Friday, July 29, 2016

ئایا مەسیحییەکان و موسڵمانان هەمان خودا دەپەرستن؟



ئایا مەسیحییەکان و موسڵمانان هەمان خودا دەپەرستن؟
 هەندێ لایەنی هاوبەش هەیە لەنێوان تێڕوانینی مەسیحییەکان و موسڵمانان لەسەر خودا. مەسیحییەکان بڕوایان وایە کە خودایەکی ئەزەلی و جاویدانی ئەم گەردوونەی دروستکردوە، بەڵام موسڵمانەکان ئەم سیفەتانەیان داواتە پاڵ ئەڵڵا (الله). لەڕوانگەی مەسیحییەت و ئیسلامیشەوە خودا بەتواناترینە، داناترینە و لە هەموو شوێنێک ئامادەیە. 

جیاوازی بنەڕەتی نێوان ڕوانگەی ئیسلام و مەسیحیەت بۆ خودا بریتییە لە بابەتی سێیانە (ثالوث)ی کتێبی پیرۆز. لە کتێبی پیرۆزدا، خودا خۆی وەک یەک خودا لە سێ کەسدا نیشانداوە: خودای باوک، خودای کوڕ، خودای ڕۆحی پیرۆز. لە کاتێکدا هەرکەسێکی سێیانە خودایەکی تەواوە. خودا سێ دانە نیە بەڵکو سێ کەس لە یەک خودادایە.

کوڕی خودا لە شێوەی مرۆڤدا هات، ئەو ڕاستییەی کە پێی وترا بەجەستەبوو (لۆقا ١: ٣٠- ٣٥، یۆحەنا ١: ١٤، کۆلۆسی ٢: ٩، یەکەم یۆحەنا ٤: ١- ٣). عیسای مەسیح بە گیانسپاردنی لەسەر خاچ زاڵبوو بەسەر توانا و سزای گوناه (ڕۆما ٦: ٢٣). عیسای مەسیح دوای زیندووبوونەوەی گەڕایەوە بۆ ئاسمان تاکو لەگەڵ باوکی بێت و ڕۆحی پیرۆز بنێرێت بۆ باوەڕداران (کردار ١: ٨- ١١). ڕۆژێک مەسیح دێتەوە سەر زەوی و حوکم و فەرمانڕەوایی دەکات (کرداری نێردراوان ١٠: ٤٢، ٤٣). ئەو کاسانەی کە بڕوایان بە عیسای خاوەن شکۆ هەیە لەگەڵ ئەودا دەژین، بەڵام ئەو کەسانەی ڕەتیدەکەنەوە کە شوێنی بکەون ئەوا لە خودا دووردەخرێنەوە و دەخرێنە دۆزەخەوە. 

"باوكی ئاسمانی كوڕی خۆی خۆشده‌وێت و هه‌موو شتێكی داوه‌ته‌ ده‌ستی. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ كوڕه‌كه‌ بهێنێت ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی كوڕه‌كه‌ نییه‌ ژیان نابینێت، به‌ڵكو تووڕه‌یی خودای له‌سه‌ر ده‌مێنێت" (یۆحەنا ٣: ٣٥- ٣٦). یان عیسا توڕەیی خودا بەهۆی گوناهەکانت لەسەر خاچ هەڵدەگرێت یان ئەوەتا خۆت توڕەیی خودا بەهۆی گوناهەکانت لە دۆزەخ هەڵدەگریت (یەکەم پەترۆس ٢: ٢٤). 

سێیانە بۆ باوەڕی مەسیحییەکان زۆر گرنگە. بەبێ سێیانە، دەرکەوتنی عیسا لە شێوەی کوڕی خودا بوونی نەدەبوو. بەبێ عیسای مەسیح، هیچ ڕزگاربوونێک لە گوناه بوونی نەدەبوو. بەبێ ڕزگاربوونیش، گوناه هەمووان بۆ جەهەنەمی ئەزەلی حوکمدەدات. 

کەواتە، ئایا مەسیحیەکان و موسڵمانەکان یەک خودا دەپەرستن؟ یان پرسیارێکی باشتر: ئایا مەسیحی و موسڵمان هەردووکیان تێگەیشتنێکی دروستیان هەیە لەسەر ئەوەی کە خودا کێیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، بەدڵنیایەوە نەخێرە! لەبەرئەوەی جیاوازی گرنگی نێوان موسڵمان و مەسیحییەکان چەمکی خودایە، ناکرێت هەردوو باوەڕەکە ڕاست بن! خودای کتێبی پیرۆز، باسی کێشەی گوناه دەکات و بە پێدانی تاقە کوڕەکەی چارەسەریی ئەو کێشەیەی کرد. 

