Sunday, January 1, 2017

ئایا مەسیح لەسەر خاچ گیانی سپارد یان بەهیچ شێوەیەک لە خاچ نەدرا؟



    ئایا مەسیح لەسەر خاچ گیانی سپارد یان بەهیچ شێوەیەک لە خاچ نەدرا؟
خودا ئیبراهیمی چۆن تاقیکردەوە؟ داوای لە ئیبراهیم کرد کە کوڕەکەی بباتە قوربانگا. کاتێک بەسەر کێوەکەدا سەردەکەوتن، ئیسحاق لە ئیبراهیمی باوکی پرسی: "قوربانییەکە لەکوێیە؟" ئیبراهیمیش لە وەڵامدا گوتی: "خودا خۆی قوربانییەکە دابین دەکات." ڕێک هەر واش دەرچوو، خودا بەرانێکی دابین کرد کە دواتر ئیبراهیم کردییە قوربانی بۆ خودا.
 سەیری ئەو پەیامە بەردەوام و گونجاوەی خودا بکە کە بە ئێمەی دەدات.
خودا لەڕێگەی ناردنی بەرانێکەوە، ژیانی کوڕەکەی ئیبراهیمی پاراست. 
پاشان لە پەرتووکی دەرچووندا دیسان باس لە گرنگی قوربانی کراوە. یەزدان لە میسر گەلی ئیسرائیلی ئاگادارکردەوە کە فریشتەی مەرگ لە میسرییەکان دەدات و نۆبەرەی هەموویان لەناودەبات، بەڵام خۆی لەو ماڵانە بەدووردەگرێت کە چوراردەوری درگاکانیان خوێنی بەرخێکی پێوەیە. واتە، نەتەوەیەکی باوەڕدار بە خوێنی بەرخێک پارێزران و مانەوە.  
پاشان لە پەرتووکی لێڤییەکان دیسان بەرخ دەبینین. هەموو ساڵێک کاهین بەرخێک دەباتە دەرەوەی شار و دەیکاتە قوربانی لەپێناو گوناهەکانی ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە خودا هەیە. هەموو ساڵێک کەسێک بەهۆی ئەو بەرخەوە ڕزگاری دەبێت.  
پاشان لە پەیمانی نوێدا دەبینین کە یۆحەنای لەئاوهەڵکێش، لەناو کۆمەڵە خەڵكێکی زۆردا هاوار دەکات و دەڵێت: "ئەوەتا بەرخی خودا، کە گوناهی جیهان لادەبات!" (یۆحەنا ١: ٢٩). یەک بەرخ گوناهی هەموو ئەوانە دەسڕێتەوە کە باوەڕی پێدێنن.
کاتی ئەوەیە بپرسین، چی دەبوو ئەگەر ئیبراهیم گوێی لە دەنگی خودا نەبوایە، یان باوەڕی بەوە نەکردبا کە ئەوە خودایە لەگەڵی قسە دەکات؟! بێگومان کوڕەکەی دەکوژرا!
ئەی ئەگەر گەلی ئیسرائیل باوەڕیان بە خودا نەکردبا و خوێنی بەرخیان لە چواردەوری درگاکانیان نەدابا چی ڕوویدەدا؟ وەڵامەکەی ڕوونە!
ئێستا کاتی پرسیارە سەرەکی و گرنگەکەیە! نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش، مەسیح کە بەرخی خودایە لە خاچ درا؛ گیانی خۆی لە پێناوی تۆ سپارد. هەروەها پێشوەخت بەڕوونی پێمان گوتراوە: "به‌ڵام خودا خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ده‌رخستین، به‌وه‌ی مه‌سیح له‌ پێناوی ئێمه‌دا مرد، كاتێك هێشتا گوناهبار بووین" (ڕۆما ٥: ٨).
ئەی باشە چی ڕوودەدات ئەگەر هاتوو تۆ بڵێی: "نەخێر، ئەو لە خاچ نەدرا و لەسەر خاچ گیانی نەسپارد و نەمرد؟!"
بەرخی خودا لەپێناوی گوناهەکانی تۆ و هەموو جیهان لەخاچ درا.
چی دەبێت ئەگەر تۆ بڵێی: "نەخێر، شتی وا نەبووە، ئەو نەکوژراوە و ئەم بەرخە لەبەر بەخشینی گوناهەکانی من نەمردووە؟!"

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com

No comments:

Post a Comment