Saturday, January 21, 2017

بۆچی نابێت عیسای مەسیح بە پێغەمبەر بزانین؟



بۆچی نابێت عیسای مەسیح بە پێغەمبەر بزانین؟
تەنیا یەک خودا بوونی هەیە. هەموو لایەکمان هاوڕاین لەسەر ئەم تایبەتمەنیانەی خودا:
·       خودا هەمیشەیی و ئەزەلییە. بوونی هەبووە و بوونی هەیە و هەتاهەتایەش بوونی دەبێت.
·       خودا پیرۆزە. بێخەوش و تەواوە.
·       خودا ڕاستییە. وتەکانی هەتاهەتایە دەمێنێتەوە و ناگۆڕدرێت و جێگیر و چەسپاوە.
·       خودا ئامادەیە. لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا ئامادەیی هەیە.
·       خودا بەتوانایە. تواناکەی بێهاوتا و بێسنوورە.
·       خودا هەموو شتێک دەزانێت. هەمیشە زانیاری تەواوی لەسەر هەموو شتێک هەیە.
·       خودا خالق و بەدیهێنەرە. هەموو شتێک لەلایەن خوداوە بەدیهاتووە. 

تەنیا یەک خودا بوونی هەیە. هەموو ئەوانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، ڕاستن. ئێمە ئەم تایبەتمەندییانە لەسەر خودا دەزانین چونکە کتێبی پیرۆز ئەمانەی پێڕاگەیاندووین. خودا خۆی بۆ مرۆڤەکان دەرخست، تاکو ئەم سیفەتانەمان بۆ دەربخات. کتێبی پیرۆز ئەوەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە عیسای مەسیح ڕێک ئەم سیفەتانەی هەبووە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێكردووە. بۆ نموونە، با باسی یەکەم دانەیان بکەین. خودا هەمیشەیی و ئەزەلییە. عیسای مەسیحیش ئەزەلی و هەمیشەییە.

لە (یۆحەنا ١: ٣)دا هاتووە: "هه‌موو شتێك به‌و به‌دیهاتووه‌، بێ ئه‌و هیچ شتێك به‌دی نه‌هاتووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌دیهاتوون." هەروەها (کۆلۆسی ١: ١٧) دەڵێت: "چونكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ هه‌موو شتێك به‌دیهێنرا: له‌ ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی، بینراو و نه‌بینراو، ته‌خت یان ده‌سه‌ڵات، سه‌رۆكایه‌تی یان حوكومڕانی، هه‌مووی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ و بۆ ئه‌و به‌دیهێنران."

باشە ئەگەر ئەگەر تەنیا یەک خودا هەیە، چۆن دەکرێت عیسای مەسیحیش خودا بێت؟!

ئێمەی مرۆڤ لەسەر زەوی، لە جیهانێکی سێ ڕەهەندیدا دەژین. واتە، هەموو کەسێک بەرزی و پانی و قووڵیی هەیە. دەکرێت دوو کەس تا ڕادەیەک لە یەکتر بچن. لەوانەیە هەردووکیان حەزیان لە یەک شت بێت، یان هەمان ئیشیان هەبێت. بەڵام ناکرێت و مەحاڵە کە کەسێك ڕێک وەکو کەسێكی دیکە بێت، واتە هەموو شتێکی لە کەسەکەی دیکە بچێت. مرۆڤەکان هەر یەکە و تاکێکی تایبەت و بێهاوتایە. 

بەڵام خودا، بە پێچەوانەی مرۆڤەوە بابەتی سێ ڕەهەندی جیهان نایگرێتەوە. خودا ڕۆحە. هەروەها بێ ئەندازە لە ئێمە ئاڵۆزترە. هەربۆیە عیسای کوڕ، دەکرێت لە خودا جیاواز بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت وەکو خودا بێت. 

