Tuesday, April 12, 2016

بۆچی زیندووبوونەوەی مەسیح لەنێو مردووان گرنگە؟



بۆچی زیندووبوونەوەی مەسیح لەنێو مردووان گرنگە؟
هەستانەوەی مەسیح لەنێو مردووان بەهۆی چەند هۆکارێکەوە گرنگە. یەکەم، چونکە دەرخەری هێز و دەسەڵاتی بێپایانی یەزدانە. باوەڕکردن بە هەستانەوەی مەسیح لەنێو مردووان واتە باوەڕکردن بە یەزدان. ئەگەر باوەڕمان بە بوونی خودا هەبێت و باوەڕمان بەوە هەبێت کە بەدیهێنەری گەردوونە و دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە، ئەوا دەبێت باوەڕیشمان بەوە هەبێت کە هێزی هەستانەوەی مردووی هەیە. ئەگەر ئەم جۆرە دەسەڵاتەی نەبێت ئەوا شایانی ئەوە نییە کە ئێمە بیپەرستین و ستایشی بکەین. تەنیا ئەوەی کە ژیانی بەدیهێناوە دەتوانێت مردوو زیندوو بکاتەوە، تەنیا ئەو دەتوانێت پێوەدانی مردن لاببات و لە گۆڕدا سەرکەوتن تۆمار بکات (بڕوانە یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٥٤- ٥٥). بەهۆی هەستانەوەی مەسیح لەنێو مردووان بۆمان دەردەکەوێت کە یەزدان دەسەڵاتی تەواوی بەسەر مردن و ژیاندا هەیە.
دووەم، هەستانەوەی عیسای مەسیح لەنێو مردووان شایەتی زیندووبوونەوەی مرۆڤەکان دەدات، لەڕاستیدا ئەمە بنەمایەکی سەرەکییە لە باوەڕی مەسیحییەتدا. بەپێچەوانەی هەموو ئاییەنەکانەوە، تەنیا دامەزرێنەری باوەڕی مەسیحییەت بەسەر مرندا سەرکەوت و هەروەها پەیمانی بە شوێنکەوتوانی داوە کە ئەمانیش هەمان شت دەکەن. هەموو ئایینەکانی دیکە لەلایەن مرۆڤ و پێغەمبەرگەلێکەوە هاتوونەتە کایەوە کە کۆتاییەکەیان مەرگ و مردن بووە. ئێمەی شوێنکەوتووانی مەسیح، دڵمان بەوە خۆشە و پشتمان بەو ڕاستییە گەرمە کە یەزدان بوو بە مرۆڤ، لەپێناوی گوناهەکانماندا گیانی سپارد و لە ڕۆژی سێیەمی مردنەکەیدا زیندوو بوەوە. گۆڕ نەیتوانی بیگرێتە خۆی، ئەو زیندووبووەوە و ئەمڕۆ لە دەستە ڕاستی یەزدان لە ئاسمان دانیشتووە.
لە (یەکەم کۆرنسۆس ١٥)دا پۆڵس بەوردی باسی گرنگی هەستانەوەی مەسیح لەنێو مردووان دەکات. هەندێک لە دانیشتوانی کۆرنسۆس باوەڕیان بە زیندووبوونەوەی مردوو نەبوو، لەو بەشەدا پۆڵس ئاماژە بە شەش دەرەنجامی ترسناک دەکات کە ئەگەر هەستانەوەی مردووان بوونی نەبێت:
1)   مزگێنیدان هیچ سوودێکی نابێت (ئایەتی ١٤).
2)    باوەڕمان بە مەسیح بێسوود دەبێت (ئایەتی ١٤).
3)   هەموو ئەوانەی کە شایەتی زیندووبوونەوەی مەسیح بوون درۆزن دەردەچن (ئایەتی ١٥).
4)   کەس لە گوناهەکانی ڕزگاری نابێت (ئایەتی ١٧).
