Saturday, November 14, 2015

ئایا باوەڕدارانی مەسیح دوای مردن دەبنە فریشتە؟


 ئایا باوەڕدارانی مەسیح دوای مردن دەبنە فریشتە؟
فریشتەکان بوونەوەری خودایین، واتە خودا بەدیهێناون (کۆلۆسی ١: ١٥) هەروەها بوونەوەرێکن کە تەواو لە مرۆڤ جیاوازن. فریشتەکان خزمەتکاری تایبەتی پەروەردگارن کە پلانەکانی جێبەجێدەکەن و خزمەتی شوێنکەوتوانی مەسیح دەکەن (عیبرانییەکان ١: ١٣- ١٤).
هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت فریشتەکان پێشتر مرۆڤ یان هەر شتێکی دیکە بووبێتن. فریشتەکان بە فریشتەیی بەدیهێنراون. فریشتەکان نە پێویستیان بە کڕینەوەی مەسیح هەیە نە دەتوانن تەجرەبەی ئەو رزگارییە بکەن کە مەسیح بۆ مرۆڤی دابین کردووە.
(یەکەم پەترۆس ١: ١٢) باسی ئارەزوو و حەزی فریشتەکان دەکات کە دەیانەوێت لە کتێبی پیرۆز فێربن بەڵام بۆ ئەوان نییە تەجرەبەی بکەن. ئەگەر پێشتر مرۆڤ بوونایە ئەوا دەستەواژەی ڕزگاریی مەسیح وەکو ڕاز و نهێنییەک نەدەبوو بۆیان، چونکە ئەوکات خۆیان پێشوەخت تەجرەبەیان دەکرد. بەڵێ ئەوان بەوە دڵشاد دەبن کە گوناهبارێک دێت بۆ لای مەسیح (لۆقا ١٥: ١٠) بەڵام ڕزگاریی مەسیح بۆ ئەوان نییە.
لە کۆتاییدا جەستەی شوێنکەوتوانی مەسیح لەناودەچن. پاشان چی ڕوودەدات؟ ئەوکات ڕۆحی باوەڕداران دەڕوات بۆ لای مەسیح. (دووەم کۆرنسۆس ٥: ٨). باوەڕداران نابنە فریشتە.
لە (یەکەم تسالۆنیکی ٤: ١٣- ١٨)دا پۆڵۆس پێمان دەڵێت کە شوێنکەوتوانی مەسیح لە مەسیحدا نوستوون، بەو واتایەی کە جەستەیان مردووە، بەڵام رۆحیان زیندووە. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە کاتێک مەسیح دەگەڕێتەوە، ئەو کەسانە لەگەڵ خۆی دێنێت کە لەودا نوستوون، پاشان جەستەیان زیندوو دەبێتەوە و لەگەڵ رۆحیان یەک دەگرێت کە مەسیح لەگەڵ خۆی هێناونی.
هەموو شوێنکەوتوانی مەسیح یەکتر دەناسنەوە و هەتا ئەزەلییەت لەگەڵ خودا دەژین و خزمەتی دەکەن، بەڵام نە وەک فریشتەکان، بەڵکو لەگەڵ فریشتەکان خزمەتی خودا دەکەن. سوپاس بۆ خودا بۆ ئەو هیوا و ئومێدە زیندووەی لە باوەڕ بە مەسیح بۆی دەستەبەر کردووین.
مەسیح بەرەکەتدارتان بکات.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر:  gotquestions.org

No comments:

Post a Comment