Saturday, June 24, 2017

یەکەمین گوناه چییە؟

یەکەمین گوناە چییە؟

دەستەواژەی "یەکەمین گوناه" پەیوەندی هەیە بە سەرپێچی کردنی ئادەم کاتێک لە داری زانینی چاکە و خراپەی خوارد، هەروەها ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی هەیبوو. گوناهی یەکەم دەکرێت بەم شێوەیە پێناسە بکرێت: "ئەو گوناه و تاوانەیە کە ئێمە هەموومان لە چاوی خوداوە هەمانە بە هۆی ئەنجامی ڕاستەوخۆی گوناهی ئادەم لە باخچەی عەدەن." بیروباوەڕی یەکەمین گوناه بەتایبەتی تیشکدەخاتە سەر کاریگەرییەکانی لەسەر سروشتی ئێمە و پەیوەندیمان لەگەڵ یەزدان تەنانەت پێش ئەوەی کە ئەوەندە گەورە بوبێتین کە گوناهێکی هوشیارانە ئەنجام بدەین. لەمەڕ کاریگەری یەکەمین گوناه، سێ بۆچوون هەن:

پڵەیجیەنیزم (پڵەیجەس 360 – 420 ز.): ئەم بۆچوونە دەڵێت کە گوناهەکەی ئادەم کاریگەری لەسەر گیانی نەوەکانی نییە جگە لە نموونە گوناهبارییەکەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوانەی کە شوێنی دەکەون و وا دەکەن کە ئەوانیش گوناه بکەن. بەپێی بۆچوونی ناوبراو، مرۆڤ دەتوانێت گوناه نەکات ئەگەر بیەوێت. بەڵام ئەمە پێچەوانەی ئەو دەقانەی کتێبی پیرۆزە کە ڕوونیان کردوەتەوە مرۆڤ لەلایەن گوناهەکانیانەوە بە کۆیلە کراون (بێگومان ئەگەر خودا هاوکارییان نەکات)، هەروەها کارە باشەکانی بە "مردوو" یان بێ بەها هەژمارد دەکرێن ئەگەر میهرەبانی و دڵسۆزی خودا نەبێت (ئەفەسۆس ٢: ١- ٢؛ مەتا ١٥: ١٨- ١٩؛ ڕۆما ٧: ٢٣؛ عیبرانییەکان ١: ٦، ٩: ١٤).

ئارمینیەنیزم (یاکۆبوس ئارمینیەس 1560 – 1609 ز.): ئەم بۆچوونە باوەڕی وایە کە گوناهەکەی ئادەم کاریگەری لەسەر هەموو ڕەگەزی مرۆڤایەتی هەیە بە جۆرێک کە هەموو کەسێک ئارەزووی ئەنجامدانی گوناهی بە میرات بۆ ماوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بە هەبوونی "سروشتی گوناه". هەروەک چۆن پشیلە بە شێوەیەکی سروشتی دەمیاوێنێت، ئێمەش بەهۆی ئەم سروشتە گوناهبارییەوە بە شێوەیەکی سروشتی گوناه دەکەین. ئەم بۆچوونە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە مرۆڤ بە تەنها خۆی ناتوانێت دەستبەرداری گوناه بێت، بۆیە یەزدانی پەروەردگار نیعمەتی بە هەموومان داوە بۆ ئەوەی گوناه نەکەین. لە ئارمینیەنیزم بەم نیعمەتە دەگوترێت "نیعمەتی ئەزەلی". بەپێی ئەم بۆچوونە ئێمە بەرپرسیار نین لەسەر گوناهی ئادەم بەڵکو تەنها بەرپرسیاریەتی گوناهی خۆمانمان لە ئەستۆدایە. بەڵام ئەمە پێچەوانەی فێرکردنی کتێبی پیرۆزە کە دەڵێت هەموو کەسێک سزای گوناهی دەکەوێتە ئەستۆ، هەرچەندە گوناهی هاوشێوەی ئادەمت ئەنجام نەدابێت (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٢٢؛ ڕۆما ٥: ١٢- ١٨). هەروەها فێرکردنی نیعمەتی ئەزەلی لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێ نەکراوە.  

