بۆچی خودا لە پەیمانی کۆندا ڕێگەی بە فرەژنی داوە؟
بابەتی فرەژنی زۆر سەرنجڕاکێشە لەو
لایەنەوە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆربەی خەڵکی بە بەدڕەفتاری و بێڕەوشتیی
دەزانن، ئەمە لە کاتێکدایە لە هیچ شوێنێکی کتێبی پیرۆزدا نابینین کە مەحکومی
کردبێت. یەکەم نموونەی
فرەژنی لە کتێبی پیرۆزدا لە (پەیدابوون ٤: ١٩)دا دەبینین کە لامەخ دوو ژنی هێنا.
زۆر لە پیاوە دیارەکانی ناو کتێبی پیرۆز لە ژنێک زیاتریان هێناوە، لەوانە:
ئیبراهیم، یاقوب، داود، سلێمان و زۆری دیکە.
لە (دووەم
ساموێل ١٢: ٨)دا یەزدان لەڕێگەی پێغەمبەر ناتانەوە دەفەرموێت کە ئەگەر ژن و
کەنیزەکانی داود کەم بوونایە ئەوا زۆرتری پێدەبەخشی. بەپێی (یەکەم پاشایان ١١: ٣)،
سلێمان ٧٠٠ ژن و ٣٠٠ کەنیزەی هەبوو. دەبێت لەبەرانبەر ئەم فرەژنییەدا چی بڵێین؟ سێ
پرسیار هەن کە پێوەیستیان بە وەڵامە:
١) بۆچی
یەزدان لە پەیمانی کۆندا ڕێگەی بە فرەژنی داوە؟
٢) یەزدان ئەمڕۆ
چۆن لە فرەژنی دەڕوانێت؟
٣) بۆچی
بابەتی فرەژنی گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟
١)
بۆچی یەزدان لە پەیمانی کۆندا ڕێگەی بە فرەژنی داوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەتەواوی
و بەوردی لەناو کتێبی پیرۆزدا نییە. لە ڕوانگەی بیدەنگی یەزدان لەم بارەوە
دەتوانین سەرنجی چەند هۆکارێکی بنەڕەتی بدەین کە لە پشت فرەژنی ئەو سەردەمەوەیە.
یەکەم، هەرچەندە ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵی کوڕ زیاترە لە کچ، بەڵام بەهۆی درێژی
تەمەنی ڕەگەزی مێینەوە، هەمیشە ژمارەی ڕەگەزی مێینە لە نێرینە زیاترە. ئامارەکانی
ئێستا ئەوە دەردەخەن کە ٥٠.٥٪ی ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ڕەگەزی مێینەن. ئەگەر
ئەم ڕێژەیە بۆ سەردەمی کۆن لەبەرچاو بگرین، دەبینین ژمارەی ژنەکان زۆر لە ژمارەی
پیاوەکان زۆرتر بووە. دووەم، جەنگەکانی سەردەمی کۆن زۆر دڕندانە ئەنجام دراون و
پیاوێکی زۆر لەناوچوون بەهۆی ئەو جەنگانەوە. بەم هۆیەوە ژمارەی ژنەکان بە بەراورد
بە پیاوەکان زۆر زیاتری کردووە. سێیەم، بەهۆی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و زاڵی پیاو لەو
سەردەمەدا، ئافرەتی بێ مێرد نەیدەتوانی بژێوی خۆی دابین بکات. زۆربەی ئافرەتەکان
نەخوێندەوار بوون و لە هیچ کارێکی دەرەوەدا شارەزا نەبوون. ژنان پشتیان بە باوک و
برا و هاوسەر دەبەست تاکو بژێویان بۆ دابین بکەن و پارێزگارییان لێ بکەن. ئافرەتی
بێ مێرد دەکرا تووشی لەشفرۆشی و کۆیلەیی بووایە. جیاوازی ڕێژەی ژنان و پیاوان وای
کردبوو کە ژمارەیەکی زۆری ژنان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا ژیان بەسەر ببەن.
دەکرێت یەزدان لەو سەردەمەدا ڕێگەی بە
فرەژنی دابێت تاکو پارێزگاری لەو ژنانە بکات و ڕێگەی بژێوی پەیداکردنیان بۆ ئاسان
بکات کە نەیاندەتوانی بەشێوەیەکی دیکە ژیانی هاوسەرگیری پێکبێنن. کاتێک پیاو
چەندین ژنی دەهێنا، پارێزگاری لە هەموویان دەکرد و بژێوی هەموویانی دابین دەکرد.
