Monday, June 22, 2015

چوار ڕێگا بۆ نوێژ كردن بۆ دوژمنه‌كه‌ت

چوار ڕێگا بۆ نوێژ كردن بۆ دوژمنه‌كه‌ت



عیسای مەسیح پێی وتین كه‌ دوژمنه‌كانمان خۆشبوێت به‌ڵام نه‌ك هه‌ر ته‌نها خۆشویستن بەڵکو نوێژیشیان بۆ بكه‌ین.
 به‌ڵام چۆن ده‌توانین نوێژ بۆ كه‌سێك بكه‌ین كه‌ رقی له‌ ئێمه‌یه‌‌؟
نوێژ بکە کە خودا به‌ره‌كەتداریان بكات
وادیارە کە ئه‌مه‌ گرانترین شت بێت‌ كه‌ بته‌وێت ئه‌نجامی بده‌ی. ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ڕێگای دونیاییه‌ به‌ڵام عیسا پێمان ده‌ڵێت "دوژمنه‌كانتان خۆشبوێت و نوێژ بكەن بۆ ئه‌وانەی کە دەتانچەوسێننەوە، تاکو ببنە‌ ڕۆڵه‌ی ئەو باوكەتان کە له‌ ئاسمانە. ئه‌و خۆری خۆی به‌سه‌ر چاك و خراپ هه‌ڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت" (مه‌تا ٥: ٤٥). له‌وانه‌یه‌ ئێمه‌ هەرگیز نەتوانین بە ئەندازەی ئەو کاتە وەکو خودا بین کاتێک نوێژ بۆ ئەو کەسانە دەکەین کە دەمانچەوسێننەوە چونکە خودا باران بەسەر دادپەروەر و نادادپەروەریشدا دەبارێنێت. ئێمە دەبێت داوا لە خودا بکەین کە بەرەکەتیان بداتێ و داوا نەکەین سزایان بدات بۆ ئەوەی خودا یارمەتییان بدات، لە بیرت بێت کە ئێمەش کاتی خۆی دوژمنی خودا بووین (رۆما ٥: ١٠)
بزانە کە ئەوان کوێر کراون
دەتوانی بیر لەو کاتە بکەیتەوە کە هێشتا رزگار نەکرابوویت و باوەڕت نەهێنابوو؟ ئایا ئێمە هیچ شتێکی باشمان کردوە کە شایەنی بەرەکەت و نیعمەتی خودا بین. کەواتە چۆن دەبێت چاوەڕێی ئەوە بین کەسێکی کوێر لە باوەڕ (بێباوەڕ) و بێ رۆحی خودا، خودا بناسێ. بۆچی دەبێت لێیان توڕە بین؟ ئایا لە کەسێکی کوێر توڕە دەبیت کە پێی هەڵدەکەوێت و دەکەوێت بە سەرتدا؟ بێگومان نەخێر، چونکە هەڵەی ئەو نییە، بۆیە تکایە لەبیرت بێت کە شەیتان بیری بێباوەڕانی کوێر کردووە (دووەم کۆرنسۆس ٤: ٤). پرسیار لە خۆت بکە کە چۆن هۆشیان دێتەوە و لە داوی شەیتان رزگاریان دەبێت. چونکە لە لایەن شەیتانەوە کۆت و بەند کراون بۆ ئەوەی هەر شتێکی بوێت بەسەریان بێنێت (دووەم تیمۆتاوس ٢: ٢٦). نوێژ بکە کە رۆحی پیرۆز مێشکیان بکاتەوە و ئەو توێژە تاریکەی سەر چاویان لاببات تا بتوانن روناکی شکۆداری ئینجیلی ژیان بەخش ببینن بۆ ئەوەی رزگاریان بێت.      
نوێژ بۆ شکۆی خوداوەند بکە
تا ژمارەیەکی زیاتر رۆح رزگاربکەین، تا ژمارەیەکی زیاتری خەڵک لە رۆژی دەرکەوتنیدا لەسەر ئەژنۆ ستایشی خوداوەند بکەن ئەوا خودا زیاتر شکۆدار دەبێت، هەربۆیە ئێستا نوێژ بکە بۆ رزگاری ئەو کەسانەی کە دوژمنتن تاوەکو ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک ستایشی خودا بکەن لەو رۆژەی کە بەوپەڕی شکۆمەندییەوە دێتەوە. خوداوەند بە دوای ئەوانەدا دەگەرێت کە شکۆداری دەکەن. تەنها بیر لەوە بکەوە کە چۆن شاول بە دەسەڵاتی خوداوەند بوو بەو پۆڵۆسە. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەڵسوکەوتیان دەرخەری ئەوەیە کە دوژمنی خودان (فیلیپی ٣: ١٨). کەواتە بیری لێبکەوە کە تا چ رادەیەک ئەمە خوداوەند شکۆدار دەکات کاتێک کەسێک کە پێشتر رقی لە خودا بووە ئێستا خودای خۆشدەوێت. هەروەها ئەوەی کە رۆژانێک دوژمنی خاچ بووە (وەک چۆن ئێمەش رۆژانێک دوژمنی بووین) ئێستا ئەژنۆ بۆ خاچ دادەنەوێنێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە هۆی شکۆدارکردنی خودا و دەبێت ئێمە نوێژ بۆ ئەمە بکەین کە رۆحەکان رزگاربکرێن و بە هۆیەوە خوداوەند شکۆدار بکرێت.   
نوێژ بکە کە خوداوەند دڵیان نەرم بکات
خودا دەبوا بمشکێنێت پێش ئەوەی من خۆم نزم بکەمەوە. دەبوا بشکێنرابام پێش ئەوەی خودا بتوانێت چاکم بکاتەوە. دەبوا کۆتاییم بە خۆم بهێنابا پێش ئەوەی خودا تاکە هیوام بوایە. ئەوەندە خۆم بەرزدەگرت کە خودا نەیدەتوانی بەرزم بکاتەوە. بە هەمان شیوە داوا لە خودا بکە تا دوژمنەکانت نزم بکاتەوە بۆ ئەوەی پێویستییان بە هاتنە ناوەوەی خودا بۆ ناو ژیانیان ببینن. نوێژ بکە کە خوداوەند ویژدانیان بجوڵێنێت تا پێویستی بەخشین و رزگارکەر ببینن، نوێژیان بۆ بکە کە بگەنە کۆتایی پەتی ژیانیان و بۆیان دەرکەوێت کە خوداوەند کۆتا گرێی داوە لە پەتەکەیان و لەوێ چاوەڕێیانە.
ئەنجام
نوێژ بۆ ئەو کەسانە بکە کە دەتچەوسێننەوە و بەو جۆرە خۆشتبوێن کە خودا خۆشەویستیەکەی لە سەر خاچ بۆ دەرخستیت، رزگاری کردین کاتیک هێشتا خراپەکار و گوناهبار و دوژمنی بووین.
نویژکردن بۆ دوژمنەکانت دەبێتە هۆی دلنەرمبوونی دڵی خۆت چونکە بۆت دەردەکەوێت کە بە بێ بەرەکەتی خودا لەناو دەچوین. 

تەرجەمەی لە ئینگلیزیەوە: نەریمان بارامی
ژێدەر: faithinthenews.com

No comments:

Post a Comment