Wednesday, July 8, 2015

سێ نوێژ بۆ خۆپاراستن لە دوژمن (شەیتان)

٣ نوێژ بۆ خۆپاراستن لە دوژمن (شەیتان)


لە بابەتی ئەمجارەماندا سێ نوێژ بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی شەیتان و شوێنکەوتووە بەدکارەکانی (رۆحە پیسەکان) دەخەینەڕوو.  
ناسینی دوژمن
باوکی راستودروست، داوات لێدەکەم یارمەتیم بدە کە دوژمن لەکاتی هێرش کردن ببینم بۆ ئەوەی بزانم کەی هێرش دەکات. من دەزانم لە دژی دوژمنێکی نادیار دەجەنگم کە لە من بەهێزترە. دەزانم زۆرانبازیی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خۆین نییە، بەڵکو دژی سەرۆکەکان، دژی دەسەڵاتداران، دژی فەرمانڕەوایانی ئەم تاریکییەی جیهانە، هەروەها دژی سەربازە رۆحییەکانە لە شوێنە ئاسمانیەکان (ئەفەسۆس ٦: ١٢). سوپاست دەکەم خودایە بۆ دابین کردنی ئەو چەکەی کە ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک پێویستم پێیەتی، لەسەرووی هەمووان قەڵغانی باوەڕ و کڵاوی ئاسنینی رزگاری و شمشێری رۆح هەڵدەگرین کە وشەی خودایە (ئەفەسۆس ٦: ١٣- ١٧). بەناوی عیسای هەرەبەرز نوێژ دەکەم. ئامین.
کاتی چوونە نێو خاکی دوژمن
خودای باوک، تکایە لەکاتی چوونم بۆ نێو خاکی دوژمن لەم جیهانە بەرگریم لێبکە. دەزانم کاتێک من موژدە بە ونبوێک دەدەم، لەڕاستیدا بەرەنگاری فەرمانڕەوای تاریکی و سوپا بەدکارەکەی دەبمەوە هەروەها دەڕۆمە نێو قەڵەمڕەویەوە. عیسا دەزانم من لە کاوڕی نێو گورگ دەچم (لۆقا ١٠: ٣)، بەڵام دەشزانم کە شەیتانەکان ملکەچی تۆن، ئەی پەروەردگار (لۆقا ١٠: ١٧)؛ دەزانم کە هەر دوژمنێک روبەڕوم ببێتەوە ناتوانێت باڵ بەسەرمدا بکێشێت چونکە بەدەسەڵاتی تۆ موژدەی ئینجیل دەبەمە ناو شانشینی تاریکی. دەزانم کە دەسەڵاتت بەسەر دوژمندا پێبەخشیوین (لۆقا ١٠: ١٩). هەروەها دەزانم کە "هەر چەکێک لە دژی من رابکێشرێت سەرناکەوێت" (ئیشایا ٥٤: ١٧). چونکە تۆ دوژمنت لەسەر خاچ بەزاند، بۆیە داوات لێدەکەم بمپارێزیت لەو کەسانەی دژی منن، بە شەیتان و دارودەستەکەشیەوە؛ ئەوەتا ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک مەبەستی تۆ جێبەجێ دەکەم کە دۆزینەوەی ونبوانە؛ هەروەها داواکارم کە ئەو هێزەی لە ڕۆحی پیرۆز و ئەو هێز و دەسەڵاتەی لە تۆوە هەڵدەقوڵێت پێ ببەخشیت بۆ ئەوەی لە هەموو جیهان ببمە گەواهیدەر (کرداری نێردراوان ١: ٨)؛ هەوەها داوات لێدەکەم کە هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک لەگەڵم بیت تا بەسەرچوونی ڕۆژگار (مەتا ٢٨: ٢٠). بە ناوی سەرۆک و پاشای پاشایان و پەروەردگاری پەروەردگاران، عیسای مەسیح، نوێژ دەکەم. ئامین.
 ئەو کەسەی لە ئێوەدایە مەزنترە لەوەی لە جیهاندایە 
خودای باوک، دەزانم ئەو رۆحە پیرۆزەی تۆ کە لەمندایە زۆر مەزنترە لەو رۆحە پیسەی لە جیهاندایە (یەکەم یۆحەنا ٤: ٤)، هەروەها مەزنترە لەو دوژمنەی کە لەم سەردەمەدا کوێرکراوەکانی بە دیلی گرتووە چونکە "خوداوەندی ئەم ڕۆژگارە هزری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو رووناکی ئینجیلی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، کە وێنەی خودایە" (دووەم کۆرنسۆس ٤: ٤). خودای باوک تکایە یارمەتیم بدە "نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات. چونکە لەمەبەستەکانی بێئاگا نین" (دووەم کۆرنسۆس ٢: ١١). بەدڵنیاییەوە شەیتان هەرگیز کۆڵی نەداوە لە هەوڵدان بۆ کوێلەکردنی ئەوانەی کە هێشتا لەسەر رێگای ئەون، چونکە زۆر هەن کە "ناتوانن خۆیان لە داوی شەیتان ئازاد بکەن" (دووەم تیمۆساوس ٢: ٢٦)، ئەوەی هەموو جیهانی گومڕا کردوە (بینین ١٢: ٩)؛ تەنها ئەوانە نەبێت کە ڕۆڵەکەی تۆ، عیسای مەسیح، ئازادی کردوون. تکایە یارمەتیم بدە بزانم کە لە نێو دەستەکانت پارێزراوم (یۆحەنا ١٠: ٢٨ -٢٩) و لە کارەکانی مرۆڤ و دوژمن نەترسێـم، چونکە تۆ لەگەڵمی، کەس ناتوانیت دژم بێت (ڕۆما ٨: ٣١). پەروەردگاری خۆشەویست و خودای مەزن بۆ ئەمە سوپاست دەکەم. بە ناوی بەرخی ئازیزی خودا نوێژ دەکەم، ئەوەی لە پێناوی من خۆی کردە قوربانی. ئامین.
 ئەنجام
هەموو ڕۆژێک دەزانین کە زۆربەی ئەو شوێنانە دەڕۆینە نێویەوە خاکی دوژمنن و بۆسە و تەڵەی بۆ داناوین تاکو تێی بکەوین، لەبەر ئەوە عیسا فەرمووی کە ئێمە دەبێت نوێژ بکەین بۆ ئەوەی نەکەوینە نێو تاقیکردنەوە و رزگارمان بکات لە بەدکار (مەتا ٦: ١٣).
هەموو ڕۆژێک نوێژ بکە کە لە دوژمن پارێزراو بیت، چونکە شەیتان وەکو شێرێکی نەڕەنەڕکەر لە دەوروپشتمان دەسووڕێتەوە، دەگەڕێ بەدوای یەکێک تا بیخوات (یەکەم پەترۆس ٥: ٨).

تەرجەمەی لە ئینگلیزیەوە: ئێدوارد جۆرج
پێداچونەوە و هەڵەچنین: بنیامین بارامی
ژێدەر: faithinthenews.com


No comments:

Post a Comment