Friday, December 2, 2016

ئایا خودا فەرموویەتی کە دینێک جێگەی دینێکی دیکە دەگرێتەوە؟



ئایا خودا فەرموویەتی کە دینێک جێگەی دینێکی دیکە دەگرێتەوە؟
ئایا خودا دەیەوێ کە ئێمە لە ئایینی یەهودییەوە دەستپێبکەین پاشان بڕۆینە سەر مەسیحییەت و دواتر بڕۆینە سەر ئیسلام؟
نەخێر، خودا یەک قسە دەکات و جێگیرە. هەرگیز حەزی لەوە نەبووە کە دین بنیات بنێت.
ئەگەر لە ئیبراهیمەوە دەستپێبکەین، خودا بەڕوونی ئەوەی بۆ دەرخستووین کە دەیەوێت خۆی بۆمان دەربخات تاکو بتوانین پەیوەنییەکی شەخسی و تایبەتمان لەگەڵی هەبێت.
تاکە ئامانجی دروستکردنمان لەلایەن خوداوە بریتییە لە هەبوونی پەیوەندی نەوەک دین.
با سەیرێکی ئادەم و حەوا بکەین. ئەوان ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودا پەیوەندییان هەبوو و هەموو پێداویستییەکانیان دابین کرابوو. پاشان شەیتان لەشێوەی مارێک خۆی بۆ ئادەم و حەوا دەرخست و تاقیکردنەوە. بەداخەوە، باوەڕیان بە شەیتان کرد و سەرپێچی فەرمانی خودایان کرد. لە ئەنجامدا، ئادەم و حەوا چیتر پەیوەندییان لەگەڵ خودا نەما.
"یه‌زدانی په‌روه‌ردگار به‌ ماره‌كه‌ی فه‌رموو: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ت كرد، تۆ نه‌فره‌ت لێكراویت زیاتر له‌ هه‌موو ئاژه‌ڵێكی ماڵی و هه‌موو ئاژه‌ڵێكی كێوی. هه‌موو ته‌مه‌نیشت له‌سه‌ر سكت ده‌خشێیت و خۆڵ ده‌خۆیت. دوژمنایه‌تیش ده‌خه‌مه‌ نێوان تۆ و ئافره‌ته‌كه‌، نێوان نه‌وه‌ی تۆ و نه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه‌. نه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رت پان ده‌كاته‌وه‌ و تۆش پاژنه‌ی پێی ده‌كوتیت" (پەیدابوون ٣: ١٤- ١٥).
کاتێک شەیتان دەدات بە پاژنەی پێی نەوەی ژنەکەوە بۆ ماوەیەکی کاتی سەرکەوتوو دەبێت.
ئەگەر سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، کێ بەبێ باوک، هاتە دنیاوە؟ عیسای مەسیحی کوڕی مریەم، مەگەر نە؟
شەیتان دەدات بە پاژنەی پێی ئەم نەوەیەی ژنەوە بەڵام منداڵەکە سەری شەیتان پاندەکاتەوە. تاکە ڕێگەی کوشتنی مار بریتییە لە پانکردنەوەی سەری.
ئەمە واتای چییە؟ تەنیا یەک ڕوونکردنەوە لەمەڕ ئەم بابەتە دەکرێت هەبێت:
شەیتان لە عیسای دا کاتێک لەسەر خاچ بزماریان لە دەست و پێی دا، بەڵام مەسیح ئەم لێدانەی گەڕاندەوە بۆ شەیتان. عیسا لەسەر خاچ بەسەر شەیتاندا زاڵبوو. مەسیح باجی گوناهی هەموو مرۆڤایەتی دا. لەڕێگەی مەسیحەوە دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە گوناهەکانمان بەخشراون و دووبارە پەیوەندیمان لەگەڵ خودا دەبێت.  
ئیشایای پێغەمبەر لەم بارەیەوە دەڵێت:
"كێ باوه‌ڕی به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد و هێزی یه‌زدان بۆ كێ ده‌ركه‌وت؟ به‌نده‌كه‌ وه‌ك چه‌كه‌ره‌ له ‌به‌رده‌می باڵای كرد، وه‌ك ڕه‌گ له‌ خاكێكی تینوو گه‌شه‌ی كرد. نه‌ جوانی هه‌بوو و نه‌ پایه‌به‌رزی هه‌تا سه‌رنجمان بۆی بچێت، نه‌ دیمه‌ن هه‌تا ئاره‌زووی بكه‌ین. ڕیسوا و سووك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، پیاوی ئازار و شاره‌زای ناخۆشی. وه‌ك یه‌كێك خه‌ڵك ڕووی خۆیانی لێ بشارنه‌وه‌، ڕیسوا بوو و به‌ هیچمان نه‌زانی. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌رده‌كانی ئێمه‌ی هه‌ڵگرت، ئازاره‌كانی ئێمه‌ی برد، ئێمه‌ش وامانزانی له‌لایه‌ن خوداوه‌ گورزی به‌ركه‌وتووه‌،
لێی دراوه‌ و زه‌لیله‌. به‌ڵام ئه‌و له‌به‌ر یاخیبوونه‌كانمان بریندار بوو، له‌به‌ر تاوانه‌كانمان وردوخاشكرا. ئه‌و له‌ پێناوی ئاشتبوونه‌وه‌ی ئێمه‌ سزای چێژت، به‌ برینه‌كانی ئه‌و چاك بووینه‌وه‌. هه‌موو وه‌ك مه‌ڕ بڵاوه‌مان كردووه‌، هه‌ریه‌كه‌ ملی ڕێگای خۆمان گرتووه‌، به‌ڵام یه‌زدان هه‌موو تاوانه‌كانی ئێمه‌ی خسته‌ سه‌ر ئه‌و" (ئیشایا ٥٣: ١- ٦).
لەم دەقەی سەرەوەدا، پێغەمبەر ئیشایا باسی کێ دەکات؟ زۆر ڕوونە کە باسی کێ دەکات، باسی عیسای مەسیح دەکات. ئیشایا ئەمەی کەی نووسیوە؟ ٦٠٠ ساڵ پێش هاتنی مەسیح ئەمەی نووسیوە.
هەر لە سەرەتاوە، بە درێژایی هەزاران ساڵ، خودا هەمیشە فەرموویەتی کە مەسیح دێت و گیانی دەسپێرێت. چۆن بیر لە خودا دەکەیتەوە ئەگەر لە کۆتا ساتدا بۆچوونی خۆی بگۆڕێت؟ چۆن لە خودات دەڕوانی ئەگەر لەدوای هەزاران ساڵ بەڵێنی ناردنی مەسیح، خودا بۆچوونی خۆی بگۆڕیبا و مەسیح خۆی نەکردایە بە قوربانی بۆ ئێمە؟ خودا هەرگیز بیر و بۆچوونی خۆی ناگۆڕێت.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com

