Monday, February 29, 2016

ئایا کتێبی پیرۆز داوا لە مەسیحییەکان دەکات کە بەرگری لە باوەڕەکەیان بکەن؟



ئایا کتێبی پیرۆز داوا لە مەسیحییەکان دەکات کە بەرگری لە باوەڕەکەیان بکەن؟
ئەو ئایەتە باوەی کە پشتگیری لە ئەپۆلۆجێتیک (بەرگری کردن لە باوەڕی مەسیحییەت) دەکات بریتییە لە (یەکەم پەترۆس ٣: ١٥) کە دەڵێت: "هه‌رده‌م ئاماده‌بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك سه‌باره‌ت به‌م هیوایه‌ی له‌ ئێوه‌دایه‌ بپرسێ." تاکە رێگەی ئەمەش ئەوەیە کە دەبێت خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە بکەیت لەسەر ئەوەی کە بۆچی ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە کە هەمانە. ئەمە ئامادەمان دەکات کە "هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌ك و هه‌ر شتێك كه‌ بۆ به‌رهه‌ڵستی زانیاری خودا ده‌ربكه‌وێت له‌ناوی ببه‌ین، هه‌موو بیرێكیش بۆ گوێڕایه‌ڵی مه‌سیح به‌ دیل بگرین" (دووەم کۆرنسۆس ١٠: ٥). پۆڵسی نێردراو، ئەو شتەی بە کردار ئەنجام دەدا کە دەیوت، لەڕاستیدا بەرگریکردن لە باوەڕەکەی کارێکی باوی ڕۆژانەی بووە (فیلیپی ١: ٧). لە (فیلیپی ١: ١٦) دا پۆڵس بەرگریکردنی لە باوەڕ وەکو بەشێک لە ئەرکەکەی باسدەکات. هەروەها لە (تیتۆس ١: ٩) دا، پۆڵس بەرگریکردن لە باوەڕی مەسیحییەت وەکو شتێکی زەرووری بۆ رێبەرانی کەنیسە چاولێدەکات. یاقوب، کە قوتابییەکی مەسیح بووە، دەنووسێت: "خۆشه‌ویستان، هه‌رچه‌نده‌ له‌وپه‌ڕی په‌رۆشیدا بووم تاكو له‌باره‌ی ڕزگاری هاوبه‌شمان بۆتان بنووسم، به‌ڵام به‌ پێویستم زانی ئه‌مه‌تان بۆ بنووسم، لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ تێبكۆشن بۆ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ته‌نها جارێك دراوه‌ته‌ ده‌ست پیرۆزكراوان (ئایەتی ٣).