هەرچەندە ژیان لەناو خێزانێکی فرەژندا بەهیچ شێوەیەک نموونەیی نەبووە، بەڵام
هەرچۆنێک بێت باشتر بووە لەوەی کە تووشی لەشفرۆشی و کۆیلەبوون و برسییەتی ببنەوە.
سەرباری ئەوەی کە لەم ڕێگەیەوە بژێوییان دابین دەکرا و پارێزگارییان لێدەکردن،
فرەژنی هۆکارێک بوو بۆ خێرا زیادبوون و پەرەسەندنی مرۆڤایەتی. یەزدان لە (پەیدابوون ٩: ٧) دەفەرموێ: "ئێوهش
بهردار بن و زۆر بن، زهوی پڕ بكهن و تێیدا زۆر بن." پیاو دەیتوانی لەهەمان
کاتدا وابکات کە چەندین ژن حامیلە بن و بەوهۆیەوە مرۆڤایەتی زۆر خێراتر گەشەی
دەکرد لەوەی کە هەر پیاوێک لەگەڵ یەک ژندا ساڵێک تەنیا یەک منداڵ بهێننە دنیا.
٢) ئەمڕۆ یەزدان چۆن لە فرەژنی
دەڕوانێت؟ هەرچەندە فرەژنی لە
پەیمانی کۆندا ڕێگەی پێدراوە بەڵام هەبوونی یەک هاوسەر ئەو شتەیە کە یەزدان
بەلایەوە پەسەندترینە. کتێبی پیرۆز لە (پەیدابوون ٢: ٢٤)دا دەڵێت کە ویست و
ئیرادەی خودا هەر لە سەرەتاوە بۆ مرۆڤ ئەوە بووە کە یەک پیاو لەگەڵ یەک ژندا
هاوسەرگیری بکات: "لهبهر ئهوه پیاو دایك
و باوكی خۆی بهجێدههێڵێت و به ژنهكهیهوه دهنووسێت، ئیتر دهبنه یهك جهسته."
هەرچەندە ئەم ئایەتە بەتایبەتی باسی ئەوە دەکات کە هاوسەرگیری چۆنە، بەڵام بابەتی
تاک بوون (یەک پیاو و یەک ژن) نابێت تییدا پشتگوێ بخرێت. لە (دواوتار ١٧: ١٤- ٢٠)،
یەزدان دەفەرموێت کە پاشاکان لەڕاستیدا نابێت چەند ژنێکیان هەبێت، هەرچەندە
ناتوانین ئەمە وەکو فەرمان وەربگرین کە پاشاکان بۆیان نییە لە ژنێک زیاتریان هەبێت
بەڵام دەتوانین بەو جۆرە لێکی بدەینەوە کە هەبوونی ژنی زۆر دەبێت هۆی دروستبوونی
کێشە و گرفت وەکو چۆن لە ژیانی سلێمان پاشادا دەبینین (سەیری یەکەم پاشایان ١١: ٣-
٤ بکە).
لە پەیمانی
نوێدا (یەکەم تیمۆساوس ٣: ٢، ١٢؛ تیتۆس ١: ٦) هەبوونی یەک ژن یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی
کەسی چاودێر و بەرپرسیاری ڕۆحی. ئەگەر چاودێرانی ڕۆحی دەبێت یەک ژن بێنن واتای
ئەوەیە کە هەموو مەسیحییەکان دەبێت یەک ژنیان هەبێت و بەسەر هەموویاندا بەیەکسانی
ئەمە جێبەجێ دەکرێت. مەگەر نابێت کەسی مەسیحی "گلهیی
لهسهر نهبێت و وریا، ژیر
و به ڕێز، میوان دۆست بێت، بتوانێت
خهڵك فێربكات، سهرخۆش و شهڕفرۆش نهبێت، بهڵكو
دڵنهرم بێت، ناكۆكی نهكات، حهزی له پاره نهبێت؟ (یەکەم تیمۆساوس ٣: ٢- ٤)"
ئەگەر ئێمە بانگکراوین تاکو پیرۆزبین" (یەکەم پەترۆس ١: ١٦) و ئەگەر ئەم
پیرۆزییە بۆ پیران و لێپرسراوانی مەسیحییە، کەواتە بۆ ئێمەشە.
(ئەفەسۆس ٥: ٢٢- ٣٣) باسی پەیوەندی
نێوان ژن و مێرد دەکات. کاتێک باسی یەک پیاو دەکات ئەوا لە باسی ژنیشدا هەر بە تاک
باسی دەکات: " پیاو سهری ژنه..... ئهوهی ژنی خۆی خۆشبووێت خۆی خۆشدهوێ......
