وشەی جێگرەوە و نوێنەر لە بنەڕەتدا لە وشەی "ڤیکاریۆس"ی
لاتینییەوە هاتووە کە ڕێک بە واتای "لە جێگەی" دێت. لەلای
کڵێسای کاتۆلیکدا جێگرەوە نوێنەری بەرپرسێکی پلە پەرزە بە هەمان دەسەڵات و پلەی
بەرپرسەکەوە. کاتێک کەسێك دەڵێت کە پاپای ڤاتیکان "جێگرەوەی مەسیح"ە،
واتای ئەوەیە کە پاپاش وەکو مەسیح هەمان هێز و دەسەڵاتی بەسەر کڵێسادا هەیە. دەستەواژەی
"جێگرەوە، نوێنەر" لە فەرمایشتێکی عیساوە هاتووە کە لە (یۆحەنا ٢١: ١٦- ١٧)دا بە پەترۆسی قوتابیی فەرموو: "بەرخەکانم
بلەوەڕێنە ... چاودێری مەڕەکانم بکە."
بەپێی تێگەیشتن و لێکدانەوەی کڵێسای کاتۆلیک، پەترۆس شازادەی
نێردراوانی مەسیحە، واتە یەکەم پاپایە و ئەو فەرمایشتەی مەسیحی بەجێهێناوە کە لە
(مەتا ١٦: ١٨- ١٩)دا هاتووە (مەسیح،
پەترۆس بەو بەردە ناوزەد دەکات کە کڵێساکەی خۆی لەسەر بنیات دەنێت).
بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە
ئایا لە ڕوانگەی کتێبی پیرۆزەوە دروستە کە بە مرۆڤێک بگوترێت "نوێنەری
مەسیح"، ئەوا بەوردی دەڕوانینە کتێبی پیرۆز تاکو بزانین چۆن باسی دەور و ڕۆڵی
عیسا لە ژیانماندا دەکات کاتێک کە لەسەر زەوی بوو، هەروەها بەردەوام چیمان بۆ
دەکات. نامەی عیبرانییەکان بەراوردی نێوان عیسا و مەلکیسادقی سەرۆک کاهین دەکات
(پەیدابوون ١٤) و بەراوردی دەکات بە کاهینیێتی لێڤییەکانی پەیمانی کۆنەوە. ئەو
پرسیارەی کە لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەمە: "ئەگەر تەواوبوون و
کامڵبوون لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاسا و شەریعەتەوە بەدەستدێت، بۆچی دەبێت کاهینێکی
دیکە دابنرێت (عیبرانییەکان ٧: ١١)؟
لە (عیبرانییەکان ٧: ١٤- ١٩)دا هاتووە: "ئاشكرایە كە مەسیحی
خاوەن شكۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی كاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی
نەكردووه. زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە
شێوەی مەلكیسادق كاهینێكی دیكە دەربكەوێت، كە ئەو بەپێی تەورات بە كاهین دانەنراوە
كە لە ڕێگەی ڕەچەڵەكەوەیە، بەڵكو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی كە لەناوناچێت، چونكە
شایەتی دەدات: هەتاهەتایە تۆ كاهینیت،
لە پلەی مەلكیسادق. ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو
لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو، چونكە تەورات هیچ شتێكی تەواو نەكرد،
بەڵكو هیوایەكی چاكتر هاتە كایەوە كە بەهۆیەوە لە خودا نزیك دەبینەوە."
ئەم دەقە دەریدەخات کە
عیسای مەسیح لە کاهینەکان مەزنترە، هەروەها لە سەرۆک کاهینەکانیش پلەی بەرزتر و
گەورەترە. ئەمە دەقێکی گرنگ و سەرەکییە بۆ دەرخستنی ئەم ڕاستییە: "كاهینەكان زۆربوون،
چونكە مەرگ بووە كۆسپ لەوەی بەردەوام بن. بەڵام چونكە عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە،
كاهینیێتییەكی نەگۆڕی هەیە. لەمەوەش دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بكات كە لە
ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاكو داكۆكییان لێ بكات." (عیبرانییەکان ٧: ٢٣- ٢٥)
ئەمە واتای ئەوەیە کە
عیسا بۆ هەتاهەتایە سەرۆک کاهینە. لەبەرئەوەی عیسا "پیرۆز و بێ گلەیی و
بێگەردە، لە گوناهباران جیا كرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر كرا" (عیبرانییەکان
٧: ٢٦)، ئەو جیاوازە لە هەموو کاهینەکانی دیکە چونکە "پێویستی بەوە نییە
وەك سەرۆك كاهینانی دیكە ڕۆژانە قوربانی بكات، یەكەم بۆ گوناهەكانی خۆی و دوایی بۆ
گوناهەكانی گەلەكەی، چونكە یەك جار خۆی كرد بە قوربانی بۆ هەمووان"
(عیبرانییەکان ٧: ٢٧). "تەورات كەسانێك لە پێگەی سەرۆك كاهین
دادەنێت كە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند كە دوای تەوراتە، كوڕەكە دادەنێت كە هەتاهەتایە
تەواوكراوە" (عیبرانییەکان ٧: ٢٨). بەڵام لەڕاستیدا ئەو
خزمەتەی كە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی كە خۆی
پەیوەندی ڕێكخەرە بۆ پەیمانێكی باشتر، چونكە پەیمانە نوێیەكەی لەسەر بەڵێنی باشتر
بنیاد نراوە" (عیبرانییەکان ٨: ٦).
