ئایا لە ڕوانگەی کتێبی
پیرۆزەوە، دەبێت ژن ملکەچی مێردەکەی بێت؟
ملکەچبوون بابەتێكی گرنگی پەیوەست بە
هاسەرگیرییە. کتێبی پیرۆز پەیامێكی ڕوونی لەم بارەیەوە هەیە:
"ئەی ژنان، ملكەچی مێردەكانتان بن هەروەك چۆن ملكەچی مەسیحن، وەك چۆن مەسیح سەری كڵێسایە
كە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگاركەریەتی، ئاوا پیاو سەری ژن، بەڵكو چۆن كڵێسا ملكەچی
مەسیحە، ژنانیش لە هەموو شتێك بۆ مێردەكانیان." (ئەفەسۆس ٥: ٢٢-٢٤)
تەنانەت پێش ئەوەی کە گوناه بێتە نێو
جیهانەوە، بنەمای سەرۆکبوونی پیاو بوونی هەبوو (یەکەم تیمۆساوس ٢: ١٣). ئادەم یەکەم
جار دروستکرا، هەروەها حەوا بۆ ئەوە دروستکرا کە ببێتە "یارمەتیدەری"
ئادەم (پەیدابوون ٢: ١٨-٢٠). خودا چەندین جۆری فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنیی لە
جیهاندا داناوە. حکومەتی داناوە بۆ ئەوەی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا پەیڕەو بکات و
پارێزگاری لە گەل و خەڵك بکات. قەشەی داناوە بۆ ئەوەی ئەرکی ڕێنمایی و لەوەڕاندنی
مەڕەکانی خودا (باوەڕداران) جێبەجێ بکات. مێرد (هاوسەر) بۆ ئەوەی ژنەکانیان خۆش
بوێت و بژێوییان دابین بکەن. باوک بۆ ئەوەی ئامۆژگاری منداڵەکانیان بکەن. لە هەریەک
لەوانەی سەرەوەدا ملکەچبوون پێویستە: واتە پێویستە هاوڵاتیان ملکەچی حکومەت، ڕانەمەڕ
ملکەچی شوان، ژن ملکەچی پیاو و منداڵ ملکەچی باوک بێت.
ئەو وشە ئەسڵییەی کە لە زمانی یۆنانیدا
لە بەرامبەر "ملکەچبوون"ی کوردیدا بەکارهارتووە بریتییە لە
"هوپۆتاسۆ" کە شێوازی بەردەوامی فرمانی ملکەچبوونە. واتە، ملکەچبوون بۆ
خودا و حکومەت و قەشە و باوک و هاوسەر تەنها یەک جار نییە. کردارێكی بەردەوامە و بەپێی
تێپەڕبوونی کات دەبێتە بەشێک لە ئاکار و هەڵسوکەوت.
بێگومان پێش هەموو شتێک، پێویستە لەسەرمان
کە ملکەچی خودا بین کە تاکە ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی بتوانین گوێڕایەڵی بین (یاقوب ١:
٢١؛ ٤: ٧). هەروەها هەموو شوێنکەوتوویەکی مەسیح پێویستە بێفیز و خاکیی بێت و بەردەوام
ملکەچی کەسانی دیکە بێت (ئەفەسۆس ٥: ٢١). لەبارەی ملەکچی نێوان ئەندامانی خێزان،
(یەکەم کۆرنسۆس ١١: ٢-٣) دەڵێت کە مێرد پێویستە ملکەچی مەسیح بێت (وەکو چۆن مەسیح
ملکەچی یەزدان بوو)، هەروەها ژن پێویستە ملکەچی مێردەکەی بێت.
لەم ڕۆژگارەدا هەڵە تێگەیشتنێکی زۆر هەیە
لەبارەی ڕۆڵ و ئەرکی ژن و مێرد لە چوارچێوەی ژیانی هاوبەشدا. لە کاتێکدا کتێبی پیرۆز
بە ڕوونی باسی ئەرک و ڕۆڵی ژن و مێردی کردووە، بەڵام زۆر کەس بە ئەنقەست پشتگوێی دەخەن
بە بیانووی پێدانی ئازادی بە ژن، کە لە کۆتاییدا بە تێکچوون و پەرتەوازەبوونی ئەندامانی
خێزان کۆتایی دێت. مایەی سەرسوڕمان نییە کە جیهان شێواز و پلانی خودا ڕەتدەکەنەوە،
بەڵام شوێنکەوتووانی مەسیح دەبێت بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە شێوازی بەڕێوەبردنی خودایی پەیڕەو
بکەن.