"له‌به‌رئه‌وه‌ی خودا ئه‌وه‌نده‌ جیهانی خۆشویست، ته‌نانه‌ت كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌ختكرد، تاكو هه‌ركه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناو نه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت. چونكه‌ خودا كوڕه‌كه‌ی نه‌نارده‌ جیهان تاكو جیهان حوكم بدات، به‌ڵكو تاكو جیهان به‌وه‌وه‌ ڕزگاری ببێت. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت حوكم نادرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ ناهێنێت ئه‌وا حوكم دراوه‌، چونكه‌ باوه‌ڕی به‌ ناوی كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی خودا نه‌هێناوه‌" (یۆحەنا ٣: ١٦- ١٨). 
نوێژدەکەین کە عیسای مەسیح چاوی هەموو لایەکمان بۆ بینین ڕاستی بکاتەوە!
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
سەرچاوە: gotquestions.org

Sunday, July 10, 2016

ئایا لە بەهەشت چی دەکەین و خەریکی چی دەبین؟



ئایا لە بەهەشت چی دەکەین و خەریکی چی دەبین؟

لە (لۆقا ٢٣: ٤٣)، عیسا دەفەرموێت: "ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت." ئەو وشەیەی کە عیسا بۆ بەهەشتی بەکارهێناوە پارادیۆسێس" بوو، بە مانای "باخچە" دێت، لێردا مەبەست لە عەدەنە (شوێنی دڵخۆشبوونی داهاتوو، بەهەشت)." وشەی یۆنانی "پارادیۆسێس" کە لە وشەی عیبری "پاردێس"ـەوە وەرگیراوە بە واتای "بەهەشت: دارستان، باخچە، باخ" دێت. عیسا فەرمووی: "ئەمڕۆ لەگەڵ من لە "پارادیۆسێس (بەهەشت)" دەبیت نەک "نێفێل" کە وشەیەکی یۆنانیە بە واتای "ناو هەورەکان" دێت. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە عیسا وشەیەکی بەکارهێناوە کە بە واتای "باخچەیەک" دێت. نەک هەموو باخچەیەک، بەڵکو "بەهەشتی خودا" یان باخچەی خودا (ئاشکراکردن ٢: ٧)؛ ئەم باخچەیە دەبێتە شوێنی دلخۆشی داهاتوومان. ئایا ئەم باخچەیە پێدەچێت شوێنێکی بێزارکەر بێت؟ کاتێ بیر لە باخچە دەکەیتەوە، بێزاربوون دێت بە مێشکتدا؟

عیسا فەرمووی: "كڕنۆش بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت" (مەتا ٤: ١٠). مایەی سەرنجە کە عیسا نەیگوت "ستایش و خزمەتی پەروەردگارت دەکەیت." تەنانەت ئەگەر بە خێرایی چاوێکیش بە وشەی ستایش لە کتێبی پیرۆزدا بخشێنین بۆمان دەردەکەوێت کە شتێکی زارەکییە و زۆرتر لە سرودی ڕۆحیدا بەکاردێت. بەڵام "پەرستن" لە دڵەوەیە و زارەکی نییە. پەرستن لەشێوەی ستایشدا خۆی دەردەخات. خزمەتکردنی خودا پەرستنە، کتێبی پیرۆز بەڕوونی پێمان دەڵێت کە ئێمە لە بەهەشدا خزمەتی خودا دەکەین. "بەندەکانی خزمەتی دەکەن" (ئاشکراکردن ٢٢: ٣).  

لەم ژیانەدا بەهۆی گوناهەوە ناتوانین بە تەواوی خزمەتی یەزدان بکەین، بەڵام لە بەهەشتدا "هیچ نەفرەتێک نامێنێت" (ئاشکراکردن ٢٢: ٣). چیدیکە لە ژێر دەسەڵاتی گوناهدا نابین، هەربۆیە لە بەهەشتدا هەموو شتێک کە دەیکەین بریتی دەبێت لە پەرستنی خودا. هیچ شتێک بەلای خۆیماندا ڕاناکێشێت جگە لە خۆشویستنی خودا. هەموو ئەو شتانەی دەیکەین لە خۆشەویستیمان دەبێت بۆ خودا و دووردەبین لە سروشتی گوناهبارمان. 