کتێبی پیرۆز لەبارەی
عیساوە دەڵێت کە "بێجگە لەو ڕزگاربوون نییە، چونكە ناوێكی
دیكە لەژێر ئاسماندا نییە لەناو خەڵكدا درابێت، بەوەوە پێویست بكات ڕزگار
بین" (کرداری نێردراوان ٤: ١٥). "تەنها یەک
ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە" (یەکەم
تیمۆساوس ٢: ٥). بینیمان کە لەنێو کتێبی پیرۆزدا شتێک بە ناوی
"جێگرەوەی مەسیح" لەسەر زەوی بوونی نییە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوە بکات
کە مەسیح کردی، یان ئەوەی کە ئێستا مەسیح لەجێگەی ڕەگەزی مرۆڤایەتی دەیکات.
بەڵام ناونیشانی نوێنەر
واتایەکی دیکەش لەخۆ دەگرێت: "خاوەن هەمان هێز و دەسەڵاتی یاسایی ئەو
بەرپرسەیە کە نوێنەرایەتی دەکات." لە (مەتا ١٦: ١٨)دا عیسای مەسیح ئەو
کەسەیە کە دەڵێت کڵێساکەی بنیات دەنێت؛ هەرگیز ئەم هێز و دەسەڵاتە بە کەسێكی دیکە
ناسپێرێت. ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکەین کە پاپای ڤاتیکان نوێنەری مەسیحە، ئەوا لە
ڕاستیدا بەڵێنی ئەنجامدانی شتێک دەدەین کە مەسیح بەڵێنی داوە.
بێگومان عیسا لەسەر زەوی
پیشبینی "نوێنەر"ێکی کردووە لە دوای ڕۆیشتنی خۆی جێگەی بگرێتەوە. بەڵام
ئەم "جێگرەی مەسیح" کاهین، سەرۆک کاهین، قەشەی
باڵا (ئوسقۆف) یان پاپا نییە. لە ڕوانگەی کتێبی پیرۆزەوە تاکە نوێنەری مەسیح
بریتییە لە ڕۆحی پیرۆز. (یۆحەنا ١٤: ٢٦)
دەڵێت: "بەڵام یارمەتیدەرەكە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوك بە
ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێكتان فێردەكات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون
بیرتان دەخاتەوە." هەروەها
لە (یۆحەنا ١٤: ١٦- ١٨)دا
هاتووە: "منیش داوا لە باوك دەكەم
یارمەتیدەرێكیc دیكەتان بداتێ كە هەتاهەتایە
لەگەڵتان بمێنێتەوە، ڕۆحی ڕاستی، كە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونكە نایبینێت و
نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونكە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت.
بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان." ڕۆحی
پیرۆز جێگرەوە و نوینەری عیسای مەسیحە لەسەر زەوی. ڕۆحی پیرۆز ڕاوێژکار و مامۆستای
ئێمەیە (یۆحەنا ١٤: ٢٦)،
هەروەها بۆ ڕاستیی تەواو ڕێنماییمان دەکات (یۆحەنا ١٦: ١٣).
کاتێک
کە کڵێسای کاتۆلیک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پاپای ڤاتیکان "نوێنەر و جێگرەوەی
مەسیحە"، ئەوا لە ڕاستیدا دەسەڵات و کامڵیی کاهینیێتی مەسیح ڕەتدەکەنەوە،
هەروەها ئەرک و ڕۆڵێک بە پاپا دەدەن کە خودی مەسیح فەرموویەتی کە هی ڕۆحی پیرۆزە.
کەواتە لە کۆتاییدا بۆمان دەردەکەوێت کە کفر و سووکایەتییە بە مەسیح ئەگەر بێتو بە پاپای
ڤاتیکان بگوترێت "نوێنەری مەسیح."
تەرجەمەی لە
ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org
No comments:
Post a Comment