Tuesday, June 28, 2016

بۆچی خودا ڕێگە دەدات تووشی نەهامەتی و ناخۆشی ببین؟



بۆچی خودا ڕێگە دەدات تووشی نەهامەتی و ناخۆشی ببین؟
یەکێک لە زەحمەتترین بەشەکانی ژیانی مەسیحی ئەو راستییەیە کە بوون بە قوتابی مەسیح واتای ئەوە نییە کە تۆ بەرگری پەیدا دەکەیت دژی تاقیکردنەوە ناخۆشەکانی ژیان و تووشی نەهامەتی و کۆسپ نابیت. بۆچی خودایەکی خۆشەویست و میهرەبان ڕێگە دەدات کە تووشی حاڵەتی وەکو مردنی منداڵ، نەخۆشی و برینداری خۆمان یان کەسە خۆشەویستەکانمان بین یان بۆچی دەهێڵێت تووشی کێشەی دارایی، نیگەرانی و ترس ببین؟ بێگومان ئەگەر خۆشی بویستباین ئەوا نەیدەهێشت تووشی ئەو ناخۆشی و نەهامەتییانە بین، مەگەر نە؟ لە کۆتاییدا، مەگەر خۆشویستینی ئەو بەو مانایە نایەت کە ئەو دەیەوێت ژیانمان ئاسان و ئاسوودە بێت؟ لەڕاستیدا، نەخێر، واتای ئەوە نییە. کتێبی پیرۆز بەڕوونی پێمان دەڵێت کە خودا ڕۆڵەکانی خۆی خۆشدەوێت و "له‌ هه‌موو شته‌كان خودا كار ده‌كات بۆ چاكه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌ویان خۆشده‌وێت، ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی ئه‌و بانگكراون." کەواتە ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەو ناخۆشی و کۆسپانەی کە لە ژیانماندا دێنە ڕێگەمان بەشێکە لە کارکردنی هەموو شتەکان بۆ چاکە. هەربۆیە، بۆ باوەڕدار، هەموو تاقیکردنەوە و کۆسپ و نەهامەتی و ناخۆشییەک دەبیت هۆکارێکی خودایی لەپشتەوە بێت. 

لە هەموو شتەکاندا، ویستی کۆتایی یەزدان ئەوەیە کە زیاتر و زیاتر ئێمە لە هەڵسوکەوت و ئاکارماندا وەکو تاقە کوڕەکەیمان لێبێت کە عیسای مەسیحە (سەیری ڕۆما ٨: ٢٩ بکە). ئەمە ئامانجی شوێنکەوتوانی مەسیحە، هەموو شتێکی ژیان، بە ناخۆشی و نەهامەتی و کۆسپەکانییەوە، بۆ ئەوە دانراون کە یارمەتیمان بدات بەو ئامانجە بگەین. ناخۆشی و کۆسپەکانی ژیان بەشێکن لە پڕۆسەی پیرۆزبوون، جیا دەکرێیتەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی یەزدان جێبەجێ بکەیت و تەنیا بۆ شکۆدارکردنی یەزدان بژیت. 

لە (یەکەم پەترۆس ١: ٦- ٧)دا ڕوونکراوەتەوە کە چۆن ئەم تاقیکردنەوە و کۆسپانە دەبنە هۆی پیرۆزبوونت: "ئه‌وه‌ی پێی دڵخۆش ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م ئازار ده‌چێژن به‌ده‌ست تاقیكردنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان، تا ڕاستی باوه‌ڕتان ده‌ركه‌وێ‌، كه‌ له‌ زێڕی له‌ناوچوو به‌نرختره‌ و به‌ئاگر تاقی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی شكۆمه‌ندی و ستایشو ڕێز له‌كاتی ڕاگه‌یاندنی عیسای مه‌سیح."