کتێبی پیرۆز بەڕوونی باسی خودای باوک و خودای کوڕ و خودای ڕۆحی پیرۆزی کردووە. هەروەها بەڕوونی پێشی گوتووین کە تەنیا یەک خودا هەیە. ئەگەر ئەمە بەشێوەی بیرکاری و ماتماتیک بنووسین بەم شێوەیە نییە (1+1+1) بەڵکو بەم شێوەیەیە (1×1×1) کە دەکاتە یەک. تەنیا یەک خودا بوونی هەیە نەک سێ.
 
(ئیشایا ٧: ٤) دەڵێت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگار خۆی نیشانه‌یه‌كتان ده‌داتێ، ئه‌وه‌تا پاكیزه‌یه‌ك سكی ده‌بێت و كوڕێكی ده‌بێت، ناوی لێ ده‌نێت ئیمانوێل." ئیمانوێل واتە "خودا لەگەڵمانە."
مەسیح فەرمووی کە قسەکردن لەگەڵ ئەو واتە قسەکردن لەگەڵ خودا. بینینی ئەو واتە بینینی خودا. باوەڕهێنان بە ئەو واتە باوەڕهێنان بە خودا. 

شتێکی دیکە هەیە کە گرنگە لەسەر خودا بیزانی، ئەویش ئەوەیە کە خودا خۆشیدەوێیت و تۆی بەلاوە گرنگە.  

مەسیح دەفەرموێت: "هه‌روه‌ك چۆن باوك منی خۆشویستووه‌، ئاوا ئێوه‌م خۆشویستووه‌، جا به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ كار به‌ ڕاسپارده‌كانم ده‌كه‌ن، به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بن، هه‌روه‌ك من كارم به‌ ڕاسپارده‌كانی باوكم كردووه‌ و به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بم. ئه‌م شتانه‌م پێ گوتن تاكو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و ته‌واو بێت" (یۆحەنا ١٥: ٩- ١١). 

لە (مەتا ١١: ٢٨- ٣٠)دا عیسای مەسیح بانگهێشتمان دەکات کاتێک دەفەرموێت: "وه‌رن بۆ لام ئه‌ی هه‌موو ماندووان و بارگرانه‌كان، من ده‌تانحه‌سێنمه‌وه‌. نیری من بخه‌نه‌ سه‌ر خۆتان و له‌ منه‌وه‌ فێربن، چونكه‌ دڵنه‌رم و بێفیزم، حه‌سانه‌وه‌ش بۆ ده‌روونتان ده‌دۆزنه‌وە. نیره‌كه‌م گونجاوه‌ و بارم سووكه‌."

ئێمە ئەو هەمووە هەوڵ و تەقەلایە دەدەین تەنیا بۆ ئەوەی بەپێی پێویست خودا لە خۆمان ڕازی بکەین، بەڵام مەسیح ئازادی و ڕزگارییەکی نوێ لەبەردەممان دادەنێت. کاتیك تەجروبەی خۆشەویستییەکەی دەکەین، هۆکارێکی دیکە بۆ هاندان دێتەر بەرباس کە وامان لێدەکات هەوڵی دڵخۆشکردنی خودا بدەین. ئەمەش لە ئەنجامی ترسانمان لە خوداوە نییە بەڵکو لە خۆشی ناسینەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. 

پۆڵسی نێردراوی مەسیح، ئەمەی زۆر بەڕوونی تەجروبە کردووە کاتێك دەڵێت:
" دڵنیام نه‌ مردن و نه‌ ژیان، نه‌ فریشته‌كان و نه‌ سه‌رۆكه‌كان، نه‌ شته‌كانی ئێستا و نه‌ شته‌كانی داهاتوو، نه‌ هێزه‌كان، نه‌ به‌رزی و نه‌ قووڵی، نه‌ به‌دیهێنراوی دیكه‌، ناتوانێت له‌ خۆشه‌ویستی خودا جیامان بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مانه‌وه‌ بۆمان دێت" (ڕۆما ٨: ٣٨- ٣٩). 

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com

No comments:

Post a Comment