کەواتە لە بەهەشت چی دەکەین؟ خۆشترین شت بەلای منەوە بریتیە لە فێربوون. "چونکە کێ بیری یه‌زدانی زانی؟ یان كێ بووه‌ ڕاوێژكاری؟" (ڕۆما ١١: ٣٤). "له‌ ئه‌ودا هه‌موو گه‌نجینه‌ی دانایی و زانیاری شاردراوه‌ته‌وه‌." (کۆڵۆسی ٢: ٣). "چونكه‌ خودای به‌رز و بڵند كه‌ به‌ نه‌مری نیشته‌جێیه‌، ناوی پیرۆزه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌ جێی به‌رز و پیرۆز نیشته‌جێم، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دام كه‌ دڵشكێنراون و بێفیزن، بۆ ئه‌وه‌ی بێفیز و دڵشكێنراوه‌كان بژیێنمه‌وه‌" (ئیشایا ٥٧: ١٥). خودا گەورەترە لە جاویدانی و ئەزەلییەت، پێویستمان بە جاویدانی و ئەزەللیەت هەیە تاوکو "له‌گه‌ڵ هه‌موو پیرۆزكراوان تێبگەین كه‌ پانی و درێژی و به‌رزی و قووڵی خۆشه‌ویستی مه‌سیح چییه‌، تاكو خۆشه‌ویستی مەسیح‌ بناسن" ئەفەسۆس ٣: ١٨- ١٩). بە واتایەکی دیکە، ئێمە هەرگیز لە فێربوون ناوەستین. 

کتێبی پیرۆز دەڵێت کە ئێمە لە بەهەشتەکەیدا تەنها نابین. "ئێستا هه‌ندێك ده‌زانم، به‌ڵام دواتر به‌ ته‌واوی ده‌زانم، هه‌روه‌ك چۆن ته‌واو ناسراوم" (یەکەم کۆڕنسۆس ١٣: ١٢). وادیارە ئەم ئایەتە دەڵێت کە لە بەهەشتدا نەک تەنها هاوڕێ و خێزانەکانمان دەناسین، بەڵکو "بەتەواوی دەیاناسین". بە واتایەکی دیکە، لە بەهەشتدا پێویست بە هیچ نهێنیەک ناکات. هیچ شتێک نیە کە مایەی شەرمەزاری بێت بۆمان. پێویست ناکات هیچ شتێک بشاریتەوە. باسی ژیانی جاویدانی و ئەزەلی دەکەین " ئاپۆره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵك له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و هۆز و گه‌ل و زمانێك كه‌ له‌ ژماره‌ نه‌ده‌هات" (ئاشکراکردن ٧: ٩). مایەی سەرسوڕمان نییە کە بەهەشت شوێنێکە بۆ فێربوونی ناکۆتا و جاویدانی، تەنیا ناسینی هەموو کەسەکان کاتی بێکۆتا و ئەزەلییەتی پێویستە!  

مەزەندە و چاوەڕوانی زیاتر لەبارەی ئەوەی کە ئێمە لە باخچەی جاویدانی خودا "بەهەشت" چیدەکەین، زۆر بەرزتر دەبێتەوە کاتێک: "پاشا به‌وانه‌ی لای ڕاستیه‌وه‌ن ده‌فه‌رموێ: وه‌رن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوكم به‌ره‌كه‌تی پێدان، ببنه‌ میراتگری ئه‌و شانشینه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ بۆتان ئاماده‌ كراوه‌" (مەتا ٢٥: ٣٤). گرنگ نییە لە بەهەشت چی ئەنجام دەدەین، گرنگ ئەوەیە دڵنیاین لەوەی کە سەرسوڕهێنەر دەبێت و لە سەرووی خەیاڵ و چاوەڕوانییەکانی ئێمەوە دەبێت.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org