قوتابییەکانی مەسیح ئەم بیروکەیان لەکوێ هێناوە؟ بێگومان لە مەسیحی باڵادەستەوە هێناویانە. عیسای مەسیح زانستی بەرگری خۆی بووە، وەک چۆن چەندین جار لە کتێبی پیرۆزدا فەرموویەتی کە دەبێت باوەڕی پێبهێنین بەهۆی ئەو بەڵگانەی کە خستوویەتیە بەردەستمان (یۆحەنا ٢: ٢٣، ١٠: ٢٥، ١٠: ٣٨، ١٤: ٢٩). لەڕاستیدا کتێبی پیرۆز پڕە لە پەرجووی خودایی کە لەڕێگەیەوە خودا نیشانی داوین باوەڕ بە چی بکەین (دەرچوون ٤: ١- ٨، یەکەم پاشایان ١٨: ٣٦- ٣٩، کراداری نێردراوان ٢: ٢٢- ٤٣، عیبرانییەکان ٢: ٣- ٤، دووەم کۆرنسۆس ١٢: ١٢).  خەڵکی حەقی خۆیانە کە باوەڕ بە شتێک نەکەن کە بەڵگەی لەگەڵ نەبێت. لەبەرئەوەی خودا مرۆڤی وەکو بوونەوەری خاوەن هزر و لۆژیک دروست کردووە، نابێت سەرمان لەوە بسوڕمێ کە چاوەڕێی ئەوەشمان لێبکات کە بە شێوەیەکی لۆژیکی بژین. وەک چۆن د. نۆرمن گایسڵەر دەڵێت: "ئەمە واتای ئەوە نییە کە باوەڕ لێرەدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام خودا دەیەوێت لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەدا هەنگاوی باوەڕ بنێین، نەوەک بکەوینە تاریکییەوە."
ئەوانەی کە دژی ئەم نموونە و فێرکردنە ڕوونانەی کتێبی پیرۆز دەوەستنەوە، لەوانەیە بڵێن: "وشەی خودا پێویستی بە بەرگیلێکردن نییە!" بەڵام کام لە نووسینەکانی ئەم جیهانە وشەی خودایە؟ هەرکە کەسێک وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە، ئەوا بەرگری لە مەسیحییەت کردووە. هەندێ کەس ئیدعای ئەوە دەکەن کە لۆژیک و ژیربێژیی مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێکمان لەسەر خودا پێبڵێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕستەیە خۆی ڕستەیەکی "لۆژیکییە" لەبارەی خوداوە. ئەگەر وانەبێت، ئەوا هیچ هۆیەک نییە بۆ ئەوەی باوەڕی پێبکەیت. وتەیەک هەیە کە دەڵێت: "ئەگەر کەسێک بتوانێت قایلت بکات کە ببیتە مەسیحی ،ئەوا کەسێکیش هەیە کە پاشگەزت بکاتەوە." بۆچی ئەمە کێشەیە؟ مەگەر خودی پۆڵس لە (یەکەم کۆرنسۆس ١٥) بنەمایەکمان (هەستانەوەی مەسیح) ناخاتە بەردەست کە بەهۆیەوە مەسیحییەت دەبێت قەبوڵ بکرێت یان ڕەتبکرێتەوە؟ تەنیا خواپەرستە رێگا ونبووەکان بە نەخێر وەڵام دەدەنەوە. 

هیچ کام لەوانەی کە ئاماژەمان پێدان، بەبێ کاریگەری ڕۆحی پیرۆز ناتوانن بەرەو باوەڕی ڕزگاریت ببەن. ئەمە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دوڕاییەکی هەڵە لە بیر و هزری زۆرێک لە خەڵکیدا. بەڵام نابێت بڵێین: لەنێوان ڕۆح و لۆژیک یەکیان هەڵبژێرە. ئەی باشە بۆچی هەردووکیان هەڵنەبژێرین؟ ڕۆحی پیرۆز دەبێت مرۆڤەکان بەرەو باوەڕ ببات، بەڵام ئیتر چۆن ئەمە دەکات، ئەوە تەنیا خۆی دەزانێت. بۆ هەندێ کەس خودا تاقیکردنەوە بەکاردێنێت، بەڵام هەندێکی دیکە تەجرەبەی سۆزداری بەکاردێنێت، هەروەها لە هەندێکی دیکەشدا لۆژیک و ژیربێژی بەکاردێنێت. خودا هەر ڕێگەیەکی بوێت، ئەوە بەکاردێنێت. گرنگ ئەوەیە کە پێمان وتراوە بە ئەندازەی مزگێنیدان یاخود زیاتر لە مزگێنیدان بەرگری لە باوەڕی مەسیحییەت بکەین.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org

