Sunday, July 19, 2015

چوار نیشانە کە تۆ لە ژێر هێرشی رۆحیت

٤ نیشانە کە تۆ لە ژێر هێرشی رۆحیت




لەڕاستیدا زیاتر لە چوار نیشانە هەن بۆ ئەوەی بزانیت تۆ لەژێر هێرشی ڕۆحیت بەڵام ئەم چوار نیشانانەی خوارەوە یارمەتیت دەدەن بۆ ئەوەی بزانیت کە لەژێر هێرشیت.
 هەستکردن بە بێ نرخبوون
یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشی ڕۆحی کاتێک روودەدات کە بەسەر گوناهێکی مەزندا زاڵ دەبیت و سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنیت، یاخود ئەگەر بەردەوام مزگێنی بدەیت و پەیامی خودا بڵاوبکەیتەوە، دوژمن ڕقی لە هەموو ئەو کارانەیە. لەو کاتەدا هەست بە بێبەهایی و بێبایەخی دەکەیت. ئەم چەشنە هەستانەت هەیە: تۆ هەرگیز شایەنی ڕزگاربوون نیت، لەوانەیە گومانت سەبارەت بە ڕزگاربوونت لا دروست بێت؛ لەوانەیە هەست بکەیت کە دووڕوویت و تۆ ئەوەندە گوناهباریت. شەیتان یان ڕۆحە خراپەکانی لەوانەیە کاریگەریت لەسەر دابنێن بە جۆرێک کە بە خۆت بڵێیت: "خۆت بە چی دەزانیت؟ تۆ چۆن دەبێت مزگێنی ئینجیل بدەیت لەکاتێکدا گوناهەکانت ئەوەندە بەدبەخت و چارەڕەشیان کردوویت؟"
بەڵام من حەزم لەم ئایەتەیە کە دەڵێت: "ئەگەر شەیتان ڕابردووی هێنایەوە بیرت، تۆ داهاتووی بهێنە بەر چاو." هەروەها لە (بینین ٢٠: ١٠)دا هاتووە "ئەو ئیبلیسەی چەواشەی دەکردن، فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەر درۆزنەکەی لێیە. شەو و ڕۆژ تاهەتایە ئەشکەنجە دەدرێن."
نوێژنەکردن بۆ ماوەیەکی زۆر
دیسان ئەگەر هەستت کرد کە گوناهەیەکی زۆر بارگرانی کردوویت، یەکسەر دانی پێدا بنێ. هەگیز مەهێڵە گوناهەیەک کە دانت پێدا‌نەناوە پێتەوە بلکێت، چونکە تا زیاتر لە نوێژکردن دوور بکەویتەوە ئەوەندە زیاتر پێتەوە دەلکێت. کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر نویژناکەین، ئەوا گەورەترین سەرچاوەی هێزمان کە خودایە لە خۆمان دوور دەخەینەوە. وادیارە کاتێک کە هەوڵدەدەم نوێژ بکەم موبایلەکەم جەڕەس لێدەدات، یەکێک لە دەرگا دەدات، جلشۆرەکەم دەست بە ئاهەنگ گێڕانی خۆی دەکات و هەموو شتێکی ڕاست و چەپ خۆیان فڕێ دەدەنە ناو مێشکمەوە کە هەر شتێک بن خودایی نین. بێگومان ئەوە پەیوەندی بە ئیبلیسەوە هەیە. ئەو ساتەی کە شەیتان زۆری لێ دەترسیت، ساتێکە کە ئێمە بەناوی عیساوە نوێژ دەکەین و داوای خوێنی عیسا دەکەین.
نوێژکردن کارێکی ئاسان نییە ... بەڵکو کارێکی سەختە. ڕاستە بۆ هەندێ خەڵک ئاسان دیارە، بەڵام کاتێک تۆ لەژێر هێرشی ڕۆحی دەبیت، نوێژ کردن دەبێتە سەخترین و گرانترین کار. ئێمە تەنها ئەو کاتە لە ژیانی رۆحیمان گەشەدەکەین کە لەسەر ئەژنۆکانمان دەکەوین و بەرەو پێشەوە دەڕۆین و ناوەستین. ئەمە هەندێ جار کارێکی زۆر دژوار دەبێت، بەڵام بە سوپاس کردنی خودا و خوێندنەوەی کارە مەزنەکانی لە کتێبی پیرۆزدا دەست پێبکە. ئەمە دەبێتە هۆی بێ هیواکردنی دوژمن و وادەکات نەتوانێت نوێژەکانت بپچڕێنێت و چیدیکە ناتوانێت بیروبۆچونی پوچ بخاتە ناو مێشکتەوە.
هەستکردن بە تاوانباربوون
ئەم هەستە نزیکە بە یەکەم خاڵی سەرەوە کە هەست بەبێ نرخبوون بوو بەڵام ئەمەیان جیاوازییەکی هەیە. لەوانەیە هەست بکەین کە ئێمە مەسیحی نین چونکە دەبینین کە چەندە لە پیرۆزی خودا دوور کەوتووینەتەوە. لەم حاڵەتەدا ئێمە دەبێت لە ناو وشەی خودادا جێگیر بین، بە خوێندنەوەی (ڕۆما ٨) دەست پێدەکەین. ئەم بەشە زۆر هاندەرە و لەوانەیە خۆشترین بەش بێت بەلامەوە لە هەموو کتێبی پیرۆز. "لەهەموو ئەمانەدا سەرکەوتنمان مەزن دەبێت بەوەی خۆشی ویستووین. چونکە دڵنیام نە مەرگ و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان و نەهێزەکان، نە شتەکانی ئێستا و نەشتەکانی داهاتوو نە بەرزی و نەقووڵی، نە ئافریدەی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستنی خودا جیامان بکاتەوە ئەوەی لە عیسای مەسیحی پەروەردگارمانە" (رۆما ٨: ٣٧- ٣٩). ئایا ئەمە لە نووسینی پیاوێکی تاوانبار دەچێت؟ نەخێر. باوەڕ بە هەستەکانت مەکە ... بەڵکو باوەڕ بە وشەی خودا بکە.
برسیەتی بۆ وشەی خودا
کاتێک تۆ لەژێر هێرشی ڕۆحی دەبیت، ئەمە سەخترین شتە کە پەیڕەوی بکەیت بەڵام باشترین شتە کە دەتوانیت بە نوێژەوە بیکەیت چونکە دەزانین کە توانایەکی ڕاست و زیندو و چالاک لە وشەی خودادا هەیە؛ کەواتە بۆچی ئەمە نەقۆزینەوە؟
کاتێک کە هەست دەکەیت بە هیچ جۆرێک پیویستت بە خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز نییە ئەوا ئەو کاتە پێویستت بە زۆرترین خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز هەیە. بهێڵە هێزی خودا کارا بێت. لە کتێبی پیرۆزدا بچەسپێ. بەرنامەیەکی ڕۆژانە بۆ خوێندنەوەی ئینجیلی پیرۆز پەیڕەو بکە و پابەندی بە. ئەوە چەکێکی زۆر بەهێزە کە دەتوانیت لە جەنگی ڕۆحیدا بەکاری بهێنیت.
بەرەکەتی مەسیح لەسەر هەمووتان بێت


تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: ئێدوارد جۆرج
پێداچونەوەی: بنیامین بارامی
ژێدەر: faithinnews.com

No comments:

Post a Comment