Saturday, November 14, 2015

ئایا باوەڕدارانی مەسیح دوای مردن دەبنە فریشتە؟


 ئایا باوەڕدارانی مەسیح دوای مردن دەبنە فریشتە؟
فریشتەکان بوونەوەری خودایین، واتە خودا بەدیهێناون (کۆلۆسی ١: ١٥) هەروەها بوونەوەرێکن کە تەواو لە مرۆڤ جیاوازن. فریشتەکان خزمەتکاری تایبەتی پەروەردگارن کە پلانەکانی جێبەجێدەکەن و خزمەتی شوێنکەوتوانی مەسیح دەکەن (عیبرانییەکان ١: ١٣- ١٤).
هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت فریشتەکان پێشتر مرۆڤ یان هەر شتێکی دیکە بووبێتن. فریشتەکان بە فریشتەیی بەدیهێنراون. فریشتەکان نە پێویستیان بە کڕینەوەی مەسیح هەیە نە دەتوانن تەجرەبەی ئەو رزگارییە بکەن کە مەسیح بۆ مرۆڤی دابین کردووە.
(یەکەم پەترۆس ١: ١٢) باسی ئارەزوو و حەزی فریشتەکان دەکات کە دەیانەوێت لە کتێبی پیرۆز فێربن بەڵام بۆ ئەوان نییە تەجرەبەی بکەن. ئەگەر پێشتر مرۆڤ بوونایە ئەوا دەستەواژەی ڕزگاریی مەسیح وەکو ڕاز و نهێنییەک نەدەبوو بۆیان، چونکە ئەوکات خۆیان پێشوەخت تەجرەبەیان دەکرد. بەڵێ ئەوان بەوە دڵشاد دەبن کە گوناهبارێک دێت بۆ لای مەسیح (لۆقا ١٥: ١٠) بەڵام ڕزگاریی مەسیح بۆ ئەوان نییە.
لە کۆتاییدا جەستەی شوێنکەوتوانی مەسیح لەناودەچن. پاشان چی ڕوودەدات؟ ئەوکات ڕۆحی باوەڕداران دەڕوات بۆ لای مەسیح. (دووەم کۆرنسۆس ٥: ٨). باوەڕداران نابنە فریشتە.
لە (یەکەم تسالۆنیکی ٤: ١٣- ١٨)دا پۆڵۆس پێمان دەڵێت کە شوێنکەوتوانی مەسیح لە مەسیحدا نوستوون، بەو واتایەی کە جەستەیان مردووە، بەڵام رۆحیان زیندووە. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە کاتێک مەسیح دەگەڕێتەوە، ئەو کەسانە لەگەڵ خۆی دێنێت کە لەودا نوستوون، پاشان جەستەیان زیندوو دەبێتەوە و لەگەڵ رۆحیان یەک دەگرێت کە مەسیح لەگەڵ خۆی هێناونی.
هەموو شوێنکەوتوانی مەسیح یەکتر دەناسنەوە و هەتا ئەزەلییەت لەگەڵ خودا دەژین و خزمەتی دەکەن، بەڵام نە وەک فریشتەکان، بەڵکو لەگەڵ فریشتەکان خزمەتی خودا دەکەن. سوپاس بۆ خودا بۆ ئەو هیوا و ئومێدە زیندووەی لە باوەڕ بە مەسیح بۆی دەستەبەر کردووین.
مەسیح بەرەکەتدارتان بکات.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر:  gotquestions.org

