Friday, November 2, 2018

لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە دین و ئایینە، چۆن بزانم کامیان ڕاستە؟ بەشی یەکەم


لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە دین و ئایینە، چۆن بزانم کامیان ڕاستە؟


گومان لەوەدا نییە لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە ئایینە لە جیهاندا، زەحمەتە کە بەئاسانی بزانی کامیان خاوەنی پەیامی ڕاستەقینە و دروستە. با بەشێوەیەکی گشتی باسی بابەتەکە بکەین، پاشان بەوردی دەچینە سەر ئەوەی کە چۆن کەسێک ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت دەرەنجامێكی دروست لەسەر یەزدان وەربگرێت.

کێشەی هەبوونی کۆمەڵێک وەڵامی جیاواز بۆ بابەتێکی دیاریکراو تایبەت نییە بە بابەتیی ئایینی. بۆ نموونە، دەتوانی سەد قوتابیی بیرکاری بهێنیت، هاوکێشەیەکی ئاڵۆزیان پێبدەیت بۆ ئەوەی شیکاری بکەن، دەکرێت زۆربەیان وەڵامیی هەڵە بدەنەوە. بەڵام ئایا ئەوە بەو مانایە دێت کە وەڵامی دروست بوونی نییە؟ نەخێر، وا نییە. ئەوانەی کە بە هەڵە وەڵامیان داوەتەوە، دەبێت هەڵەکانیان نیشان بدرێت و فێری تەکنیکە پێویستەکان بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن بە وەڵامە دروستەکە بگەن.

چۆن دەگەین بە حەقیقەت و ڕاستیی خودا؟ ئێمە لێڕەدا شێوازێکی سیستماتیک بەکاردەهێنین بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی لە هەڵە لەڕێگەی بەکارهێنانی تاقیکردنەوەی جیاواز بۆ ڕاستییەکە، کە لە ئاکامدا کۆمەڵە ئەنجامێکی ڕاستمان دەست دەکەوێت. ئایا دەتوانی بیهێنیتە پێش چاوی خۆت کە ئەو دەرەنجامە کۆتاییەی زانایەک بەدەستیهێناوە لەم ڕێگەیەوە بووە: زاناکە ڕۆیشتووەتە نێو تاقیگەکەیەوە و مادەکانی تێکەڵکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوە و یاسا و ڕێسایەکی لەپشت بێت؟ یان ئەگەر پزیشکێک یەکسەر دەست بکات بە چارەسەرکردنی نەخۆشێک بە پێدانی کۆمەڵە دەرمانێکی نەناسراو، بە هیوای ئەوەی کە نەخۆشەکە چاک ببێتەوە؟ نە زاناکە و نە پزیشکەکە ئەو ڕێگەیەیان نەگرتووەتە بەر، بەڵکو شێوازگەلی سیستماتیکیان بەکارهێنا کە مێتۆدیکاڵ و بەڵگەیی و سەلمێنەری ئەوەن کە لە کۆتاییدا دەرەنجامی دروستیان دەداتێ.

ئەگەر وایە، کەواتە بۆچی دەبێت لاهوت – زانستی لێکۆڵینەوە لە خودا – جیاواز بێت؟ بۆچی باوەڕ و ئایین دەکرێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕێک لێی نزیک ببیتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دەرەنجامگەلی دروست بداتە دەستەوە؟ بەداخەوە زۆر کەس ئەم شێوازە دەگرنە بەر، هەر لەبەر ئەمەشە کە دین و ئایینێکی زۆر لە جیهاندا بوونی هەیە.
ئێستا کە باسی ئەوەمان کرد، دەتوانین بگەڕێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکەمان: چۆن دەتوانین بگەین بە دەرەنجامی ڕاستەقینە و بڕواپێکراو لەبارەی خوداوە؟ دەبێت چ شێوازگەلێكی سیستماتیک بگرینە بەر؟ یەکەم جار دەبێت چوارچێوەیەک بنیات بنێین بۆ ئەوەی بانگەشە و ئیدعا جیاوازە ڕاستەکان تاقی بکەینەوە، پاشان پێویستمان بە نەخشەڕێگایەکە کە شوێنی بکەوین تاکو بگەینە دەرەنجامی دروست. دەتوانین ئەم چوارچێوە باشە بەکاربهێنین:

1.   هاواهەنگی و سازگاریی لۆژیکی: ئیدعا و بانگەشەکانی سیستمێکی ئایینی دەبێت لە ڕووی لۆژیک و مەنتقییەوە سازگار و هاواهەنگی یەکتر بن و لە هیچ شتێکدا پارادۆکس و ناکۆکی و دژیی تێدا نەبێت. بۆ نموونە، ئامانجی کۆتایی بودیزم ئەوەیە کە دوورتبخاتەوە و داتببڕێنێت لە هەموو جۆرە مەیل و حەز و ئارەزووێک. بەڵام کەسێک دەبێت خاوەنی حەز و ئارەزوو بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە حەز و ئارەزووەکانی داببڕێت. کەواتە، ئەمە بنەمایەکی نالۆژیکی و دژیەکە.
2.   قبوڵکراو و پەسەندکراوی ئەزموونی: ئایا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدان کە پشتگیری ئەو دین و ئایینە بکات کە تۆ باوەڕت پێیەتی (بەڵگەی عەقڵانی یان بەڵگەی دەرەوەی ئەو ئایینە، هتد)؟ بەشێوەیەکی سروشتی تاکە کارێكی دروست ئەوەیە کە تەنها بۆ ئیدعا و بانگەشە گرنگ و گەورەکان داوای بەڵگە بکەین بۆ ئەوەی بانگەشە ئایینەکە پشتڕاست بکرێتەوە و پەسەند بکرێت. بۆ نموونە، شوێنکەوتووانی مۆرمەن دەڵێن کە کاتی خۆی عیسای مەسیح سەردانی ئەمریکای کردووە، لە کاتێکدا هیچ جۆرە ئاسەوار یان هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دیکە بوونی نییە کە ڕاستی بانگەشەکەیان بسەلمێنێت.
3.   پەیوەندیی بوونی و وجودیی: سیستەمە ئایینییەکە پێویستە تیشک بخاتە سەر ئەو پرسیارە گرنگانەی ژیان کە لە خوارەوە ئاماژەمان پێکردووە، هەروەها فێرکردن و فەرمانەکانی ئەو ئایینە پێویستە بەوردی لەو جیهانەدا ڕەنگ بداتەوە کە ئێمە تێیدا دەژین. بۆ نموونەی باوەڕی مەسیحییەت وەڵامی زۆرێک لە پرسیارە گرنگەکانی ژیان دەداتەوە، بەڵام هەندێک جار دەکەوێتە ژیر پرسیارەوە کە چۆن دەبێت خودایەکی هەرە دەسەڵاتدار لە جیهانێکدا بوونی هەبێت کە پڕە لە خراپەکاری؟ ڕەخنەگرەکان پێیان وایە کە ئەو جۆرە بانگەشەیە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی بنەمای پەیوەندی بوونی و وجودیی، هەرچەندە وەڵامی زۆر باش لە هەمبەر ئەم ڕەخنەیەدا دراوەتەوە، بەڵام هێشتا بابەتە لە ژێر باس و لێکۆڵینەوەدایە.
ئەو چوارچێوەیەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، کاتێک بەسەر بابەتی ئاییندا جێبەجێ دەکرێت، وا دەکات بگەیت بە بۆچوونی دروست لەسەر خودا، هەروها وەڵامی ئەم چوار پرسیارە گەورەیەی ژیان دەداتەوە:
1)      سەرچاوە و بنچینە – ئێمە لە کوێوە هاتووین؟
2)      ڕەفتار و ئاکار (ئێتیک) – دەبێت چۆن بژین؟
3)      مانا – بۆ دەژین؟ مەبەست لە ژیان چییە؟
4)      چارەنووس – ئاراستەی مرۆڤ بەرەو کوێ دەڕوات؟
بەڵام چۆن بتوانین ئەم چوارچێوانە لە گەڕان بە دوای یەزداندا جێبەجێ بکەین؟ شێوازی پرسیار و وەڵامی هەنگاو بە هەنگاو یەکێکە لە باشترین ئەو تاکتیکانەی کە دەتوانین بەکاریبهێنێن. بە سنووردارکردنی پرسیارەکانی بەردەستبوو، دەکرێت ئەم پرسیارانەی خوارەوەمان دەستبکەوێت:
1.       ئایا ڕاستیی موتڵەق بوونی هەیە؟
2.       ئایا مەنتق و دین لەگەڵ یەکتردا دەگونجێن؟
3.       ئایا خودا بوونی هەیە؟
4.       ئایا دەکرێت خودا بناسین؟
5.       ئایا عیسا خودایە؟
6.       ئایا خودا بیر لە ئێمە دەکاتەوە و گرنگیمان دەداتێ؟