کاڵڤینیزم (جان کاڵڤن 1509- 1564 ز.): ئەم بۆچوونە دەڵێت کە گوناهی ئادەم نەک تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی کە ببینە خاوەنی سروشتی گوناه بەڵكو بووە هۆی ئەوەی کە لە بەردەم یەزداندا گوناهبار بین، هەر بۆیە شایانی سزاین. لەبەرئەوەی  بە گوناهباری لەدایک دەبین (زەبوورەکان ٥١: ٥)، سروشتی گوناه بە میرات وەردەگرین، بەڵام ئەم سروشتە ئەوەندە خراپە کە (یەرمیا ١٧: ٩) دڵی مرۆڤ بەم شێوەیە وەسف دەکات: "دڵ له‌ هه‌موو شتێك فریوده‌رتره‌ و ده‌رمانی نییه‌". نەک تەنها ئادەم بە هۆی گوناهەکەیەوە بە تاوانبار لەقەڵەم درا بەڵکو تاوانەکەی و سزاکەی (مردن) ئێمەش دەگرێتەوە (ڕۆما ٥: ١٢، ١٩). لە دوو ڕوانگەوە، خودا دەبێت گوناهی ئادەم لەسەر ئێمەش حساب بکات. یەکەم؛ لەبەرئەوەی ڕەگەزی مرۆڤ لەشێوەی تۆودا لەنێو ئادەمدا بووە، کەواتە کاتێک ئەو گوناهی کردووە، ئێمەش کە لە ئەوداین گوناهمان کردووە. ئەمە هاوشێوەی ئەو فێرکردنەیە کە لە کتێبی پیرۆزدا بەرچاومان دەکەوێت کاتێك لێڤییەکان (نەوەکانی ئیبراهیم) بەهۆی ئیبراهیم پارەی دەیەکیان بە مەلکیسادق بەخشی، هەرچەندە لێڤییەکانی سەدان ساڵ دوای ئیبراهیم هاتوون (پەیدابوون ١٤: ٢٠؛ عیبرانییەکان ٧: ٤- ٩). دووەم؛ ئەم ڕوانگەیە دەڵێت کە ئادەم وەکو نوێنەری ئێمە بووە، ئەگەر ئەو گوناهی کردبێت کەواتە ئێمەش تاوانبارین.

بۆچوونی کاڵڤینیزم باوەڕی وایە کە مرۆڤەکان بەبێ هێز و دەسەڵاتی ڕۆحی پیرۆز ناتوانێت خۆی لە گوناه دوور بخاتەوە. دەسەڵاتی ڕۆحی پیرۆزیش تەنها ئەو کاتە بەدەستدێت کە پشت بە عیسای مەسیح و مردنی قوربانیئاسای ئەو لەپێناو گوناهدا لەسەر خاچ ببەستیت. ئەم بۆچوونە لە بۆچوونەکانی دیکە زیاتر لەگەڵ کتێبی پیرۆزدا دەگونجێت. بەڵام، چۆن دەبێت خودا بەرپرسیارییەتی گوناهێکمان لەسەر حساب بکات لە کاتێکدا ئێمە ئەنجاممان نەداوە؟ وەڵامێکی قابیلە قبوڵ بۆ ئەمە دەکرێت ئەوە بێت کە ئەگەر هاتوو سروشتی گوناهباریمان قبوڵ بکەین و بەپێی ئەو سروشتە ژیاین، ئەو کات بەرپرسیار و وەڵامدەرەوە دەبین لەسەر گوناهی یەکەمی ئادەم. لە ژیانماندا دەگەینە خاڵێک کە ئاگامان لە گوناهباری خۆمان دەبێت، لەو خاڵەدا دەبێت سروشتی گوناهباریمان ڕەتبکەینەوە و لەو بارەوە تۆبە بکەین. ئەگەر نا، ئێمە هەموومان بە شێوەیەکی کردەیی بە گوتنی ئەوەی کە سروشتی گوناهباری شتێكی باشە، قبوڵ و پەسەندی دەکەین. ئینجا دوای قبوڵکردنی سروشتی گوناهباریمان دەریدەخەین کە هاوڕاین لەگەڵ ئەو گوناهەی کە ئادەم و حەوا لە باخچەی عەدەن ئەنجامیان دا. هەر بۆیە، بەبێ ئەوەی گوناهەکەمان ئەنجام دابێت، تاوانی ئەو گوناهەمان دەکەوێتە ئەستۆ.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org








No comments:

Post a Comment