5)   هەموو باوەڕدارەکانی پێشوو لەناودەچن (ئایەتی ١٨).
6)   مەسیحییەکان دەبنە نەگبەتترین خەڵکی ئەم دنیایە (ئایەتی ١٩).
بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە عیسای مەسیح بەدڵنیاییەوە لەنێو مردووان زیندوبووەوە و "بووە نۆبەرەی نووستوان" (ئایەتی ٢٠).
وشە ئیلهامبەخشەکانی یەزدان زامنی زیندووبوونەوەی باوەڕدار دەکات لەکاتی هاتنەوەی مەسیحدا کاتێک کە دەڕۆن بۆ ئاسمان. ئەم دڵنیایی و ئومێدە وای لە پۆڵس کرد کە بتوانێت لە (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٥٥)دا گۆرانی سەرکەوتن بڵێت: "ئەی مردن، كوا سه‌ركه‌وتنت؟ ئه‌ی مردن، كوا پێوه‌دانت؟"
ئەم ئایەتانە چ پەیوەندییەکیان هەیە بە زیندووبوونەوەی مەیسح لەنێو مردووان؟ پۆڵس وەڵام دەداتەوە: "... بزانن ڕه‌نجتان بۆ عیسای خاوه‌ن شكۆ بێ سوود نییه (ئایەتی ٥٨). پۆڵس بەبیرمان دێنێتەوە لەبەرئەوەی کە دەزانین ژیانێکی نوێمان پێدەبەخشرێت لەدوای زیندووبوونەوەمان لەنێو مردووان، هەربۆیە لەپێناوی عیسای مەسیح دەتوانین بەرگەی چەوسانەوە و مەترسی بگرین هەروەک چۆن خودی مەسیح بەرگەی گرت (ئایەتی ٢٩- ٣١). دەتوانین شوێن هەزاران شەهیدی ئەم ڕێگایە بکەوین، کە بە درێژایی مێژوو بەهۆی هەستانەوەی مەسیح ئامادە بوون ژیانی کاتی سەر زەوی بە ژیانی هەتاهەتایی و ئەزەلی بگۆڕنەوە.   
بۆ هەموو باوەڕدارێک هەستانەوەی مەسیح لەنێو مردووان سەرکەوتنێکی شکۆدار و مەزنە. مەسیح گیانی سپارد، نێژرا و بەپێی کتێبی پیرۆز لە ڕۆژی سێیەم زیندووبووەوە. ڕۆژێک دێت کە دووبارە دێتەوە سەر زەوی! ئەوانەی باوەڕیان بە مەسیح هەیە و مردوون، بەهۆی مەسیحەوە زیندوودەبنەوە و زیندووەکانیش دەگۆڕێن و جەستەیەکی نوێ و شکۆدار وەردەگرن (یەکەم کۆرنسۆس ٤: ١٣- ١٨). بۆچی هەستانەوەی مەسیح لەنێو مردووان بۆ رزگاری لە گوناه و تاوانەکانمان گرنگە؟ چونکە زیندوبوونەوەی عیسای مەسیح واتای ئەوەیە کە یەزدان ئەو قوربانییەی مەسیحی قبووڵ کردووە کە لەجێگەی ئێمە بەخشی. هەروەها سەلمێنەری ئەوەیە کە یەزدان دەتوانێت ئێمە زیندوو بکاتەوە. ئەمە زەمانەتی ئەوەیە کە ئەو کەسانەی باوەڕیان بە مەسیح هەیە وەکو ڕزگارکاری تاکەکەسی خۆیان، بە مردوویی نامێننەوە بەڵکو زیندوو دەکرێنەوە و ژیانی ئەزەلی و هەتاهەتاییان پێدەبەخشرێت.
ئەمە ئومێد و هیوا پیرۆزەکەی ئێمەی مەسیحییە!

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org

No comments:

Post a Comment