ملکەچبوون وشەیەکی خراپ نییە. ملکەچبوون
ڕەنگدانەوەی کەمبوون یان بەهای کەمتر نییە. ئەوەتا مەسیح بەردەوام ملکەچی ویست و
خواستی یەزدان بووە (لۆقا ٢٢: ٤٢؛ یۆحەنا ٥: ٣٠)، بەبێ ئەوەی زەڕەیەک لە بەهاکەی کەم
ببێتەوە.
بۆ وەڵامدانەوەی بە هەڵە تێگەیشتنی
جیهان لەبارەی ملکەچبوونی ژنان بۆ پیاوان، پێویستە لە (ئەفەسۆس ٥: ٢٢-٢٤)دا تیشک
بخەینە سەر ئەم لایەنانای خوارەوە:
1.
ژن
پێویستە ملکەچی مێردەکەی بێت، نەوەک هەموو پیاوێک. واتە ملکەچبوونی ژن لە هەمبەر تەواوی
کۆمەڵگەدا نییە، بەڵكو تەنها هاوسەرەکەی خۆی دەگرێتەوە.
2.
ژن
پێویستە بە ویست و ئیرادەی خۆی لە چوارچێوەی گوێڕایەڵبوونی بۆ عیسای مەسیح، ملکەچی
مێردەکەی بێت. ژن ملکەچی مێردەکەی دەبێت چونکە عیسای خۆشدەوێت.
3.
نموونەی
ملکەچبوونی ژن وەکو نموونەی ملکەچبوونی کڵێسایە بۆ عیسا.
4.
بە
هیچ جۆرێك باسی توانا و بەهرە و نرخ و بەهای ژن ناکات. واتە، ملکەچبوونی ژن بۆ
مێردەکەی بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە کەمتر یان نزمترە لە مێردەکەی.
سەرنجی ئەوە بدەن کە باسی هیچ مەرجێکی
دیاریکراوی فەرمانی نەکردووە، بەڵکو تەنها دەڵێت "لە هەموو شتێكدا." کەواتە
نابێت مێردەکە پێش ملکەچبوونی ژنەکە توانا و بەهرەی ژنەکە بخاتە ژێر تاقیکردنەوەوە.
لەوانەیە ژنەکە لە زۆر لایەنەوە لە مێردەکەی باشتر بێت بەڵام لە ڕێگەی ملکەچبوونی
بۆ فەرمانڕەوایی مێردەکەی، گوێڕایەڵی فەرمانی یەزدان دەبێت. لەو ڕێگەیەوە، ژنی باوەڕدار
دەکرێت دڵی مێردە بێباوەڕەکەی بەرەو مەسیح ببات. واتە لە ڕێگەی هەڵسوکەوت و کردارە
پێرۆزەکانییەوە و بە بێدەنگ دڵی مێردەکەی بەرەو ڕووی مەسیح دەکاتەوە (یەکەم پەترۆس
٣: ١).
ملکەچبوون دەبێت کاردانەوەیەکی سروشتی
بێت بۆ ڕێبەرایەتییەکی پڕ لە میهرەبانی و خۆشەویستی. کاتێک پیاویك ژنەکەی خۆشدەوێت
وەکو چۆن مەسیح کڵێسای خۆشدەوێت (ئەفەسۆس ٥: ٢٥-٣٣)، ئەوا ملکەچبوون کاردانەوەیەکی
سروشتییە لە ژنەوە بۆ مێرد. بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی خۆشەویستی و ئەوانەی کە
باسکران، پێویستە ژن ملکەچی مێردەکەی بێت "هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحە" (ئەفەسۆس
٥: ٢٢). ئەمەی مانای ئەوەیە کە گوێڕایەڵبوونی بۆ خودا – قبووڵکردنی پلانەکانی خودا
– لە ملکەچبوونی بۆ هاوسەرەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە.
