سێ خووی خراپ کە دەبنە هۆی کوشتنی گەشەی رۆحیت
ئەو سێ شتە چین کە وەکو مەسیحیەک دەبنە هۆی کوشتنی گەشەی
رۆحیت و دەبنە رێگر لەبەردەم باوەڕت؟
دەتوانی بزانی ئەو شتانە چین؟
میزاجی خراپ
هاوڕێیەک پێی وتم کە لەگەڵ هاوسەرەکەی میزاجی خۆی لەدەست
داوە و شتێکی خراپی پێوتوە کە ئێستا لە وتنی پەشیمانە.
لە راستیدا ئەو هاوڕێیە میزاجی خۆی لەدەست نەداوە بەڵکو
پەیدای کردوە. بەڵام لەوانەیە پێویست بکات لەدەستی بدات. زۆربەی جار توڕەیی
پەیوەندی بە خۆبەگەوەرە زانین و شانازی بەخۆوە کردنەوە هەیە کە میزاجی خۆمان
لەدەست دەدەین. لێرەدا باسی توڕەبوونی رەوا (دروست) ناکەم چونکە کاتێک دەبینین
منداڵیک ئازار دەدرێت یان مندال لەباردەبرێت، یاخود کۆمەڵێ کەس توندوتیژی بەرامبەر
کەسێک دەنوێنن یان دەبینین کەسێک خەریکی تاڵانکردنە، ئەو کاتە توڕەبوون شتێکی
سروشتیە. ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە کە کاتێک کەسێک لەکاتی شۆفێری پێشت دەکەوێت
یان لەکاتی سەرەی نان پێشت دەکەوێت ئێمەش ئەوە بە هەل و دەرفەت دەزانین و ئەوەی
قسەی ناشرین و نەشیاوە لەدەممان بێتە دەرەوە بەرامبەر ئەو کەسە دەیکەین. کارەساتەکە
لەوەدایە کە ئەو شتەی لەدەمت هاتە دەرەوە گەڕانەوەی بۆ نییە. ئەو ئازارەی بە یەک
قسەی ناشرین بە بەرامبەرەکەتی دەگەیەنی دە ئەوەندە کاتی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی دڵ
ئازارییەکە چاک بکەیت. (یاقوب ١: ٢١- ٢٢) دەڵێت (توڕەیی مرۆڤ راستودروستی خودا
نایەنێتە کایەوە، کەواتە هەموو گڵاوی و گەشەکردنێکی بەدکاری دابکەنن.) میزاجی خراپ
دەتوانێت گەشەکردنی رۆحیت لەناو ببات، چونکە هەمیشە دەتەوێت بە داوای لێبوردن
کردنی بەردەوام ئازارەکان بخەیتە ژێر رکێفتەوە ، ئەوەش لەراستیدا دەبێتە هۆی
لەناوبردنی باوەڕت و گەشەی رۆحیت دەکوژێت.
بەشداری نەکردن لە کۆبونەوەی کۆمەڵی باوەڕداران (شتایش
نەکردنی خودا)
ژن و مێردێکم دەناسی کە كیشەی هاتنیان بۆ کەنیسە هەبوو.
بە شێوەیەکی زۆر ناڕیک دەهاتن بۆ خزمەت. دوو حەفتە دەهاتن، پێنج حەفتە نەدەهاتن،
پاش ماوەیەک خزمەتێک دەڕۆشتن چوار خزمەت نەدەڕۆشتن. بە پێی تێپەڕبوونی کات وایان
لێهات وازیان لە کەنیسە هێنا و چیدیکە بەشدارییان لە خزمەتی باوەڕداران نەدەکرد.
پیاوەکە دەستی کرد بە خواردنەوەی مەشروب و خوی دایە سەیرکردنی فیلمی نەشیاو.
ژنەکەی خەریکبوو لێی جیا دەبوەوە و بەجێی دەهێشت، لەم کاتەدا بوو کە پیاوەکە بە مەبەستی
راوێژکردن پەیوەندی پێوەکردم. ئەو شتەی کە ئەو پیاوە و ژنەکەی دەیانکرد بریتی بوو
لە "وازهێنان لە کۆبونەوەکانیان وەک چۆن هەندێک لەسەری راهاتوون"
(عیبرانییەکان ١٠: ٢٥) هەربۆیە هاندانی یەکتریان لە کەنیسە لەدەستدا. ئەندام
نەبوون لە جەستەی مەسیح (کەنیسە)، بووە هۆی ئەوەی کە نەتوانن ستایشی خودا بکەن و
بێبەشبوون لەو خۆشیەی کە لەگەڵ ئەو ستایشەدا دێت. ئەوان کۆبونەوەی پیرۆزکراوان و
خواردنی بەردەوامی وشەی خودایان لەدەستدا. واتە بە هۆی کەمی وشەی خودا، ڕێک
خەریکبوون لە برسا دەمردن. بەشدارینەکردنیان لە خزمەتەکانی کەنیسە بووە هۆی کوشتنی
گەشەی رۆحییان و زۆریان نەمابوو لەیەکتری جیاببنەوە.
نوێژ نەکردن و نەخویندنەوەی کتێبی پیرۆز
یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی کتێبی پیرۆز بە
داناییەوە پێی وتم کە نوێژ لێدانی پلەی گەرمی رۆحی باوەڕدارە. ئەگەر بەرز و
نزمییەک لە نوێژکردن هەبێت ئەوا دەبێتە هۆی کەوتنێکی رۆحی و کاریگەری دەخاتە سەر
پەیوەندی نێوان ئەوان و خودا. کەمی خویندنەوەی کتێبی پیرۆز واتە هەبوونی رەچەتەی
کوشتنی گەشەی رۆحیت. وەکو راوێژکار لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر گفتوگۆم کردووە کە
باوەڕیان لاواز بووە. گومانیان لە رزگارییان کردووە، بەو هۆیەشەوە بە تەواوی
وازیان لە خویندنەوەی کتیبی پیرۆز هێناوە. ئەمە بازنەیەکی بەردەوامی کەسییە. نوێژ
کەمتر دەکەن، کەمتر دەخوێننەوە. تا کەمتر نوێژ بکەن و کەمتر بخوێننەوە ئەوا زیاتر
خووی ئەنجام نەدانیان دەبێت. خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز گومانەکانت کەم دەکاتەوە.
نەخوێندنەوەی کتێبی پیرۆز گومانەکانت زیاد دەکات. رێک هەمان شت بۆ نوێژیش راستە.
ئەنجام
ناوبەناو پلەی گەرمی رۆحیت بێنە و لە خۆت بپرسە: ئایا
میزاج بەڕێوەم دەبات؟ یان من میزاج بەڕێوە دەبەم؟ ئایا من دابڕاوم لە کۆڕی ستایشی
پیرۆزکراوان؟ کەواتە لەوانەیە لە لایەنەکانی تریشەوە شکستم خواردبێت. ئایا
نوێژکردن و خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بەرەو کەمبوون دەڕوات؟ ئەگەر وایە، کەواتە
گەشەی رۆحیشیم بەهەمان شێوەیە.
ئەوانەی کە باسمان کردن ئەو سێ شتە بوون کە بە
دڵنیاییەوە دەبنە هۆی کوشتنی گەشەی رۆحیت.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: faithinthenews.com
No comments:
Post a Comment