیدعای ئەوە دەکەن کە بۆیان هەیە کتێبی پیرۆز تەرجەمە بکەن. واتە ئەوان هەرچی بڵێن هەر ئەوە دەبێت هەربۆیە بیرمەندان و زانایانی دیکە کە لە دەستەی بەڕێوەبەری نین حەقی هیچ جۆرە گلەیی و قسەیەکیان نییە. ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئاگادارکردنەوە توندەکەی پۆڵسە بۆ تیمۆساوس (هەروەها بۆ ئێمەش) کە دەبێت شتێک بخوێنین کە خودا پەسەندی کردبێت هەربۆیە نابێت هەست بە شەرمەزاری بکەین کە بمانەوێت وشەی خودا بە دروستی بەکاربێنین و مامەڵەی لەگەڵ بکەین.
ئەو ئاگادارییە توندەی کە لە (دووەم تیمۆساوس ٢: ١٥)دایە فەرمانێکی ڕوونی خودایە بۆ هەر یەک لە ڕۆڵەکانی کە وەکو خەڵکی بیریە بن؛ کە ڕۆژانە سەیری کتێبی پیرۆزیان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن ئەو شتانەی کە پێیان دەگوترێتەوە لەگەڵ کتێبی پیرۆزدا دەگونجێت.
"كۆشش بكه‌ خۆت بسه‌لمێنی بۆ خودا، كارگه‌رێكی بێ شه‌رمه‌زاری، وشه‌ی ڕاستی به‌ ڕێگای ڕاست لێك بده‌یته‌وه‌." (دووەم تیمۆساوس ٢: ١٥)
"به‌ڵام خه‌ڵكی بیریه‌ له‌ سالۆنیكییه‌كان تێگه‌یشتووتر بوون، به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌یان وه‌رگرت، ڕۆژانه‌ له‌ نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان ورد ده‌بوونه‌وه‌ ئاخۆ شته‌كان ئاوان." (کرداری نێردراوان ١٧: ١١)
پێناچێت هیچ تاقم و دەستەیەک هەبن بە ئەندازەی "شاهیدانی یەهوە" دڵسۆز بن لە گەیاندنی پەیامەکەیان بەڵام بەداخەوە پەیامەکەیان پڕە لە شێواندن و فێلکردن و فێرکردنی هەڵە.
نوێژ دەکەین و دەپاڕێینەوە لە یەزدانی پەروەرگارمان کە چاوی "شاهیدانی یەهوە" بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕاستی ئینجیلی عیسای مەسیح و پەیامی ڕاستی وشەی خودا ببینن.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org