لەگەڵ
هەبوونی ئەم هەمووە دین و ئایینە، چۆن بزانم کامیان ڕاستە؟
گومان لەوەدا نییە لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە ئایینە لە جیهاندا،
زەحمەتە کە بەئاسانی بزانی کامیان خاوەنی پەیامی ڕاستەقینە و دروستە. با
بەشێوەیەکی گشتی باسی بابەتەکە بکەین، پاشان بەوردی دەچینە سەر ئەوەی کە چۆن کەسێک
ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت دەرەنجامێكی دروست لەسەر یەزدان وەربگرێت.
کێشەی هەبوونی کۆمەڵێک وەڵامی جیاواز بۆ بابەتێکی
دیاریکراو تایبەت نییە بە بابەتیی ئایینی. بۆ نموونە، دەتوانی سەد قوتابیی بیرکاری
بهێنیت، هاوکێشەیەکی ئاڵۆزیان پێبدەیت بۆ ئەوەی شیکاری بکەن، دەکرێت زۆربەیان
وەڵامیی هەڵە بدەنەوە. بەڵام ئایا ئەوە بەو مانایە دێت کە وەڵامی دروست بوونی
نییە؟ نەخێر، وا نییە. ئەوانەی کە بە هەڵە وەڵامیان داوەتەوە، دەبێت هەڵەکانیان
نیشان بدرێت و فێری تەکنیکە پێویستەکان بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن بە وەڵامە دروستەکە بگەن.
چۆن دەگەین بە حەقیقەت و ڕاستیی خودا؟ ئێمە لێڕەدا شێوازێکی
سیستماتیک بەکاردەهێنین بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی لە هەڵە لەڕێگەی بەکارهێنانی
تاقیکردنەوەی جیاواز بۆ ڕاستییەکە، کە لە ئاکامدا کۆمەڵە ئەنجامێکی ڕاستمان دەست
دەکەوێت. ئایا دەتوانی بیهێنیتە پێش چاوی خۆت کە ئەو دەرەنجامە کۆتاییەی زانایەک
بەدەستیهێناوە لەم ڕێگەیەوە بووە: زاناکە ڕۆیشتووەتە نێو تاقیگەکەیەوە و مادەکانی
تێکەڵکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوە و یاسا و ڕێسایەکی لەپشت بێت؟ یان ئەگەر
پزیشکێک یەکسەر دەست بکات بە چارەسەرکردنی نەخۆشێک بە پێدانی کۆمەڵە دەرمانێکی
نەناسراو، بە هیوای ئەوەی کە نەخۆشەکە چاک ببێتەوە؟ نە زاناکە و نە پزیشکەکە ئەو
ڕێگەیەیان نەگرتووەتە بەر، بەڵکو شێوازگەلی سیستماتیکیان بەکارهێنا کە مێتۆدیکاڵ و
بەڵگەیی و سەلمێنەری ئەوەن کە لە کۆتاییدا دەرەنجامی دروستیان دەداتێ.
ئەگەر وایە، کەواتە بۆچی دەبێت لاهوت – زانستی لێکۆڵینەوە
لە خودا – جیاواز بێت؟ بۆچی باوەڕ و ئایین دەکرێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕێک
لێی نزیک ببیتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دەرەنجامگەلی دروست بداتە دەستەوە؟ بەداخەوە زۆر
کەس ئەم شێوازە دەگرنە بەر، هەر لەبەر ئەمەشە کە دین و ئایینێکی زۆر لە جیهاندا
بوونی هەیە.
ئێستا کە باسی ئەوەمان کرد، دەتوانین بگەڕێینەوە سەر
پرسیارە سەرەکییەکەمان: چۆن دەتوانین بگەین بە دەرەنجامی ڕاستەقینە و بڕواپێکراو
لەبارەی خوداوە؟ دەبێت چ شێوازگەلێكی سیستماتیک بگرینە بەر؟ یەکەم جار دەبێت
چوارچێوەیەک بنیات بنێین بۆ ئەوەی بانگەشە و ئیدعا جیاوازە ڕاستەکان تاقی
بکەینەوە، پاشان پێویستمان بە نەخشەڕێگایەکە کە شوێنی بکەوین تاکو بگەینە
دەرەنجامی دروست. دەتوانین ئەم چوارچێوە باشە بەکاربهێنین:
1. هاواهەنگی و سازگاریی لۆژیکی:
ئیدعا و بانگەشەکانی سیستمێکی ئایینی دەبێت لە ڕووی لۆژیک و مەنتقییەوە سازگار و
هاواهەنگی یەکتر بن و لە هیچ شتێکدا پارادۆکس و ناکۆکی و دژیی تێدا نەبێت. بۆ
نموونە، ئامانجی کۆتایی بودیزم ئەوەیە کە دوورتبخاتەوە و داتببڕێنێت لە هەموو جۆرە
مەیل و حەز و ئارەزووێک. بەڵام کەسێک دەبێت خاوەنی حەز و ئارەزوو بێت بۆ ئەوەی
بتوانێت لە حەز و ئارەزووەکانی داببڕێت. کەواتە، ئەمە بنەمایەکی نالۆژیکی و
دژیەکە.
