Tuesday, July 28, 2015

لە ڕوانگەی باوەڕی مەسیحییەتەوە، ئایا دەکرێت کچ و کوڕێک کە هاوسەرگیریان نەکردوە پێکەوە بژین؟



لە ڕوانگەی باوەڕی مەسیحییەتەوە، ئایا دەکرێت کچ و کوڕێک کە هاوسەرگیریان نەکردوە پێکەوە بژین؟

نەخێر، کچ و کوڕێک کە هاوسەرگیریان نەکردووە ناکرێت و بۆیان نییە پێکەوە بژین. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵگای نائایینی (سێکیولار) پشتگیری ئەم چەشنە گوناهەیە دەکات بەڵام کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە ژن و پیاوێک کاتێک دەتوانن پێکەوە بژین کە هاوسەرگیریان کردبێت. جووت بوون تەنها دەبێت لە چوارچێوەی خێزاندا بێت و دروست نییە تەنیا بە مەبەستی خۆشی وەرگرتن و حەز و ئارەزوو بەکاربێت. ئەگەر تەنیا بە مەبەستی خۆشی وەرگرتن و حەز و ئارەزوو بەکارهات ئەوا بەواتای سوکایەتی و بێڕێزیکردن دێت و هانی خەڵکی دەدات لە دەرەوەی پەیوەندی پارێزراوی خێزاندا پەیوەندی سۆزداری پێکبێنن؛ هەروەها منداڵ لە دەرەوەی خێزان دروست بکەن و پێش لەدایکبوونیی لەناویببەن.
وشەی خودا پێمان دەڵێت کە لە هەموو شێوەیەکی خراپە دوور کەوینەوە (یەکەم سالۆنیکی ٥: ٢٢). کەواتە ئەگەر کچ و کوڕێک کە هاوسەرگیریان نەکردووە دەتوانن پێکەوە بژین ئەگەر بێتو جووت نەبن؟ نەخێر ناتوانن چونکە ناتوانیت خۆت لە شێوە خراپە گوناهباریەکە بپارێزیت. لەبەرئەوەی کە ئێمە دەبێت گوێڕایەڵی خودا بین نەوەک مرۆڤ (کردار ٥: ٢٩) کەواتە دەبێت کارەکانمان لەگەڵ ویستی خودا بگونجێت.
زەواج رێگە بە کچ و کوڕ دەدات کە بەشێوەیەکی بەڕەوشت و دروست لەگەڵ یەکدی بژین. کەواتە ئەو دوانانەی کە هاوسەرگیریان نەکردوە ناتوانن پێکەوە بژین. 
تەرجەمەی لە ئینگلیزیەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: carm.org