دەستەواژەی "هەروەک
چۆن" لە ئایەتی بیست و دوودا دەبێت ئەوەمان بەبیر بهێنێتەوە کە دەسەڵاتێكی گەورەتر
هەیە کە ژن بەرپرسیارە بەرامبەری. هەربۆیە، نابێت ژنان لە ژێر بیانووی "ملکەچبوونیان
بۆ مێرد" سەرپێچی فەرمانی مەدەنی و ڕێسا و یاسای خودایی بکەن. واتە، پێویستە
لە شتێکدا ملکەچی مێردەکەی بێت کە ڕاست و یاساییە و دەبێتە هۆی ڕێزگرتن و
شکۆدارکردنی خودا. بێگومان ئەوە ڕوونە کە نابێت ملکەچی توندوتیژی بێت، چونکە نە
ڕاستە و نە یاساییە و نە دەبێتە هۆی ڕێز و ستایشی خودا. بەکارهێنانی ملکەچبوون بۆ
پەرەپێدان و بەکارهێنانی توندوتیژی واتای پشتگوێخستنی فەرمایشتی خودا دێت، هەروەها
پشتگیریکردنە لە خراپەکاری.
ئەو داواکارییەکی کە لە (ئەفەسۆس ٥)دا
هاتووە، کە باسی ملەکچبوونی ژنان دەکات، بە هیچ ڕێگە نادات بە پیاوان کە خۆپەرست
بن و لە هەموو شتێکدا ویست و خواستیان بەسەر ژنەکانیاندا بسەپێنن. (ئایەتی ٢٥) فەرمان
بە مێرد دەکات کە ژنەکەی خۆشبوێت، هەروەها لەبەردەم یەزداندا بەرپرسیاری جێبەجێکردنی
ئەو فەرمانەیە. پێوستە مێرد دەسەڵاتەکەی بەشێوەیەکی ژیرانە و دەستکراوانە و لە ژێر
ترسی یەزداندا بەکاربهێنێت کە لە کۆتاییدا دەبێت وەڵامدەرەوە بێت.
کاتێک وەکو چۆن مەسیح کڵێسای خۆشویست،
بە هەمان شێوەش مێردیش ژنەکەی خۆشویست، ملکەچبوون کارێكی سەخت نابێت. (ئەفەسۆس ٥:
٢٤) دەڵێت: "بەڵكو چۆن كڵێسا ملكەچی مەسیحە، ژنانیش لە هەموو شتێك بۆ مێردەكانیان."
لە ژیانی هاوبەشدا، ملکەچبوون بە واتای ڕێز و شکۆ دێت بۆ مێرد (ئەفەسۆس ٥: ٣٣). ئەمە
پلانی ژیرانەی یەزدانە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی خێزان.
ڕاڤەکار (مەتا هێنری) دەڵێت: "ژن
لە لاتەنیشتی ئادەمەوە بەدیهێنراوە. لە سەری ئادەمەوە نەهات، بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی
بکات، یان لە پێیەوە نەهات تاکو پان ببێتەوە، بەڵکو لە لاتەنیشتییەوە هات بۆ ئەوەی
یەکسان بێت لەگەڵی. لەژێر باڵی ئادەمەوە هات بۆ ئەوەی ئادەم بیپارێزێت و لە نزیک
دڵیەوە بەدیهات بۆ ئەوەی ئادەم خۆشیبوێت."
ئەو دەقەی کە لە دوای فەرمانی ژن و
مێردەکان لە (ئەفەسۆس ٥: ١٩-٣٣)ەوە هاتووە، باسی پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز دەکات. ئەو
باوەڕدارانەی کە پڕن لە ڕۆحی پیرۆز پێویستە ستایشی خودا بکەن و بیپەرستن (٥: ١٩)،
سوپاسگوزار بن (٥: ٢٠) و ملکەچ بن (٥: ٢١). پاشان پۆڵس کە نووسەری نامەی ئەفەسۆسە،
بەردەوام دەبێت و لە ئایەتی (٢٢ - ٢٤)دا بابەتی پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز بەسەر ژنەکاندا
جێبەجێ دەکات.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە ژن ملکەچی
مێردەکەی دەبێت، نەک لەبەرئەوەی کە ژن لە پیاو کەمترە (کتێبی پیرۆز هەرگیز باسی
شتی وای نەکردووە)، بەڵکو لەبەرئەوەی کە خودا دەیەوێت ژیانی هاوبەشی ژن و مێردایەتی
بەو شێوەیە بێت.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org
Wynn Casino, Las Vegas, NV - Mapyro
ReplyDeleteThe Wynn 경상북도 출장샵 Las Vegas is a high-end resort located 제주도 출장마사지 on the Las Vegas Strip that is 속초 출장마사지 a large glass slot with 대구광역 출장안마 a view of Las Vegas (Las Vegas) in front 안양 출장안마 of a