تاقیکردنەوە و نەهامەتی و کۆسپەکانی ژیانمان ئەزموونی خوداییمان زیاد دەکات، وامان لێدەکات کە "له‌ ته‌نگانه‌شدا شانازی ده‌كه‌ین، ده‌زانین ته‌نگانه‌ دانبه‌خۆداگرتن دروست ده‌كات، دانبه‌خۆداگرتنیش ئه‌زموون، ئه‌زموونیش هیوا، هیواش شه‌رمه‌زار ناكات، چونكه‌ خۆشه‌ویستی خودا ڕژاوه‌ته‌ ناو دڵمان، به‌ ڕۆحی پیرۆز كه‌ پێمان دراوه‌" (ڕۆما ٥: ٣- ٥). مەسیح خۆی باشترین نموونەیە. "به‌ڵام خودا خۆشه‌ویستی خۆی بۆ سه‌لماندین: هێشتا گوناهبار بووین مه‌سیح له‌ پێناوماندا مرد." ئەم ئایەتانە ئەو مەبەست و ئامانجی خوداییە دەردەخەن کە لە پشت ناخۆشی و کۆسپەکانی مەسیح و ئێمەشەوەن. دانبەخۆداگرتن باوەڕ و ئیمانمان دەسەلمێنێت. "دەتوانم لەڕێگەی مەسیحەوە هەموو شتێک بکەم ئەوەی بەهێزم دەکات." 

بەڵام دەبێت وریای ئەوە بین کە بیانوو بۆ تاقیکردنەوە و ناخۆشییەکانمان نەهینینەوە ئەگەر هاتوو دەرەنجامی کاری هەڵەی خۆمان بوون. "با كه‌ستان وه‌ك بكوژێك یان دزێك یان به‌دكارێك یاخود یه‌كێك ده‌ست له‌ كاروباری خه‌ڵك وه‌ربدات ئازار نه‌چێژێ" (یەکەم پەترۆس ٤: ١٥). یەزدان لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت چونکە مەسیح لەسەر خاچ باجی ئەو سزا هەمیشەییەی دا کە چاوەڕوانمان بوو. سەرەڕای ئەوەش، ئێمە هەردەبێت لەسەر زەوی بەهۆی گوناە و بژاردە هەڵەکانمانەوە ئازار بچێژین. تەنانەت خودا ئەو ئازار و ناهەموارییانەی ژیانمان بەکاردێنێت بۆ ئامادەکردنمان بۆ ئەنجامدانی ویست و ئیرادەی خۆی و لەکۆتاییدا بۆ باشی خۆمان بەکاریدێنێت.
نەهامەتی و تاقیکردنەوەکان ئامانج و پاداشتی لەگەڵە. "خوشكان و برایانم، به‌وپه‌ڕی خۆشی دابنێن، كاتێك ده‌كه‌ونه‌ جۆره‌ها تاقیكردنه‌وه‌ و ناخۆشی، چونكه‌ ده‌زانن ئه‌زموونی باوه‌ڕتان دانبه‌خۆداگرتن دروست ده‌كات. با دانبه‌خۆداگرتن ته‌واو كاری خۆی هه‌بێت، تاكو ته‌واو و پێگه‌یشتوو بن، كه‌موكوڕیتان له‌ هیچ شتێك نه‌بێت ..... خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌وه‌ی به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ كه‌ سه‌لمێنرا تاجی ژیان وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی پێ داوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت" (یاقوب ١: ٢- ٤، ١٢).  

ئێمە بەسەر هەموو ناخۆشی و ناهەموارییەکانی ژیاندا سەردەکەوین. "به‌ڵام سوپاس بۆ خودا! به‌هۆی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مانەوە سه‌ركه‌وتن به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت" (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٥٧). هەرچەندە لە جەنگێکی ڕۆحیداین، بەڵام شەیتان هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر شوێنکەوتوانی مەسیحدا نییە. یەزدان وشەی خۆی پێبەخشیوین تاکو ڕێنوێنیمان بکات، ڕۆحی پیرۆزی خۆی پێبەخشیوین تاکو بەتوانا بین، هەروەها شانازی ئەوەشی پێبەخشیوین کە هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێکدا بڕۆین بۆ لای و نوێژ بۆ هەر شتێک بکەین کە دەمانەوێت. یەزدان دڵنیاشی کردووینەتەوە کە "هیچ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كتان تووش نابێت، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هاوبه‌شه‌ له‌نێوان مرۆڤایه‌تیدا، به‌ڵام خودا دڵسۆزه‌، كه‌ نایه‌ڵێت زیاتر له‌ توانای خۆتان تاقی بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ تاقیكردنه‌وه‌ ڕێگای ده‌رچوون ده‌كاته‌وه‌، تاكو بتوانن به‌رگه‌ بگرن" (یەکەم کۆرنسۆس ١٠: ١٣). 


تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org

No comments:

Post a Comment