Sunday, July 19, 2015

چوار نیشانە کە تۆ لە ژێر هێرشی رۆحیت

٤ نیشانە کە تۆ لە ژێر هێرشی رۆحیت




لەڕاستیدا زیاتر لە چوار نیشانە هەن بۆ ئەوەی بزانیت تۆ لەژێر هێرشی ڕۆحیت بەڵام ئەم چوار نیشانانەی خوارەوە یارمەتیت دەدەن بۆ ئەوەی بزانیت کە لەژێر هێرشیت.
 هەستکردن بە بێ نرخبوون
یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشی ڕۆحی کاتێک روودەدات کە بەسەر گوناهێکی مەزندا زاڵ دەبیت و سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنیت، یاخود ئەگەر بەردەوام مزگێنی بدەیت و پەیامی خودا بڵاوبکەیتەوە، دوژمن ڕقی لە هەموو ئەو کارانەیە. لەو کاتەدا هەست بە بێبەهایی و بێبایەخی دەکەیت. ئەم چەشنە هەستانەت هەیە: تۆ هەرگیز شایەنی ڕزگاربوون نیت، لەوانەیە گومانت سەبارەت بە ڕزگاربوونت لا دروست بێت؛ لەوانەیە هەست بکەیت کە دووڕوویت و تۆ ئەوەندە گوناهباریت. شەیتان یان ڕۆحە خراپەکانی لەوانەیە کاریگەریت لەسەر دابنێن بە جۆرێک کە بە خۆت بڵێیت: "خۆت بە چی دەزانیت؟ تۆ چۆن دەبێت مزگێنی ئینجیل بدەیت لەکاتێکدا گوناهەکانت ئەوەندە بەدبەخت و چارەڕەشیان کردوویت؟"
بەڵام من حەزم لەم ئایەتەیە کە دەڵێت: "ئەگەر شەیتان ڕابردووی هێنایەوە بیرت، تۆ داهاتووی بهێنە بەر چاو." هەروەها لە (بینین ٢٠: ١٠)دا هاتووە "ئەو ئیبلیسەی چەواشەی دەکردن، فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەر درۆزنەکەی لێیە. شەو و ڕۆژ تاهەتایە ئەشکەنجە دەدرێن."
نوێژنەکردن بۆ ماوەیەکی زۆر
دیسان ئەگەر هەستت کرد کە گوناهەیەکی زۆر بارگرانی کردوویت، یەکسەر دانی پێدا بنێ. هەگیز مەهێڵە گوناهەیەک کە دانت پێدا‌نەناوە پێتەوە بلکێت، چونکە تا زیاتر لە نوێژکردن دوور بکەویتەوە ئەوەندە زیاتر پێتەوە دەلکێت. کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر نویژناکەین، ئەوا گەورەترین سەرچاوەی هێزمان کە خودایە لە خۆمان دوور دەخەینەوە. وادیارە کاتێک کە هەوڵدەدەم نوێژ بکەم موبایلەکەم جەڕەس لێدەدات، یەکێک لە دەرگا دەدات، جلشۆرەکەم دەست بە ئاهەنگ گێڕانی خۆی دەکات و هەموو شتێکی ڕاست و چەپ خۆیان فڕێ دەدەنە ناو مێشکمەوە کە هەر شتێک بن خودایی نین. بێگومان ئەوە پەیوەندی بە ئیبلیسەوە هەیە. ئەو ساتەی کە شەیتان زۆری لێ دەترسیت، ساتێکە کە ئێمە بەناوی عیساوە نوێژ دەکەین و داوای خوێنی عیسا دەکەین.