Saturday, November 12, 2016

ئایا کفرە ئەگەر بڵێین خودا کوڕی هەیە؟



ئایا کفرە ئەگەر بڵێین خودا کوڕی هەیە؟
خودا ڕۆحە. مەسیح بە ڕۆح کوڕی خودایە، نەوەک جەستە.
بۆ نموونە ئەگەرکەسێک بڵێت کە "تۆ کوڕی دار سەرووەکانی" واتای ئەوەیە کە تۆ خەڵکی لوبنانی. یان ئەگەر پێت بڵێ کە "تۆ خەڵکی نیلی" مەبەستی ئەوەیە کە تۆ خەڵكی میسری. ئەگەر بڵێین مەسیح کوڕی خودایە، واتای ئەوەیە کە مەسیح لە خوداوە هاتووە. کاتێک فریشتەکە بۆ مریەم دەرکەوت، گوتی: "کەسە پیرۆزەکە لەدایک دەبێت و بە کوڕی خودا ناودەبردرێت." واتە ناونیشانەکەی ئەوە دەبێت.
بێگومان شوێنکەوتوانی مەسیح هەرگیز ناڵێن کە خودا پەیوەندی جنسی لەگەڵ مریەم هەبووە، حاشا!
ئیشایای پێغەمبەر دەڵێت: "چونكه‌ كوڕێكمان ده‌بێت، كوڕێكمان پێده‌درێت و سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌وێته  سه‌رشانی. ناوی لێ ده‌نرێت سه‌رسوڕهێنه‌ر و ڕاوێژكار، خودای به‌ توانا، باوكی هه‌تاهه‌تایی، میری ئاشتی" (ئیشایا ٩: ٦).
عیسا خودا بوو، لەڕێگەی مریەمەوە بوو بە مرۆڤ. ئەو خودایە و کوڕی خودایە لە هەمان کاتدا.
بۆچی یەزدان ڕێگەی دا کە مەسیح لەڕێگەی مریەمی پاکیزەوە لەدایکبێت؟
لەبەرئەوەی مەسیح تەنیا لە ڕێگەی کچێکەوە لەدایکبوو، بەبێ هەبوونی باوکی جەستەیی، کەواتە مەسیح سروشتی گوناهباری ئادەم و حەوای وەرنەگرتووە. کاتێک ئادەم و حەوا گوناهیان کرد، لەڕێگەی نەوەکانیانەوە، سروشتە گوناهبارییەکەیان نەوە لەدوای نەوە گواستەوە بۆ ئێمە.
ئێمە هەموومان وەکو گوناهبار لەدایکبووین. ئێمە بەجۆرێک لەدایکبووین کە حەزدەکەین بەشێوەی خۆمان کارەکانمان ئەنجام بدەین، بەو جۆرەی کە خۆمان دەمانەوێ، لەجێگەی ئەوەی بە قسەی خودا بکەین و بە شێوەی ئەو ئەنجامی بدەین. ئێمە هەموومان گوناه دەکەین. هەر لەبەرئەوەشە کە داودی پێغەمبەر هاوار دەکات و دەڵێت: "ئه‌وه‌تا من به‌ زگماكی تاوانبارم، گوناهبارم له‌و كاته‌وه‌ كه‌ دایكم سكی به‌ من پڕ بووه‌" (زەبووری ٥٥: ١) هەموومان بە گوناهەوە لەدایکبووین و وەکو گوناهبار دەژین، هەربۆیە پێویستمان بە ڕزگارکارە.
بەڵام تەنیا ئەو کاتە مەسیح دەیتوانی ڕزگارمان بکات ئەگەر بێتو سروشتێکی جیاوازی لەوەی ئێمە هەبوایە. دەبوا لە ڕۆحی پیرۆزی خودا بوایە، کە بە هیچ شێوەیەک گوناهی نییە. ئیشایا دەڵێت: "هیچ فڕوفێڵێکی نەبوو." بەهیچ جۆرێک گوناهی نەبوو.
لە پەیمانی کۆندا دەیخوێنینەوە کە خودا لە شێوەی ئاگری گژوگیایەک خۆی نیشان موسا دا. لە شێوەی دەنگێک لە ئاسمانەوە، قسەی لەگەڵ ئیبراهیم کرد. کێ دەڵێت کە خودا ناتوانێت شێوەی مرۆڤ وەربگرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمەی مرۆڤ بدوێت و قسەمان لەگەڵ بکات؟