کۆتایی بەشی یەکەم
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org

Sunday, March 11, 2018

ئایا پاپای ڤاتیکان نوێنەر (جێگرەوە)ی عیسای مەسیحە لەسەر زەوی؟



وشەی جێگرەوە و نوێنەر لە بنەڕەتدا لە وشەی "ڤیکاریۆس"ی لاتینییەوە هاتووە کە ڕێک بە واتای "لە جێگەی" دێت. لەلای کڵێسای کاتۆلیکدا جێگرەوە نوێنەری بەرپرسێکی پلە پەرزە بە هەمان دەسەڵات و پلەی بەرپرسەکەوە. کاتێک کەسێك دەڵێت کە پاپای ڤاتیکان "جێگرەوەی مەسیح"ە، واتای ئەوەیە کە پاپاش وەکو مەسیح هەمان هێز و دەسەڵاتی بەسەر کڵێسادا هەیە. دەستەواژەی "جێگرەوە، نوێنەر" لە فەرمایشتێکی عیساوە هاتووە کە لە (یۆحەنا ٢١: ١٦- ١٧)دا بە پەترۆسی قوتابیی فەرموو: "بەرخەکانم بلەوەڕێنە ... چاودێری مەڕەکانم بکە."

بەپێی تێگەیشتن و لێکدانەوەی کڵێسای کاتۆلیک، پەترۆس شازادەی نێردراوانی مەسیحە، واتە یەکەم پاپایە و ئەو فەرمایشتەی مەسیحی بەجێهێناوە کە لە (مەتا ١٦: ١٨- ١٩)دا هاتووە (مەسیح، پەترۆس بەو بەردە ناوزەد دەکات کە کڵێساکەی خۆی لەسەر بنیات دەنێت).

بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە ئایا لە ڕوانگەی کتێبی پیرۆزەوە دروستە کە بە مرۆڤێک بگوترێت "نوێنەری مەسیح"، ئەوا بەوردی دەڕوانینە کتێبی پیرۆز تاکو بزانین چۆن باسی دەور و ڕۆڵی عیسا لە ژیانماندا دەکات کاتێک کە لەسەر زەوی بوو، هەروەها بەردەوام چیمان بۆ دەکات. نامەی عیبرانییەکان بەراوردی نێوان عیسا و مەلکیسادقی سەرۆک کاهین دەکات (پەیدابوون ١٤) و بەراوردی دەکات بە کاهینیێتی لێڤییەکانی پەیمانی کۆنەوە. ئەو پرسیارەی کە لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەمە: "ئەگەر تەواوبوون و کامڵبوون لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاسا و شەریعەتەوە بەدەستدێت، بۆچی دەبێت کاهینێکی دیکە دابنرێت (عیبرانییەکان ٧: ١١)؟

لە (عیبرانییەکان ٧: ١٤- ١٩)دا هاتووە: "ئاشكرایە كە مەسیحی خاوەن شكۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی كاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی نەكردووه. زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە شێوەی مەلكیسادق كاهینێكی دیكە دەربكەوێت، كە ئەو بەپێی تەورات بە كاهین دانەنراوە كە لە ڕێگەی ڕەچەڵەكەوەیە، بەڵكو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی كە لەناوناچێت، چونكە شایەتی دەدات: هەتاهەتایە تۆ كاهینیت، لە پلەی مەلكیسادق. ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو، چونكە تەورات هیچ شتێكی تەواو نەكرد، بەڵكو هیوایەكی چاكتر هاتە كایەوە كە بەهۆیەوە لە خودا نزیك دەبینەوە."

ئەم دەقە دەریدەخات کە عیسای مەسیح لە کاهینەکان مەزنترە، هەروەها لە سەرۆک کاهینەکانیش پلەی بەرزتر و گەورەترە. ئەمە دەقێکی گرنگ و سەرەکییە بۆ دەرخستنی ئەم ڕاستییە: "كاهینەكان زۆربوون، چونكە مەرگ بووە كۆسپ لەوەی بەردەوام بن. بەڵام چونكە عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، كاهینیێتییەكی نەگۆڕی هەیە. لەمەوەش دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بكات كە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاكو داكۆكییان لێ بكات." (عیبرانییەکان ٧: ٢٣- ٢٥)