لهبهر ئهوه پیاو دایك و باوكی خۆی بهجێدههێڵێت و به ژنهكهیهوه دهنووسێت،
ئیتر ههردووكیان دهبنه یهك جهسته...... ئێوهش با ههر یهكێكتان ژنهكهی وهك
خۆی خۆشبووێ، ژنیش ڕێز له مێردهكهی بگرێت." سەرنجی ئەوەتان دا کە وشەی (ژن)
تاکە، واتە باس لە یەک ژن دەکات نەوەک چەندین ژن. بەڵام لەوانەیە بپرسیت و بڵێیت
ئەوە نییە لە (کۆلۆسی ٣: ١٨- ١٩)دا باس لە ژن بە کۆ دەکات (ژنەکان): "ئهی ژنهكان، ملكهچی مێردهكانتان بن، وهك له شوێنكهوتووی
مهسیح دهوهشێتهوه. ئەی مێردهكان، ژنهكانتان خۆشبووێ، لهگهڵیان ڕهق مهبن."
ڕاستە لێرەدا باسی ژنەکان دەکات، بەڵام ئەوەتا باسی مێردەکانیش دەکات. واتە ڕوونە
کە پۆڵس باسی هەموو ژن و مێردە باوەڕدارەکانی شاری کۆلۆسی دەکات، باسی ئەوە ناکات
کە پیاو دەبێت چەند ژنێکی هەبیت.
٣)
بۆچی بابەتی فرەژنی گۆڕانی بەسەردا هات؟ ئەوەندەی کە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە
یەزدان هاوسەرگیری گەڕاندەوە سەر ڕەواڵی ڕاستەقینەی پێشتری ئەوەندە پەیوەندی نییە
بەوەی کە یەزدان ڕێگە بە شتێک نەدات کە پێشتر ڕێگەی پێداوە. تەنانەت ئەگەر
بگەڕێینەوە بۆ کاتی ئادەم و حەوا، فرەژنی ویستی یەزدان نەبووە. وادیارە خودا ڕێگەی
بە فرەژنی داوە تاکو کێشە چارەسەر بکات بەڵام فرەژنی بەلایەوە شتێکی ئایدیاڵ و نموونەیی نەبووە. لە
زۆربەی کۆمەڵگەکانی سەردەمی ئێستادا
بەهیچ شێوەیەک پێویست ناکات فرەژنی پەیڕەو بکرێت. ئەمڕۆ ژنان لە زۆربەی وڵاتانی
جیهاندا دەتوانن خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن و بژێوی خۆیان دابین بکەن. زیاتر
لەمەش، زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان فرەژنییان قەدەغە کردووە.
بەپێی (ڕۆما
١٣: ١- ٧)، دەبێت ڕێز لەو ڕێسا و یاسایانە بگرین کە حکومەت دایدەنێت. تاکە شوێنێک
لە کتێبی پیرۆزدا کە ئاماژەی بە ملکەچ نەبوون بۆ یاسا دەکات بریتییە لە (کرداری
نێردراوان ٥: ٢٩)یە. تەنیا لەو کاتەدا نابێت ملکەچی یاسا بێت کە دژی فەرمانەکانی
یەزدان بێت. لەبەرئەوەی کە یەزدان تەنیا ڕێگەی بە فرەژنی داوە و فەرمانی نەکردووە
کە دەبێت پیاوان هەموویان ژنی زۆر بێنن، کەواتە یاسای قەدەغەکردنی فرەژنی دەکرێت
بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئایا دەکرێت لە
هەندێ حاڵەت و نموونەی تایبەتدا ڕێگە بە فرەژنی بدرێت؟ لەوانەیە بکرێت، بەڵام
ئەوەی کە بڵێین هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە جگە لەوە، ئەوا ناگونجێت و ڕێی تێناچیت،
واتە هەتا ڕێگەی دیکە وەستابێت ناکرێت پەنا ببەینە بەر فرەژنی. لەبەر بابەتی
"یەک جەستە" بوونی هاوسەرگیری، کە دەبێت یەکبوون و هاواهەنگی لە
هاوسەرگیریدا هەبێت و هەروەها پێویست نەبوونی فرەژنی؛ باوەڕی تەواومان بەوە هەیە
کە لەڕێگەی جێبەجێکردنی فرەژنییەوە ناتوانیت ڕێز لە خودا بگریت. هەروەها باوەڕمان
بەوەش هەیە کە فرەژنی ویستی خودا نییە.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
سەرچاوە: gotquestions.org
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
سەرچاوە: gotquestions.org