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com
 

Friday, September 30, 2016

ئایا کتێبی پیرۆز وشەی خودایە؟ ئایا بەپێی تێپەڕبوونی کات دەستکاری و کەم و زیاد کراوە کراوە؟



ئایا کتێبی پیرۆز وشەی خودایە؟ ئایا بەپێی تێپەڕبوونی کات دەستکاری و کەم و زیاد کراوە کراوە؟
 لە سەرەتادا با سەیری هەندێ ئایەتی گرنگ بکەین.
"هه‌تا زه‌وی و ئاسمان له‌ئارادا بێت، پیتێك یان خاڵێك له‌ ته‌ورات له‌ناو ناچێت، هه‌تا هه‌مووی دێته‌ دی" (مەتا ٥: ١٨)
وشەی خودا لەناوناچێت و هەموو ئەو شتانەی کە تێیدا باسکراون، دێنە دی.
"ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم هه‌رگیز به‌سه‌رناچن." (مەتا ٢٤: ٣٥)
"هه‌موو نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان له‌ سروشی خودان، سوودبه‌خشن بۆ فێركردن و سه‌رزه‌نشت و ڕاسته‌ڕێكردن و لێڕاهێنان له‌ ڕاستودروستی." (دووەم تیمۆساوس ٣: ١٦)
کتێبی پیرۆز سروش و وەحی خودایە.
گژوگیا وشك ده‌بێت و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێ، به‌ڵام په‌یامی خودامان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ چه‌سپاو ده‌بێت" (ئیشایا ٤٠: ٨).
دەبێت لە خۆمان بپرسین، "ئایا خودا دەتوانێت وشە و پەیامە نووسراوەکانی خۆی بپارێزێت؟ ئایا خودا دەتوانێت ئەو قسەیە بباتە سەر کە فەرموویەتی، وشەکانم هەرگیز لەناوناچن، هەموویان دێنەدی؟"
ئایا خودا دەتوانێ؟ بەڵێ، بێگومان دەتوانێ! وشەی خودایە بۆ هەموو کەسێکە. ئایا دەمانەوێ خودا تاوانبار بکەین بەوەی کە گوتوویەتی وشەکانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام نەیپاراستووە؟
زۆر ڕوونە و دڵنیابن لەوەی کە هیچ شتێك لە کتێبی پیرۆز نەگۆڕاوە، ئەوە تەنیا کۆمەڵە قسەیەکی بێبنەمان و هیچی دیکە. بەپێچەوانەی بۆچوونی باوی موسوڵمانانەوە کە پێیان وایە قورئان دەڵێت کتێبی پیرۆز گۆڕاوە، قورئان پێچەوانەکەی دەڵێت. بەڵکو زۆر بەجوانی باسی دەکات. لە قورئاندا چەندین جار وشەی تەورات و زەبوور (پەیمانی کۆن و زەبوورەکان) و ئینجیل (پەیمانی نوێ) ئاماژەی پێکراوە.
کاتێک دوای شەش سەد ساڵ لە هاتنی مەسیح، ئیسلام سەریهەڵدا، کتێبی پیرۆز بەلایانەوە ڕاست و قبوڵکراو بوو.
ئێستا لەوانەیە بپرسی، ئایا لە سەدەی حەوتەوە تا ئێستا کتێبی پیرۆز نەگۆڕاوە و دەستکاری نەکراوە؟ نەخێر، نەگۆڕاوە و بەهیچ شێوەیەکیش دەستکاری نەکراوە. دەتوانی ئەو کتێبە پیرۆزەی ئەمڕۆ لەبەردەستدایە بەراوردی بکەی بە دەستنووسە کۆنەکانی ئەو سەردەمە.
تا ئێستاش تەواوی دەستنووسی کتێبی پیرۆزمان لەبەردەستە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٣٠٠ی زایین، سەدان ساڵ پێش نووسینی قورئان. ئەگەر ویستت دەتوانی بڕۆیت و بەچاوی خۆت ئەو دەستنووسانە لە مۆزەخانەی لەندەن یان ڤاتیکان یان لە زۆر شوێنی دیکە ببینیت. ئەگەر کتێبی پیرۆزی ئەمڕۆ بەراورد بکەیت بەو دەستنووسانەی ئەو کاتە، بۆت دەردەکەوێت کە ڕێک هەمان شتن. 
ئایا دەزانیت، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ٢٥٠٠٠ (بیست و پێنج هەزار) دەستنووسی دەقەکانی ئینجیل لە جیهاندا بوونی هەیە؟ مێژوونووسان بەراوردی ئەو نووسخانەیان کردووە لەگەڵ ئەو ئینجیلەی ئەمڕۆ لەبەردەستی ئێمەدایە، بۆیان دەرکەوتووە کە ٩٩.٥٪ ڕێک وەکو یەکن و هەمان شتن. هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە. ئەو ڕێژە کەمەش پەیوەندی بە ڕێنووسەوە هەیە، نەوەک مانا و واتا.
لەوانەیە ئاشنای ئەو کەشفەش بیت کە زانایان لە نزیک دەریای مردوو، هەندێک دەستنووسیان دیتەوە. ئەو نووسراوانە لە ئەشکەوتەکانی قومران دۆزرانەوە کە دەکەونە باکوری ڕۆژاوای دەریاکەوە. لێکۆڵەران بەراوردی ئەو دەستوونانە و کتێبی پیرۆزیان کرد و بۆیان دەرکەوت کە هیچ جیاوازییەکیان نییە و ڕێک وەکو یەکن.
هەرگیز باوەڕ بەو قسە و قسەڵۆکانە مەکەن کە دەڵێن کتێبی پیرۆز دەستکاری کراوە و گۆڕانکاری تێداکراوە، چونکە ئەوە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ بەڵگەیەکیش ئەوە پشتڕاستناکاتەوە.

