Tuesday, December 1, 2015

ئایا سەرهەڵدانی داعش نیشانەیەکە لە نیشانەکانی هاتنی قیامەت؟


ئایا سەرهەڵدانی داعش نیشانەیەکە لە نیشانەکانی هاتنی قیامەت؟

زۆر لە مەسیحییەکان پرسیار دەکەن و بەلایانەوە گرنگە بزانن کە ئایا دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش، نیشانەیەکە لە نیشانەکانی هاتنی قیامەت.
داعش بە هۆی ئەو کارە دڕندانە و بێبەزەییانەی بەکاریهێنا لە داگیرکردن و دەستبەسەراگرتنی هەندێک ناوچەی عێراق و سوریا، هەروەها بەهۆی ئەنجامدانی ئەو کارە تیرۆرستییەی بەم نزیکانە لە پاریس ئەنجامیدا، بووەتە جێی باسی هەموومان.
کوشتنی مەسیحییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لایەن داعشەوە نامرۆڤانە بوو. ئەو شێوە کوشتنەی کە داعش بەکاریهێنا (سەربڕین و شێوازەکانی دیکەی کوشتن) پەرتووکی ئاشکراکردنی هێنایەوە یادی زۆربەمان، کە پێشبینی ئەو شێوازە ئەشکەنجە و کوشتنانە دەکات کە دژە مەسیح  لە کاتی تەنگانەدا بەکاریدەهێنێت. "هه‌روه‌ها گیانی ئه‌وانه‌م بینی كه‌ له‌به‌ر شایه‌تی عیسا و له‌به‌ر وشه‌ی خودا سه‌ربڕابوون (ئاشکراکردن ٢٠: ٤)." هەروەها ئەوەی کە داعش دەیەوێت خەلافەتی ئیسلامی لە نزیک سنوورەکانی ئیسراییل دابمەزرێنێت بەڕاستی جێگەی نیگەرانییە.
هیچ پێشنینییەکی ناو کتێبی پیرۆز نییە کە بە تایبەتی باسی سەرهەڵدانی داعشی کردبێت بەڵام پێشبینی زیادبوونی جەنگ و زیادبوونی هەواڵی سەرهەڵدانی جەنگی کردووە (مەتا ٢٤: ٦)، هەروەها مەسیح رایگەیاندووە کە هەرکەسێک شوێنکەوتووی ئەو بێت، دەبێت ئەشکەنجە و ئازار تەجروبە بکات.
لەسەرووی ئەمانەشەوە، (دووەم تیمۆتاوس٣: ١- ٤) دەکرێت لە چەندین لایەنەوە وەکو وەسفێکی وردی داعش سەیربکرێت. "ئه‌مه‌ بزانه‌، له‌ ڕۆژانی كۆتاییدا كاتێكی ته‌نگانه‌ دادێت چونكه‌ خه‌ڵكی خۆیان خۆشده‌وێ، پاره‌یان خۆشده‌وێ، لووتبه‌رز، خۆهه‌ڵكێش، زمان پیس، گوێڕایه‌ڵی دایك و باوك نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاو،  بێ خۆشه‌ویستی، گه‌رده‌ن ئازاد ناكه‌ن، بوختانكه‌ر، خۆڕانه‌گر، دڕنده‌، حه‌ز له‌ چاكه‌ ناكه‌ن، ناپاك، سه‌ره‌ڕۆ و له‌خۆبایین، زیاتر حه‌زیان له‌ چێژه‌ نه‌ك خۆشه‌ویستی خودا."
بەڵام ئەم ئایەتانە بەتایبەتی پێشبینی سەرهەڵدانی داعش ناکەن بەڵکو پێمان دەڵێن کە رۆژانی کۆتایی چۆن دەبێت. هەربۆیە نابێت سەرهەڵدانی داعشمان بەلاوە سەیر بێت. پێش هاتنی قیامەت، جیهان خراپتر دەبێت و پاشان بەشێوەیەکی بەرچاو لەکاتی هاتنی قیامەتدا زۆر خراپتر دەبێت (ئاشکراکردن ٦- ١٨).
ئایا دروستبوونی داعش نیشانەیەکی تەواوی هاتنی قیامەتە؟ نەخێر. ئایا دەکرێت یەکێک بێت لە نیشانەکانی نزیکبوونەوەی قیامەت؟ بەڵێ. ئایا کارەکانی داعش دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی زیاتر کە یەکێک لە پێشبینیەکانی کتێبی پیرۆز دەربارەی جەنگ بەدیبێنێت؟ بەڵێ. بەڵام لە ئێستادا هەموو جیهان دژی داعش وەستاونەتەوە، ئایا ئەو یەکگرتووییە دەکرێت هەنگاوێک بێت بۆ دروستبوونی حکومەتێکی جیهانی، وەکو ئەوەی کە کتێبی پیرۆز پێشبینی کردووە؟ ئایا یەکگرتنی هەموو دونیا دژی خراپەکارێکی وەکو داعش، دەکرێت لەکۆتاییدا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی گەورەترین خراپەکار کە تا ئێستا جیهان بەخۆیەوە بینیویەتی، دژە مەسیح؟ ئایا دەکرێت سەرۆکی ئێستای داعش، ئەبوبەکر بەغدادی، ببێتە دژە مەسیح؟ بەڵێ، دەکرێت.
هەرچۆنێک بێت، دەبێت چاوەڕێ بکەین و سەیربکەین و بزانین لە کۆتایی زەمانەدا داعش چی دەورێک دەگێڕێت، بێگومان ئەگەردەوری هەبێت. لە ئێستادا، داعش سەلمێنەری ئەوەیە کە کتێبی پیرۆز دەیڵێت دەربارەی ئەوەی کە مرۆڤ دەکرێت چەندە خراپ بێت ئەگەر هاتوو مەسیحی نەناسی (یەرمیا ١٧: ٩، رۆما ٣: ١٠- ١٨).
یەزدان بەرەکەتدارتان بکات.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی

ژێدەر: gotquestion.org

No comments:

Post a Comment