Tuesday, November 10, 2015

ئایا گوناه پلەی هەیە؟ گوناهی گەورە و گوناهی بچوک بوونی هەیە؟

ئایا گوناه پلەی هەیە؟
گوناهی گەورە و گوناهی بچوک بوونی هەیە؟


"مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، خراپیش لە خراپەوە؛ خراپە دەردەهێنێت. چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت" (لۆقا ٦: ٤٥).
وەڵامدانەوەی پرسیاری لەم چەشنە پێویستی بە وریایی و تێڕامانی ورد هەیە. لەوانەیە هەموو گوناهەکان لە رووی پێویستی بەخشینەوە وەکو یەک بن بەڵام بارودۆخی دڵی گوناهبار دەکرێت زۆر جیاواز بێت بەپێی جۆری ئەو گوناهانەی کەسەکە رێگەی بە دڵی داوە ئەنجامی بدات.
بەڵێ، هەموو گوناهەکان لە رووی تاوان و بەخشینەوە یەکسانن
کاتێک مەسیح گیانی سپارد، هەمان ڕێژە خوێنی بۆ هەموو گوناهەکان ڕشت. لە هیچ شوێنێکی کتێبی پیرۆز نەنووسراوە کە بەخشینی گوناهی کوشتن پێویستی بە دڵۆپی خوێنی زیاترە لە وتنی درۆیەکی سپی لەکاتی پێویستیدا.
لە (مەتا ٥: ٢١- ٢٨)دا مەسیح لیستی چەندین گوناهمان بۆ باسدەکات کە دەیانخاتە چوارچێوەی "گوناهی سادە" و "گوناهی گەورەوە"، بەڵام سەرەنجام هەموو گوناهەکان بە یەکسان دادەنێت لەو ڕوەوەی کە هەموویان بە خوێنی خۆی داپۆشراون، هەروەها هەموو یاساشکێنەکان پێویستیان بە بەخشینە. کاتیك دێتە سەر باسی وەرگرتنی ئەو بەخشینە، داواکاری خودا لە بکوژەکە و درۆزنەکە هەمان شتە بۆ ئەوەی بەخشین و کڕینەوە بەدەست بهێنن.
نەخێر، هەموو گوناهەکان یەکسان نین لە رووی دەرەنجامی دونیایی و حاڵەتی دڵ
هەموو گوناهێک لە بیرکردنەوەیەکەوە سەرهەڵدەدات، پاشان بەرەو دووبارە بیرکردنەوە پەلدەهاوێت، دواتر دەبێت بە کردار و کرداری دووبارە؛ ئەگەر هاتوو پشتگوێ خرا دەبێتە کارێکی بەردەوام و خووی پێوەدەگریت.
بەڵام پەرەسەندنی گوناهی وەکو کوشتن و زیناکردن کاتی زۆرتری دەوێت و بە پێی تێپەڕبوونی کات پێویستی بە دڵڕەقبوون هەیە. لەکاتێکدا بەخشینی خودا بۆ هەموو گوناهەکان یەکسانە، بەڵام حاڵەتی دڵی کەسی بکوژ زۆر جیاوازترە لەوەی کەسە درۆزنەکە.
ئیتر با باسی دەرەنجامی گوناهە جیاوازەکانی سەر زەوی لەو لاوە بوەستێت. هیچ کەسێک نایەت دەستگیرت بکات لەبەرئەوەی کە درۆت کردووە، لەوانەشە لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کەنیسەکەت دەرنەکرێیت ئەگەر هاتوو زلەیەکت لە هاوسەرەکەت دا. بەڵام کوشتن، دزی کردن و ئازاردانی خەڵکی بەدڵنیاییەوە چەندین دەرەنجامی یاسایی توندی بەدواوە دەبێت سەرەڕای لەتمەی پەیوەندییە تاکەکەسی و ڕەسمییەکان.
گوناه ڕێژەی هەیە، هەندێ لە گوناهەکان لەوانەی دیکە خراپترن. لە هەمان کاتدا لەڕووی دەرەنجامی ئەزەلی و رزگارییەوە هەموو گوناهەکان یەک شتن و یەکسانن. هەموو گوناهەکان بەرەو مەحکومکردنی ئەزەلیت دەبەن (رۆما ٦: ٢٣).
هەموو گوناهەکان جا هەر چەندە بچووک بن، دژی خودای ئەزەلی و جاویدانییە؛ هەربۆیە شایانی سزایەکی بێکۆتاییە. سەرەڕای ئەمانەش هیچ گوناهێک ئەوەندە گەورە نییە کە خودا نەتوانێت بیبەخشێت. عیسای مەسیح مرد تاوەکو سزا و باجی گوناهە بدات (یەکەم یۆحەنا ٢: ٢). مەسیح لەپێناو گوناهەکانی ئێمە گیانی بەخشی (دووەم کۆرنسۆس ٥: ٢١).
ئایا هەموو گوناهەکان لەلای یەزدان یەکسانن؟ بەڵێ و نەخێر. لە ئاستدا یەکسانن؟ نەخێر. لە سزادا یەکسانن؟ بەڵێ. لە بەخشیندا یەکسانن؟ بەڵێ.
مەسیح بەرەکەتدارتان بکات.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: faithhub.net