ئەی ئەوە نییە چوار مزگێنی (ئینجیل) هەیە، ئایا ئەو چوارە جیاوازن لە یەکتری؟

ڕاستە، چوار مزگێنی هەیە، مەتا و مەرقۆس و لۆقا و یۆحەنا؛ کە بریتین لە چوار کتێبی سەرەتای پەیمانی نوێ. لەڕاستیدا ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە هەرگیز کتێبی پیرۆز دەستکاری نەکراوە. ئەم چوارە، بریتین لە چوار شایەتی و گەواهی، چوار گێڕانەوەی ژیانی مەسیح و وتەکانی و کارەکانی.
پێکدادانێکی ئۆتۆمبێلێک لەسەر شەقامێکدا بهێنە پێش چاوی خۆت. لەو کاتەشدا پۆلیس داوا لە چوار کەس دەکات کە ڕاپۆرتێک لەسەر ئەو ڕووداوە بنووسن. ئایا پێت وایە کە هەر چواریان بەهەمان شێوە شایەتی دەدەن و بەهەمان شێوە ڕووداوەکە دەنووسن و ڕێک هەمان وشە بەکاردێنن؟ بێگومان نەخێر. هەریەکێکیان بەپێی ڕوانگەی تاکەکەسی و تێگەیشتنیان لە ڕووداوەکە، دەینووسن. ئەو چوار کەسەش کە چوار ئینجیلەکەیان نووسیوە، ڕێک هەمان شتە، ئەوانیش هەریەکێکیان بەپێی ئەو گەواهی و شایەتییەی کە لەسەر مەسیح هەیانبوو، نووسیویانە.
ئەوەتا چەندین ساڵە سیستەمی دادگاش بە هەمان شێوە دەڕوات. شایەتی یەک کەس وەرناگیرێت و قابیلی قبوڵ نییە. بەگشتی شایەتی دەبێت لە کەسێک زیاتر بێت. لە (دووەم کۆرنسۆس ١٣: ١)دا هاتووە: "هه‌ر بابه‌تێك له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ شایه‌ت ڕاستییه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێنرێت."
تەنیا چوار گەواهیدر و شایەتی بوونی نییە بەڵکو چەندینی دیکەی وەکو یاقوب و پۆڵس و یەهوزا و پەترۆس هەن کە بەشەکانی دیکەی پەیمانی نوێیان نوسیوە. یۆحەنا دەڵێت: "ئێمه‌ ئه‌مه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین سه‌باره‌ت به‌ وشه‌ی ژیان، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بوو، ئه‌وه‌ی گوێمان لێی بوو، ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆمان بینیمان، ئه‌وه‌ی ته‌ماشامان كرد و ده‌ستمان لێیدا" (یەکەم یۆحەنا ١: ١). ئەوان شایەتحاڵی ژیانی مەسیح بوون، بۆیە هەر چییەکیان بینیوە ئەوەیان نووسیوە. 

ئەو هەمووە وەرگێڕانە جیاوازەی کتێبی پیرۆز چییە؟ بۆچی کتێبی پیرۆز بۆ ئەو هەمووە زمانە وەرگێڕدراوە؟

کتێبی پیرۆز بە زمانی عیبری و یۆنانی نووسراوە. هەموو ئەو کتێبە پیرۆزانەی کە چاپکراون، جا ئیتر لە هەر ساڵێکدا بێت، هەموویان بەگوێرەی دەقە عیبری و یۆنانییەکە وەرگێڕدراون. هەندێ لە چاپی کتێبی پیرۆز هەن کە ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەی ئایەتەکانە و ناچنە چوارچێوەی وەرگێڕان و تەرجەمەوە. بەڵام هەرچی وەرگێڕان و تەرجەمەیە هەمیشە لە دەقە بنەڕەتییەکەوە وەردەگیرێت کە عیبری و یۆنانییە.
دەقی عیبری و یۆنانی کتێبی پیرۆز بۆ چەندین هەزار زمانی جیهان وەرگێڕدراون. بۆچی؟ چونکە خودا دەیەوێت کە هەموو کەسێک هەواڵی خۆشی ڕزگاری بزانێت. وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز زۆر سەخت و دژوار نییە. هەندێک لە سپارەکانی لە شێوەی هۆنراوە و شیعردان لەوانە: پەندەکانی سلێمان، گۆرانی گۆرانییەکان و زەبوورەکان. بەڵام کرۆک و ناوەڕۆکی کتێبی پیرۆز زۆر ئاسانە بۆ تێگەیشتن چونکە گرێدراوە بە ژیانی ڕۆژانەوە، هەربۆیە وەرگێڕانیشی زۆر ئاسانە. ئەو ڕاستییەی کە کتێبی پیرۆز کتێبێکی سادەیە و تێگەیشتنی ئاسانە، هۆکارێکی دیکەیە کە وادەکات متمانەی پێبکەیت. 
مرۆڤایەتی لە کێشەیەکی گەورەدایە و بەداخەوە زۆرێك لە مرۆڤەکان خەریکن بەرەو دۆزەخ هەنگاو دەنێن. هەموومان گوناهمان کردووە و لە شکۆی خۆی کەوتووین. پێویستمان بە پەیامی ڕزگارییە. کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە چۆن گوناهەکانمان دەبەخشرێت، هەروەها پێمان دەڵێت کە چۆن دەتوانین لەگەڵ خودا پەیوەندییەکی نزیکمان هەبێت. دەتوانین هەر ئێستا بە باوەڕهێنان بە عیسای مەسیح ئەو پەیوەندییە نزیکەمان هەبێت کە هەتاهەتاییە و هەرگیز کۆتایی نایەت. پەیامی کتێبی پیرۆز ژیانمان دەگۆڕێت.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com