جیاوازی ڕەنگی پێست بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
کتێبی پیرۆز بەتەواوی و بەڕوونی هۆکاری بنەڕەتی جیاوازی ڕەنگی
پێستی مرۆڤ یان جیاوازی نەژادمان بۆ ڕوون ناکاتەوە. لەڕاستیدا تەنیا یەک نەژاد
هەیە ئەویش نەژادی مرۆڤە. لەنێو نەژادی مرۆڤدا جیاوازی لە ڕەنگی پێست و
تایبەتمەندییە جەستەییەکاندا هەیە. هەندێک پێیان وایە کاتێک یەزدان لە تاوەری بابل
(پەیدابوون ١١: ١- ٩) زمانەکانی شێواند، ئەو کاتیش جیاوازی نەژادی دروست کرد. دەکرێت
یەزدان گۆڕانکاری جینی لە نەژادی مرۆڤدا کردبێت تاکو وابکات مرۆڤ باشتر لەگەڵ
ژینگە جیاوازەکاندا خۆیان بگونجێنن، بۆ نموونە ڕەش پێستەکانی ئەفریقا دەتوانن
خۆیان لەگەڵ بەتینی تیشکی خۆردا بگونجێنن. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، یەزدان زمانەکانی
شێواند، وای کرد مرۆڤ لەڕووی زمانەوە جیاواز بن؛ پاشان جیاوازی جینی نەژادەکانی
بەپێی کۆتا شوێنی نیشتەجێبوونیان بەدی هێنا. لەگەڵ ئەمەشدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی
ورد لەبارەی ئەم ڕوانگەیەوە لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێنەکراوە. جیاوازی ڕەنگی
پێستی مرۆڤەکان لە کتێبی پیرۆز بەهیچ شێوەیەک لە چیرۆکی تاوەری بابلدا باسی لێوە
نەکراوە.
لە سەردەمی قوللەی بابلدا، کاتێک زمانە جیاوازەکان بەدیهاتن،
ئەو گرۆ و دەستانەی کە یەک زمانیان هەبوو لەگەڵ یەکدی ڕۆیشتن. بەم هۆیەوە جینی
گرۆیەکی تایبەت بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو کەم بووە کاتێک کە گرۆ و دەستەی دیکە
لەگەڵیان تێکەڵ نەدەبوون. هاوخوێنی بووە هۆی ئەوەی کە تایبەتمەندی دیاریکراو لەم
گرۆیانەدا خۆیان نیشان بدەن. لەگەڵ زیادبوونی هاوخوێنی لە نەوەکانی داهاتوودا،
هەموو جینەکان بچووک و بچووکتر بوونەوە، بەڕادەیەک کە هەموو ئەو کەسانەی سەر بە
هەمان خێزانی زمانێک بوون تایبەتمەندی هاوبەش و نزیکیان هەبوو.
ڕوونکردنەوەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئادەم
و حەوا ئەو جینەیان هەبوو کە نەوەی ڕەش و قاوەیی و سپی بەدنیا بێنن (هەموو
ڕەنگەکانی دیکەش لەنێوان ئەو ڕەنگانەدا). ئەمە وەک ئەوەیە وایە کە ئەو هاوسەرانەی
ڕەنگی پێستیان جیاوازە منداڵێکیان دەبێت جیاواز لە ڕەنگی خۆیان. لەبەرئەوەی یەزدان
دەیەوێ کە مرۆڤەکان لە ڕوخساردا جیاواز بن، کەواتە ڕوونە کە یەزدان توانای ئەوەی
بە ئادەم و حەوا داوە کە بتوانن منداڵیان بە هەموو ڕەنگەکان ببێت. دواتر تەنیا نوح
و ژنەکەی و سێ بووکەکەی و سێ کوڕەکەی لەسەر زەوی مانەوە، تەنیا هەشت کەس (پەیدابوون
٧: ١٣). پێدەچێت بووکەکانی نوح ڕەنگیان لەیەکتر جیاواز بووبێت. هەروەها ڕێی
تێدەچێت کە ڕەنگی نوح جیاواز بووبێت لە ڕەنگی ژنەکەی. دەکرێت هەر هەشتیان ڕەنگی
پێستیان جیاواز بووبێت، واتە ئەو جینەیان هەبووە کە بتوانن منداڵ بە ڕەنگی
جیاوازەوە بێننە دنیا.
وەڵام و ڕوونکردنەوەی ئەم پرسیارە
هەرشتێک بێت، گرنگ ئەوەیە کە ئێمە هەموومان لە یەک نەژادین، هەموومان لەلایەن یەک خوداوە
بەدیهێنراوین، هەموومان بۆ یەک مەبەست بەدیهێنراوین ئەویش شکۆدارکردنی
خودایە.
تەرجەمەی
لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org
No comments:
Post a Comment