2. قبوڵکراو و پەسەندکراوی ئەزموونی: ئایا
هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدان کە پشتگیری ئەو دین و ئایینە بکات کە تۆ باوەڕت پێیەتی
(بەڵگەی عەقڵانی یان بەڵگەی دەرەوەی ئەو ئایینە، هتد)؟ بەشێوەیەکی سروشتی تاکە
کارێكی دروست ئەوەیە کە تەنها بۆ ئیدعا و بانگەشە گرنگ و گەورەکان داوای بەڵگە
بکەین بۆ ئەوەی بانگەشە ئایینەکە پشتڕاست بکرێتەوە و پەسەند بکرێت. بۆ نموونە،
شوێنکەوتووانی مۆرمەن دەڵێن کە کاتی خۆی عیسای مەسیح سەردانی ئەمریکای کردووە، لە
کاتێکدا هیچ جۆرە ئاسەوار یان هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دیکە بوونی نییە کە ڕاستی بانگەشەکەیان
بسەلمێنێت.
3. پەیوەندیی بوونی و وجودیی: سیستەمە
ئایینییەکە پێویستە تیشک بخاتە سەر ئەو پرسیارە گرنگانەی ژیان کە لە خوارەوە
ئاماژەمان پێکردووە، هەروەها فێرکردن و فەرمانەکانی ئەو ئایینە پێویستە بەوردی لەو
جیهانەدا ڕەنگ بداتەوە کە ئێمە تێیدا دەژین. بۆ نموونەی باوەڕی مەسیحییەت وەڵامی
زۆرێک لە پرسیارە گرنگەکانی ژیان دەداتەوە، بەڵام هەندێک جار دەکەوێتە ژیر
پرسیارەوە کە چۆن دەبێت خودایەکی هەرە دەسەڵاتدار لە جیهانێکدا بوونی هەبێت کە پڕە
لە خراپەکاری؟ ڕەخنەگرەکان پێیان وایە کە ئەو جۆرە بانگەشەیە دەبێتە هۆی
پێشێلکردنی بنەمای پەیوەندی بوونی و وجودیی، هەرچەندە وەڵامی زۆر باش لە هەمبەر
ئەم ڕەخنەیەدا دراوەتەوە، بەڵام هێشتا بابەتە لە ژێر باس و لێکۆڵینەوەدایە.
ئەو چوارچێوەیەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، کاتێک بەسەر
بابەتی ئاییندا جێبەجێ دەکرێت، وا دەکات بگەیت بە بۆچوونی دروست لەسەر خودا،
هەروها وەڵامی ئەم چوار پرسیارە گەورەیەی ژیان دەداتەوە:
1) سەرچاوە و بنچینە – ئێمە لە کوێوە هاتووین؟
2) ڕەفتار و ئاکار (ئێتیک) – دەبێت چۆن بژین؟
3) مانا – بۆ دەژین؟ مەبەست لە ژیان چییە؟
4) چارەنووس – ئاراستەی مرۆڤ بەرەو کوێ دەڕوات؟
بەڵام چۆن بتوانین ئەم چوارچێوانە لە گەڕان بە دوای یەزداندا
جێبەجێ بکەین؟ شێوازی پرسیار و وەڵامی هەنگاو بە هەنگاو یەکێکە لە باشترین ئەو
تاکتیکانەی کە دەتوانین بەکاریبهێنێن. بە سنووردارکردنی پرسیارەکانی بەردەستبوو،
دەکرێت ئەم پرسیارانەی خوارەوەمان دەستبکەوێت:
1. ئایا ڕاستیی موتڵەق بوونی هەیە؟
2. ئایا مەنتق و دین لەگەڵ یەکتردا دەگونجێن؟
3. ئایا خودا بوونی هەیە؟
4. ئایا دەکرێت خودا بناسین؟
5. ئایا عیسا خودایە؟
6. ئایا خودا بیر لە ئێمە دەکاتەوە و گرنگیمان
دەداتێ؟
کۆتایی بەشی یەکەم
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org
No comments:
Post a Comment