Saturday, July 2, 2016

کتێبی پیرۆز لەبارەی بەڕۆژووبوونی مەسیحییەکانەوە چی دەڵێت؟



کتێبی پیرۆز لەبارەی بەڕۆژووبوونی مەسیحییەکانەوە چی دەڵێت؟
کتیبی پیرۆز داوا ناکات کە باوەڕداران بەڕوژوو بن. یەزدان داوای نەکردووە یان ئەمری نەکردووە کە باوەڕداران بەڕوۆژوو بن. بەڵام لە هەمان کاتدا، کتێبی پیرۆز دەڵێت کە ڕۆژوو شتێکی باش و بەسوود و بەکەڵکە. لە (کرداری نێردراوان ١٣: ٢، ١٤: ٢٣)دا هاتووە کە باوەڕداران پێش یەکلاییکردنەوەی بڕیارە گرنگەکان بەڕۆژوو دەبوون. نوێژ و ڕۆژوو زۆربەی جار بەیەکەوە دێن (لۆقا ٢: ٣٧، ٥: ٣٣). بەگشتی کە باسی ڕۆژوو دەکرێت بیر لە نان نەخواردن دەکەینەوە، بەڵام لەڕاستیدا ڕۆژوو دەبێت واتلێبکات کە چاوت لە شتە دنییاییەکان دوور بکەوێتەوە و لەبەرانبەردا بەرەو یەزدان بڕۆیت و هەموو بیر و هزرت لەسەر یەزدان بێت. ڕۆژوو ڕێگەیەکە کە بە هۆیەوە دەتوانین بۆ خۆمان و یەزدانی دەربخەین کە پەیوەندیمان لەگەڵ یەزدان توندوتۆڵە و پەیوەندی تایبەتیمان لەگەڵی هەیە. ڕۆژوو وامان لێدەکات کە ڕوانینێکی نوێمان هەبێت و متمانەمان لەسەر یەزدان نوێ بکەینەوە. 

هەرچەندە زۆربەی ئەو ڕۆژووانەی کە لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی بۆ کراوە، ڕۆژووی خواردنە، بەڵام بە شێوەی دیکەش دەتوانی بەڕۆژوو بیت. هەرشتێک کە وەلاوە بنرێت تاکو تەواوی بیر و هزرمان لەسەر یەزدان بێت، دەکرێت پێی بوترێت ڕۆژوو (سەیری یەکەم کۆرنسۆس ٧: ١- ٥ بکە). بەڕۆژوو بوون دەبێت بۆ کاتێكی دیاریکراو بێت بەتایبەت ئەگەر پەیوەست بوو بە خواردنەوە. جەستەت زیانی پێدەگات ئەگەر هاتوو بۆ ماوەیەکی زۆر نانت نەخوارد. بەڕۆژووبوون بۆ ئەوە نییە کە سزای جەستەت بدەیت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ئاراستەی هزر و فکرت بەرەو یەزدان ببات. هەروەها نابێت ڕۆژوو وەکو "شێوازی بەرنامەی خۆراکی" چاو لێبکەین. مەبەست لەو ڕۆژووەی کە لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێکراوە ئەوە نییە کە بە هۆیەوە کێشت دابەزێنیت بەڵکو قوڵبوونەوەی پەیوەندییە لەنێوان باوەڕدار و یەزداندا. هەموو کەسێک دەتوانێت بەڕۆژوو بێت بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت خۆی لە خواردن دوور بخاتەوە بەهۆی هەبوونی نەخۆشی شەکرە و فشار و هتد. لە لایەکی دیکەوە، هەموو کەسێک دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەرداری هەندێک شت ببێت بۆ ئەوی لە یەزدان نزیکتر ببێتەوە.

ئەگەر چاومان لەسەر شتە دنیاییەکان لاببەین، باشتر دەتوانین هزر و فکرمان لەسەر مەسیح جێگیربکەین. ڕۆژوو ڕێگەیەک نییە تاکو بەهۆیەوە کارێك بکەین کە یەزدان ئەوەمان بۆ جێبەجێ بکات کە داوای دەکەین. بیرت نەچێت کە ڕۆژوو ئێمە دەگۆڕێت، یەزدان ناگۆڕێت. ڕۆژوو ڕێگەیەک نییە تاکو نیشانی بدات کە لایەنی ڕۆحی ئێمە لە سەرەوەی خەڵکی دیکەوەیە. بەڕۆژووبوون دەبێت بە ڕۆحێکی بێفیز و ئاکارێكی دڵشادەوە ئەنجام بدرێت. (مەتا ٦: ١٦- ١٨) دەڵێت: "كاتێك به‌ڕۆژوو ده‌بن، ڕووگرژ مه‌بن وه‌ك دووڕووان، چونكه‌ ڕوویان ده‌گۆڕن تاكو بۆ خه‌ڵكی ده‌ربخه‌ن كه‌ به‌ڕۆژوون. ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وانه‌ پاداشتی خۆیان وه‌رگرتووه.‌ به‌ڵام تۆ كه‌ به‌ڕۆژوو ده‌بیت، سه‌رت چه‌ور بكه‌ و ده‌موچاوت بشۆ، تاکو بۆ خه‌ڵك ده‌رنه‌كه‌وێت كه‌ به‌ڕۆژوویت، ته‌نها باوكی نه‌بینراوت نه‌بێت، باوكیشت ئه‌و كاره‌ ده‌بینێت كه‌ به‌ نهێنی ئه‌نجام دراوه‌، پاداشتت ده‌داته‌وه‌."

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org