Sunday, February 14, 2016

بنچینەی ڤالانتاین چییە؟ ئایا مەسیحییەکان دەتوانن ئەم رۆژە پیرۆز بکەن؟


بنچینەی ڤالانتاین چییە؟ ئایا مەسیحییەکان دەتوانن ئەم ڕۆژە پیرۆز بکەن؟



یەکەم کارتی ڤالانتاین لە دەوروبەری ساڵی ١٨٠٦ز بڵاوکرایەوە. هەموو ساڵێک نزیکەی یەک ملیۆن کارتی تایبەت بە ڤالانتاین لە رۆژی چواردەی شوباتدا دەنێردرێت، کە لە ٨٥٪ ی دەدرێن بە کچان. لە دوای ناردنی کارتە مەسیحییەکان، کارتی ڤالانتاین دووەم کارتە لە زۆریی ژمارەدا. مێژووی سەرهەڵدانی ڤالانتاین و چۆنیەتی گەیشتنی بەم ڕۆژە هەتا ڕادەیەکی زۆر ناڕوونە. قەشە ڤالانتاین لە سەدەی سێیەمی زایینیدا لە ڕۆما خزمەتی کردووە. کلاودیۆسی ئیمپراتۆری رۆم، بڕیاری دا کە سەربازەکانی بە زگورتی بهێڵێتەوە. هەربۆیە، ئیمپراتۆر هاوسەرگیری سەربازەکانی قەدەغە کرد. 

یەکێک لە گریمانەکان لێرەدا ئەوەیە کە قەشە ڤالانتاین هەر بەردەوام بووە لە گەیاندنی ئەو سەربازە گەنجانە بە خۆشەویستەکانیان و ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ جێبەجێکردوون. دواتر کە ئیمپراتۆر بەمە دەزانێت، ڤالانتاین دەگرێت و زیندانی دەکات. بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، ڤالانتاین لە زیندان عاشقی کچی بەرپرسی زیندانەکە دەبێت، هەربۆیە کارتێک دەنێرێت بۆ خۆشەویستەکەی و لەسەری دەنووسێت: "لەگەڵ خۆشەویستیم، ڤالانتاینەکەت." بەڵام گریمانەیەکی دیکە ئەوەیە کە قەشە ڤالانتاین دژی ئیمپراتۆری ڕۆمانی وەستاوەتەوە و یارمەتی زیندانییە مەسیحییەکانی داوە کە لە سزای رۆمانییەکان رزگاریان بێت. 

قەشە ڤالانتاین لە دەوروبەری ساڵی ٢٧٠ ز کۆچی دوایی کردووە. هەندێک کەسی دیکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەوانەیە کڵێسا ویستبێتی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا ئاهەنگ بگێڕن تاوەکو فێستیڤاڵی لوپەرکەیلیا* ی ڕۆمانی بگۆڕن بۆ بۆنەیەکی مەسیحی. زۆربەمان حەزدەکەین کە لە ڕۆژی ڤالانتایندا "ناز"ی خۆشەویستانمان بکێشین و دیاری و کارتی پڕ لە وێنەی دڵ و هەست و سۆز و پەیامی هاوڕێیەتی بۆ یەکتری بنێرین. 

گرنگە ئەو ڕاستییە بزانین کە لە کتێبی پیرۆزدا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نەکراوە کە نابێت مەسیحییەکان لە ڕێگەی پێدانی گوڵ و مۆم و کارت بە خۆشەویستانیان ڤالانتاین پیرۆز بکەن. پیرۆزکردنی پشووەکان بڕیارێکی تایبەتە لە نێوان خۆت و خودا. هەندێک لە مەسیحییەکان لەو باوەڕەدان کە گرنگیدان بە بۆنە و ئاهەنگەکانی بێباوەڕان شتێکی هەڵەیە بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە کێشە نییە و شتێکی ئاسایی و بێ زیانە. ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە کە پیرۆزکردن یان نەکردنی بۆنو مەراسیمەکان نابێت ببێتە هۆکاری شانازیکردن و خۆهەڵکێشان یان دابەشبوونی مەسیحییەکان.


* لوپەرکەیلیا: فێستیڤاڵێکی سەردەمی کۆنی رۆمانییەکانە کە لە پازدەی شوباتی هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرا لە پێناو نزاکردن بۆ خستنەوەی وەچە و نەمانی نەخۆشی.


تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی

ژێدەر: gotquestions.org