Saturday, January 12, 2019

لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە دین و ئایینە، چۆن بزانم کامیان ڕاستە؟ بەشی دووەم

  لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە دین و ئایینە، چۆن بزانم کامیان ڕاستە؟

پیش هەموو شتێک پێویستە بزانین کە ئایا ڕاستی موتڵەق بوونی هەیە یان نە. چونکە ئەگەر ڕاستی موتڵەق بوونی نەبێت ئەوا ناتوانین لە هیچ شتێک دڵنیا بین. ئەوکات یان دەبینە ئەگنۆستیک (بەگومان)، واتە دڵنیا نابین لەوەی کە بەڕاستی دەتوانین شتێك بناسین، یان دەبین بە پلوورالیست (کۆگەرا)، واتە هەموو حاڵەتێک قبوڵ دەکەین، چونکە نازانین کامیان ڕاستە. 

ڕاستی موتڵەق بەوە پێناسە کراوە کە هاوتای ڕاستییە، هاوڕایە لەگەڵ بابەتەکەی و بەو جۆرە باسی دەکات کە هەیە. هەندێک پێیان وایە کە شتێك بە ناوی ڕاستی موتڵەق بوونی نییە، بەڵکو بووچوونێکی لەو شێوەیە لەڕاستیدا بەرگریکردنە لە خود. بۆ نموونە، ڕێژەگەراکان دەڵێن کە هەموو ڕاستییەک ڕێژەییە. بەڵام کەسێک دەبێت بپرسێت "ئایا ئەو قسەیە بەتەواوی ڕاستە؟ واتە ڕاستیی موتڵەقە؟" ئەگەر وایە، کەواتە ڕاستیی موتڵەق بوونی هەیە، ئەگەر نا، بۆچی باسی بکەین و گرنگی پێ بدەین؟ پۆستمۆدێرنیزم دان بە هیچ ڕاستییەکدا نانێت، بەڵام جەخت لەسەر یەک ڕاستیی موتڵەق دەکاتەوە: "پۆستمۆدێرنیزم ڕاستە." لە کۆتاییدا، ڕاستیی موتڵەق دەبێتە حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر و ڕەتکردنەوەی کارێکی مەحاڵ دەبێت.

هەروەها ڕاستی موتڵەق بە شێوەیەکی سروشتی سنووردارە و ڕکابەرەکانی ڕەت دەکاتەوە. دوو کۆ دوو دەکاتە چوار؛ ئیدی هیچ وەڵامێکی دیکە ڕاست نییە. ئەم خاڵە تەواو هەستیار دەبێتەوە کاتێک کە دێتە سەر بەراوردکردنی سیستەمی باوەڕ و بیروبۆچوونە جیهانییەکان. ئەگەر بنەما و پێکهاتەی باوەڕێک سەلمێنرا کە ڕاستە، ئەوا هەموو ئەو باوەڕانەی دیکە کە بووچوونی پێچەوانەی ئەمیان هەیە، دەبێت هەڵە بن. هەروەها دەبێت ئەوەش بزانین دڵسۆزی و حەز و ئارەزوو کار ناکاتە سەر ڕاستیی موتڵەق. گرنگ نییە کە کەسێک چەندە دڵسۆزانە درۆیەک قبوڵ دەکات، چونکە درۆ هەر درۆیە. وە هیچ حەز و ئارەزووێك لە جیهاندا بوونی نییە کە بتوانێت درۆیەک بکات بە ڕاستی.
وەڵامی پرسیاری یەکەم ئەوەیە کە ڕاستی موتڵەق بوونی هەیە. کەواتە، ئەگنۆستیزم، پۆستمۆدێرنیزم، ڕێژەگەرایی و گومانگەرایی هەموو هەڵەن و ڕاست نین.

ئەمە بەرەو پرسیاری دووەممان دەبات، ئەویش ئەوەیە ئاخۆ لۆژیک و ژیربێژی دەکرێت لە بابەتی ئاییندا بەکاربێت. هەندێك دەڵێن ناکرێت و مەحاڵە، بەڵام بۆچی نا؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە لۆژیک گرنگییەکی زۆر جەوهەری هەیە کاتێک کە لێکۆڵینەوە لە ئیدعا و بانگەشە ڕۆحییەکان دەکەین، چونکە یارمەتیمان دەدات لەوە تێبگەین کە بۆچی هەندێک لە بانگەشەکان دەبێت ڕەت بکەینەوە و هەندێكی دیکە قبوڵ بکەین. لۆژێک گرنگییەکی زۆر زۆری لە هەڵوەشانەوەی پلوراڵیزمدا هەیە (کە دەڵێت هەموو ئیدعا و بانگەشەکان ڕاستن، تەنانەت ئەوانەشی کە دژی یەکترن یەکسانن و هەمان گرنگییان هەیە).

