عیسای مەسیح کەی لەدایکبووە؟
کتێبی پیرۆز رێک باسی ئەو رۆژە ناکات کە مەسیح لە بێت
لەحم لەدایک بووە تەنانەت باسی ساڵی لەدایکبوونیشی ناکات. بەڵام تێڕامان و
وردبوونەوە لە تۆمارە مێژووییەکان ئەگەرەکانی بەردەمان کەمدەکاتەوە و پەنجەرەیەکی
روونتر بەرەو روومان دەکاتەوە.
دەتوانین وردەکارییەکان لەدایکبوونی عیسا لە کتێبی پیرۆز
بخوێنینەوە، لە (مەتا ٢: ١) نووسراوە کە عیسا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی پاشا هیرۆدس
لەدایک بووە. بەپێی ئەوەی کە هیرۆدس چوار ساڵ پێش زایین مردووە، کەواتە ئەگەرێکمان
لەبەردەمدایە کە دەتوانین پشتی پێببەستین. پاش ئەوەی کە یوسف و مریەم لە بێت لەحم
رایانکرد، هیرۆدس فەرمانی دەرکرد کە لەو ناوچەیەدا ئەو کوڕانەی دوو ساڵن و ژێر دوو
ساڵن بکوژرێن.
ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە کە عیسا پێش مردنی هیرۆدس
دەکرێت تەمەنی دوو ساڵ بووبێت. واتە عیسا لە نێوان چوار تاوەکو شەش (٤- ٦) ساڵ پێش
زایین لەدایکبووە.
(لۆقا ٢: ١- ٢)
چەندین راستی دیکە دەخاتە بەردەستمان کە پێویستیان بە تێڕامانە: "لەو
رۆژانەدا لە ئۆگستۆس قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو کە هەموو دانیشتوانی
ئیمپراتۆریەتیەکەی ناونووس بکرێت. ئەمە یەکەم ناونووسین بوو کاتێک کیرینوس
فەرمانڕەوای سوریا بوو."
ئێمە دەزانین کە قەیسەر ئۆگستۆس لە ساڵی ٢٧ی پێش زایین
تاوەکو ١٤ی دوای زایین (٢٧ پ.ز – ١٤ د. ز) فەرمانڕەوایەتی کردووە. کیرینوس لە
هەمان سەردەمدا فەرمانڕەوایی سوریەی دەکرد، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ئەو کاتە،
لەدەوروبەری ساڵی (٦ی پ. ز) فەرمانڕاوای ناوچەی یەهوداش بووە. هەندێک شارەزا و
پسپۆر سەرقاڵی ئەوەن کە بزانن ئەمە هەمان ئەو ئامارەیە کە لۆقا باسی کردووە یان
نە، بەڵام پێناچێت رووداوەکان هەمان رووداو بن.
بە پشت بەستن بەم وردەکارییە مێژوییانە، بە شیمانەیەکی
زۆر؛ لەدایکبوونی مەسیح لە بێت لەحم لە ساڵانی (٥- ٦ی پ. ز) بووە.
لۆقا لە ئایەتێکی دیکەدا باسی هەمان ئەم کاتە دەکات کە ئێمە مەبەستمانە، "کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد، نزیکەی ٣٠ ساڵی بوو" (لۆقا ٣: ٢٣).
لۆقا لە ئایەتێکی دیکەدا باسی هەمان ئەم کاتە دەکات کە ئێمە مەبەستمانە، "کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد، نزیکەی ٣٠ ساڵی بوو" (لۆقا ٣: ٢٣).
مەسیح خزمەتەکەی دەستپێکرد کاتێک کە یۆحەنای لەئاوهەڵکێش
لە چۆڵەوانیدا خزمەتی دەکرد. "لە ساڵی پازدەیەمینی حوکمرانی تێباریۆس قەیسەر،
کاتێک پیلاتۆس پۆنتی فەرمانڕەوای یەهویدیا بوو، هیرۆدسیش تیتراکی جەلیل بوو. فیلیپۆسی
براشی تیتراکی ئۆتۆریە و تەراخۆتیش بوو. لیسانتۆس تیتراکی ئەبیلینە بوو. لە
سەردەمی سەرۆک کاهینیەتی حەنان و قەیافا، فەرمایشتی خودا لە دەشتودەر بۆ یەحیای
کوڕی زەکەریا هات" (لۆقا ٣: ١- ٢).
تاکە ماوەیەک کە لەگەڵ هەموو ئەم راستیانەدا بگونجێت
بریتیە لە (٢٧- ٢٩ی د. ز). ئەگەر لە ساڵی (٢٧ی د. ز) مەسیح "نزیکەی ٣٠
ساڵ" بووبێت، ئەوا لەدایکبوونەکەی لە نێوان ساڵانی (٦- ٤ی پ. ز) لەگەڵ تۆمارە
مێژووییەکەدا دەگونجێت. ئەگەر بەشێوەیەکی وردتر بیڵێین، مەسیح نزیکەی ٣٢ ساڵ
تەمەنی دەبوو کاتێک دەستی دەکرد بە خزمەتەکەی. (هێشتا نزیکەی ٣٠ ساڵ دەکات).
ئەوەی کە زانراوە و گرنگە ئەوەیە کە سەرچاوە کتێبی و
مێژووییەکانیش هاوڕان لەسەر ساڵێکی بەنزیکەیی، کە مەسیح لەدایکبووە. زۆر بەنزیکەیی،
مەسیح لە نێوان ساڵانی (٥- ٦ی پ. ز) لە بێت لەحمی یەهودا لە رێگەی مریەمی پاکیزەوە
هاتووەتە دونیا.
لەدایکبوونی مەسیح مێژووی بۆ هەمیشە گۆڕی، لەگەڵ گۆڕینی
ژیانی ژمارەیەکی بێشوماری خەڵکی لە هەموو جیهاندا.
خودا پیرۆزتان بکات.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە:
بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org
No comments:
Post a Comment