ئەمە واتای ئەوەیە کە عیسا بۆ هەتاهەتایە سەرۆک کاهینە. لەبەرئەوەی عیسا "پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا كرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر كرا" (عیبرانییەکان ٧: ٢٦)، ئەو جیاوازە لە هەموو کاهینەکانی دیکە چونکە "پێویستی بەوە نییە وەك سەرۆك كاهینانی دیكە ڕۆژانە قوربانی بكات، یەكەم بۆ گوناهەكانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەكانی گەلەكەی، چونكە یەك جار خۆی كرد بە قوربانی بۆ هەمووان" (عیبرانییەکان ٧: ٢٧). "تەورات كەسانێك لە پێگەی سەرۆك كاهین دادەنێت كە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند كە دوای تەوراتە، كوڕەكە دادەنێت كە هەتاهەتایە تەواوكراوە" (عیبرانییەکان ٧: ٢٨). بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی كە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی كە خۆی پەیوەندی ڕێكخەرە بۆ پەیمانێكی باشتر، چونكە پەیمانە نوێیەكەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە" (عیبرانییەکان ٨: ٦).

کتێبی پیرۆز لەبارەی عیساوە دەڵێت کە "بێجگە لەو ڕزگاربوون نییە، چونكە ناوێكی دیكە لەژێر ئاسماندا نییە لەناو خەڵكدا درابێت، بەوەوە پێویست بكات ڕزگار بین" (کرداری نێردراوان ٤: ١٥). "تەنها یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە" (یەکەم تیمۆساوس ٢: ٥). بینیمان کە لەنێو کتێبی پیرۆزدا شتێک بە ناوی "جێگرەوەی مەسیح" لەسەر زەوی بوونی نییە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوە بکات کە مەسیح کردی، یان ئەوەی کە ئێستا مەسیح لەجێگەی ڕەگەزی مرۆڤایەتی دەیکات.

بەڵام ناونیشانی نوێنەر واتایەکی دیکەش لەخۆ دەگرێت: "خاوەن هەمان هێز و دەسەڵاتی یاسایی ئەو بەرپرسەیە کە نوێنەرایەتی دەکات." لە (مەتا ١٦: ١٨)دا عیسای مەسیح ئەو کەسەیە کە دەڵێت کڵێساکەی بنیات دەنێت؛ هەرگیز ئەم هێز و دەسەڵاتە بە کەسێكی دیکە ناسپێرێت. ئەگەر بانگەشەی ئەوە بکەین کە پاپای ڤاتیکان نوێنەری مەسیحە، ئەوا لە ڕاستیدا بەڵێنی ئەنجامدانی شتێک دەدەین کە مەسیح بەڵێنی داوە.

بێگومان عیسا لەسەر زەوی پیشبینی "نوێنەر"ێکی کردووە لە دوای ڕۆیشتنی خۆی جێگەی بگرێتەوە. بەڵام ئەم "جێگرەی مەسیح" کاهین، سەرۆک کاهین، قەشەی باڵا (ئوسقۆف) یان پاپا نییە. لە ڕوانگەی کتێبی پیرۆزەوە تاکە نوێنەری مەسیح بریتییە لە ڕۆحی پیرۆز. (یۆحەنا ١٤: ٢٦) دەڵێت: "بەڵام یارمەتیدەرەكە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوك بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێكتان فێردەكات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە." هەروەها لە (یۆحەنا ١٤: ١٦- ١٨)دا هاتووە: "منیش داوا لە باوك دەكەم یارمەتیدەرێكیc دیكەتان بداتێ كە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، ڕۆحی ڕاستی، كە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونكە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونكە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان." ڕۆحی پیرۆز جێگرەوە و نوینەری عیسای مەسیحە لەسەر زەوی. ڕۆحی پیرۆز ڕاوێژکار و مامۆستای ئێمەیە (یۆحەنا ١٤: ٢٦)، هەروەها بۆ ڕاستیی تەواو ڕێنماییمان دەکات (یۆحەنا ١٦: ١٣).

کاتێک کە کڵێسای کاتۆلیک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پاپای ڤاتیکان "نوێنەر و جێگرەوەی مەسیحە"، ئەوا لە ڕاستیدا دەسەڵات و کامڵیی کاهینیێتی مەسیح ڕەتدەکەنەوە، هەروەها ئەرک و ڕۆڵێک بە پاپا دەدەن کە خودی مەسیح فەرموویەتی کە هی ڕۆحی پیرۆزە. کەواتە لە کۆتاییدا بۆمان دەردەکەوێت کە کفر و سووکایەتییە بە مەسیح ئەگەر بێتو بە پاپای ڤاتیکان بگوترێت "نوێنەری مەسیح."

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org