بۆ نموونە، ئیسلام و یەهودییەت دەڵێن کە عیسا خودا نییە، لە کاتێکدا مەسیحییەت عیسا بە خودا دەزانێت. یەکێک لە یاسا بنەڕەتییەکانی لۆژیک بریتییە لە "نادژیەکی"، واتە ناکرێت شتێک هاوکات (ئەی) و (نائەی) بێت و هەروەها وەکو یەک بن. ئەگەر ئەم یاسایە لە حاڵەتەکەی یەهودیەت و ئیسلام و مەسیحییەتدا پەیڕە بکەین، ئەوا دەبێت یەکیان ڕاست بێت و ئەوەی دیکەیان هەڵە. عیسا ناتوانێت هاوکات خودا بێت و خوداش نەبێت. ئەگەر بە شێوەیکی باش و دروست بەکاربهێنرێت، ئەوا لۆژیک و ژیربێژی چەکێکی بەهێزە دژی پلوراڵیزم، چونکە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە ناکرێت هەموو ئیدعا و بانگەشە پێچەوانەکان ڕاست بن. ئەم تێگەیشتنە تەواوی بیروبۆچوونی "ڕاستی بۆ تۆ بەڵام نەک بۆ من" لەناودەبات.

 وە مەنتق و ژیربێژی ئەو وتە باوەی پلوراڵیستەکان دەتوێنێتەوە کە دەڵێن "هەموو ڕێگاکان بەرەو لووتکەی شاخەکەت دەبەن". لۆژیک دەریدەخات کە هەر بیروباوەڕێک کۆمەڵێک نیشانەی تایبەت بە خۆی هەیە کە لە کۆتاییدا بەرەو شوێنێکی تەواو جیاوازت دەبات. لۆژیک بۆت ئاشکرا دەکات کە ڕوونکردنەوەی گونجاوی گەڕان بەدوای ڕاستیی ڕۆحیدا وەکو کۆمەڵێک ڕێگای پێچاوپێچ وایە – تەنها یەکێک لە ڕێگاکان بەرەو ڕاستیت دەبەن، ئەوانەی دیکە دەگەن بە بنبەست. لەوانەیە هەموو بیروباوەڕەکان لە ڕواڵەتدا کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام لە بنج و بناواندا جیاوازیی زۆر جەوهەری لەنێوانیاندا هەیە.

کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە دەتوانیت ژیربێژی لە بابەتی ئاییندا بەکاربهێنیت. بەم هۆیەوە، پلوراڵیزم لێرەدا جێگەی نابێتەوە، چونکە لۆژیکی نییە و ناتەبایی تێدایە بەوەی کە پێی وایە دوو ڕاستی تەواو دژیەک دەکرێت هەردووکیان ڕاست بن.
دوای ئەمە دێینە سەر پرسیارە گەورەکە: ئایا خودا بوونی هەیە؟ بێباوەڕان و سروشتگەراکان (ئەوانەی کە جگە لەم گەردوون و دنیا مادییە هیچی دیکەیان بەلاوە پەسەند نییە) دەڵێن نەخێر، خودا بوونی نییە. لە کاتێکدا چەندین کتێب و دەیان دیبەیت و چەلەحانێ لەم بارەیەوە کراوە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە وەڵامی ئەم پرسیارە هەتا ڕادەیەک زۆر ئاسان و سانەیە. بۆ ئەوەی بەتەواوی بچینە نێو بابەتەکەوە، ئەوا پێویستە پێش پرسیاری هەبوونی خودا، ئەم پرسیارە بکەین: بۆچی لە جێگەی ئەوەی کە هیچ شتێک نەبێت، هەموو شتێک هەیە؟ بە واتایەکی دیکە، تۆ و ئەو شتانەی لە دەوروبەرتن، چۆن پەیدا بوون؟ سەلماندنی بوونی خودا دەکرێت بەم سادەییە باس بکرێت:

شتێک بوونی هەیە.
تۆ شتێکت لە هیچەوە دەست ناکەوێت.
کەواتە زاتێکی پێویست و هەتاهەتایی بوونی هەیە.

تۆ ناتوانیت ئەوە پشتگوێ بخەیت کە تۆ هەیت چونکە دەبێت هەبیت بۆ ئەوەی بوونی خۆت ڕەت بکەیتەوە (کە لەڕاستیدا خۆت شکست دەدەیت)، کەواتە تیۆری یەکەم ڕاستە. هەتا ئێستا کەس نەیتوانیوە دەریبخات شتێک لە هیچەوە پەیدابووە مەگەر ئەوەی کە دووبارە پێناسەی "هیچ شتێک" بکەنەوە، کەواتە تیۆری دووەمیش ڕاستە. واتە بە شێوەیەکی سروشتی دەرەنجامەکە بەم شێوەیە دەبێت – زاتێکی هەتاهەتایی و ئەزەلی هۆکاری هەموو ئەو شتانەیە کە بوونیان هەیە.


کۆتایی بەشی دووەم

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org