نوێژکردن کارێکی ئاسان نییە ... بەڵکو کارێکی سەختە. ڕاستە بۆ هەندێ خەڵک ئاسان دیارە، بەڵام کاتێک تۆ لەژێر هێرشی ڕۆحی دەبیت، نوێژ کردن دەبێتە سەخترین و گرانترین کار. ئێمە تەنها ئەو کاتە لە ژیانی رۆحیمان گەشەدەکەین کە لەسەر ئەژنۆکانمان دەکەوین و بەرەو پێشەوە دەڕۆین و ناوەستین. ئەمە هەندێ جار کارێکی زۆر دژوار دەبێت، بەڵام بە سوپاس کردنی خودا و خوێندنەوەی کارە مەزنەکانی لە کتێبی پیرۆزدا دەست پێبکە. ئەمە دەبێتە هۆی بێ هیواکردنی دوژمن و وادەکات نەتوانێت نوێژەکانت بپچڕێنێت و چیدیکە ناتوانێت بیروبۆچونی پوچ بخاتە ناو مێشکتەوە.
هەستکردن بە تاوانباربوون
ئەم هەستە نزیکە بە یەکەم خاڵی سەرەوە کە هەست بەبێ نرخبوون بوو بەڵام ئەمەیان جیاوازییەکی هەیە. لەوانەیە هەست بکەین کە ئێمە مەسیحی نین چونکە دەبینین کە چەندە لە پیرۆزی خودا دوور کەوتووینەتەوە. لەم حاڵەتەدا ئێمە دەبێت لە ناو وشەی خودادا جێگیر بین، بە خوێندنەوەی (ڕۆما ٨) دەست پێدەکەین. ئەم بەشە زۆر هاندەرە و لەوانەیە خۆشترین بەش بێت بەلامەوە لە هەموو کتێبی پیرۆز. "لەهەموو ئەمانەدا سەرکەوتنمان مەزن دەبێت بەوەی خۆشی ویستووین. چونکە دڵنیام نە مەرگ و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان و نەهێزەکان، نە شتەکانی ئێستا و نەشتەکانی داهاتوو نە بەرزی و نەقووڵی، نە ئافریدەی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستنی خودا جیامان بکاتەوە ئەوەی لە عیسای مەسیحی پەروەردگارمانە" (رۆما ٨: ٣٧- ٣٩). ئایا ئەمە لە نووسینی پیاوێکی تاوانبار دەچێت؟ نەخێر. باوەڕ بە هەستەکانت مەکە ... بەڵکو باوەڕ بە وشەی خودا بکە.
برسیەتی بۆ وشەی خودا
کاتێک تۆ لەژێر هێرشی ڕۆحی دەبیت، ئەمە سەخترین شتە کە پەیڕەوی بکەیت بەڵام باشترین شتە کە دەتوانیت بە نوێژەوە بیکەیت چونکە دەزانین کە توانایەکی ڕاست و زیندو و چالاک لە وشەی خودادا هەیە؛ کەواتە بۆچی ئەمە نەقۆزینەوە؟
کاتێک کە هەست دەکەیت بە هیچ جۆرێک پیویستت بە خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز نییە ئەوا ئەو کاتە پێویستت بە زۆرترین خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز هەیە. بهێڵە هێزی خودا کارا بێت. لە کتێبی پیرۆزدا بچەسپێ. بەرنامەیەکی ڕۆژانە بۆ خوێندنەوەی ئینجیلی پیرۆز پەیڕەو بکە و پابەندی بە. ئەوە چەکێکی زۆر بەهێزە کە دەتوانیت لە جەنگی ڕۆحیدا بەکاری بهێنیت.
بەرەکەتی مەسیح لەسەر هەمووتان بێت


تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: ئێدوارد جۆرج
پێداچونەوەی: بنیامین بارامی
ژێدەر: faithinnews.com

Wednesday, July 8, 2015

سێ نوێژ بۆ خۆپاراستن لە دوژمن (شەیتان)

٣ نوێژ بۆ خۆپاراستن لە دوژمن (شەیتان)


لە بابەتی ئەمجارەماندا سێ نوێژ بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی شەیتان و شوێنکەوتووە بەدکارەکانی (رۆحە پیسەکان) دەخەینەڕوو.  
ناسینی دوژمن
باوکی راستودروست، داوات لێدەکەم یارمەتیم بدە کە دوژمن لەکاتی هێرش کردن ببینم بۆ ئەوەی بزانم کەی هێرش دەکات. من دەزانم لە دژی دوژمنێکی نادیار دەجەنگم کە لە من بەهێزترە. دەزانم زۆرانبازیی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خۆین نییە، بەڵکو دژی سەرۆکەکان، دژی دەسەڵاتداران، دژی فەرمانڕەوایانی ئەم تاریکییەی جیهانە، هەروەها دژی سەربازە رۆحییەکانە لە شوێنە ئاسمانیەکان (ئەفەسۆس ٦: ١٢). سوپاست دەکەم خودایە بۆ دابین کردنی ئەو چەکەی کە ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک پێویستم پێیەتی، لەسەرووی هەمووان قەڵغانی باوەڕ و کڵاوی ئاسنینی رزگاری و شمشێری رۆح هەڵدەگرین کە وشەی خودایە (ئەفەسۆس ٦: ١٣- ١٧). بەناوی عیسای هەرەبەرز نوێژ دەکەم. ئامین.
کاتی چوونە نێو خاکی دوژمن
خودای باوک، تکایە لەکاتی چوونم بۆ نێو خاکی دوژمن لەم جیهانە بەرگریم لێبکە. دەزانم کاتێک من موژدە بە ونبوێک دەدەم، لەڕاستیدا بەرەنگاری فەرمانڕەوای تاریکی و سوپا بەدکارەکەی دەبمەوە هەروەها دەڕۆمە نێو قەڵەمڕەویەوە. عیسا دەزانم من لە کاوڕی نێو گورگ دەچم (لۆقا ١٠: ٣)، بەڵام دەشزانم کە شەیتانەکان ملکەچی تۆن، ئەی پەروەردگار (لۆقا ١٠: ١٧)؛ دەزانم کە هەر دوژمنێک روبەڕوم ببێتەوە ناتوانێت باڵ بەسەرمدا بکێشێت چونکە بەدەسەڵاتی تۆ موژدەی ئینجیل دەبەمە ناو شانشینی تاریکی. دەزانم کە دەسەڵاتت بەسەر دوژمندا پێبەخشیوین (لۆقا ١٠: ١٩). هەروەها دەزانم کە "هەر چەکێک لە دژی من رابکێشرێت سەرناکەوێت" (ئیشایا ٥٤: ١٧). چونکە تۆ دوژمنت لەسەر خاچ بەزاند، بۆیە داوات لێدەکەم بمپارێزیت لەو کەسانەی دژی منن، بە شەیتان و دارودەستەکەشیەوە؛ ئەوەتا ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک مەبەستی تۆ جێبەجێ دەکەم کە دۆزینەوەی ونبوانە؛ هەروەها داواکارم کە ئەو هێزەی لە ڕۆحی پیرۆز و ئەو هێز و دەسەڵاتەی لە تۆوە هەڵدەقوڵێت پێ ببەخشیت بۆ ئەوەی لە هەموو جیهان ببمە گەواهیدەر (کرداری نێردراوان ١: ٨)؛ هەوەها داوات لێدەکەم کە هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک لەگەڵم بیت تا بەسەرچوونی ڕۆژگار (مەتا ٢٨: ٢٠). بە ناوی سەرۆک و پاشای پاشایان و پەروەردگاری پەروەردگاران، عیسای مەسیح، نوێژ دەکەم. ئامین.
 ئەو کەسەی لە ئێوەدایە مەزنترە لەوەی لە جیهاندایە 
خودای باوک، دەزانم ئەو رۆحە پیرۆزەی تۆ کە لەمندایە زۆر مەزنترە لەو رۆحە پیسەی لە جیهاندایە (یەکەم یۆحەنا ٤: ٤)، هەروەها مەزنترە لەو دوژمنەی کە لەم سەردەمەدا کوێرکراوەکانی بە دیلی گرتووە چونکە "خوداوەندی ئەم ڕۆژگارە هزری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو رووناکی ئینجیلی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، کە وێنەی خودایە" (دووەم کۆرنسۆس ٤: ٤). خودای باوک تکایە یارمەتیم بدە "نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات. چونکە لەمەبەستەکانی بێئاگا نین" (دووەم کۆرنسۆس ٢: ١١). بەدڵنیاییەوە شەیتان هەرگیز کۆڵی نەداوە لە هەوڵدان بۆ کوێلەکردنی ئەوانەی کە هێشتا لەسەر رێگای ئەون، چونکە زۆر هەن کە "ناتوانن خۆیان لە داوی شەیتان ئازاد بکەن" (دووەم تیمۆساوس ٢: ٢٦)، ئەوەی هەموو جیهانی گومڕا کردوە (بینین ١٢: ٩)؛ تەنها ئەوانە نەبێت کە ڕۆڵەکەی تۆ، عیسای مەسیح، ئازادی کردوون. تکایە یارمەتیم بدە بزانم کە لە نێو دەستەکانت پارێزراوم (یۆحەنا ١٠: ٢٨ -٢٩) و لە کارەکانی مرۆڤ و دوژمن نەترسێـم، چونکە تۆ لەگەڵمی، کەس ناتوانیت دژم بێت (ڕۆما ٨: ٣١). پەروەردگاری خۆشەویست و خودای مەزن بۆ ئەمە سوپاست دەکەم. بە ناوی بەرخی ئازیزی خودا نوێژ دەکەم، ئەوەی لە پێناوی من خۆی کردە قوربانی. ئامین.
 ئەنجام
هەموو ڕۆژێک دەزانین کە زۆربەی ئەو شوێنانە دەڕۆینە نێویەوە خاکی دوژمنن و بۆسە و تەڵەی بۆ داناوین تاکو تێی بکەوین، لەبەر ئەوە عیسا فەرمووی کە ئێمە دەبێت نوێژ بکەین بۆ ئەوەی نەکەوینە نێو تاقیکردنەوە و رزگارمان بکات لە بەدکار (مەتا ٦: ١٣).
هەموو ڕۆژێک نوێژ بکە کە لە دوژمن پارێزراو بیت، چونکە شەیتان وەکو شێرێکی نەڕەنەڕکەر لە دەوروپشتمان دەسووڕێتەوە، دەگەڕێ بەدوای یەکێک تا بیخوات (یەکەم پەترۆس ٥: ٨).

تەرجەمەی لە ئینگلیزیەوە: ئێدوارد جۆرج
پێداچونەوە و هەڵەچنین: بنیامین بارامی
ژێدەر: faithinthenews.com