Sunday, July 10, 2016

ئایا لە بەهەشت چی دەکەین و خەریکی چی دەبین؟



ئایا لە بەهەشت چی دەکەین و خەریکی چی دەبین؟

لە (لۆقا ٢٣: ٤٣)، عیسا دەفەرموێت: "ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت." ئەو وشەیەی کە عیسا بۆ بەهەشتی بەکارهێناوە پارادیۆسێس" بوو، بە مانای "باخچە" دێت، لێردا مەبەست لە عەدەنە (شوێنی دڵخۆشبوونی داهاتوو، بەهەشت)." وشەی یۆنانی "پارادیۆسێس" کە لە وشەی عیبری "پاردێس"ـەوە وەرگیراوە بە واتای "بەهەشت: دارستان، باخچە، باخ" دێت. عیسا فەرمووی: "ئەمڕۆ لەگەڵ من لە "پارادیۆسێس (بەهەشت)" دەبیت نەک "نێفێل" کە وشەیەکی یۆنانیە بە واتای "ناو هەورەکان" دێت. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە عیسا وشەیەکی بەکارهێناوە کە بە واتای "باخچەیەک" دێت. نەک هەموو باخچەیەک، بەڵکو "بەهەشتی خودا" یان باخچەی خودا (ئاشکراکردن ٢: ٧)؛ ئەم باخچەیە دەبێتە شوێنی دلخۆشی داهاتوومان. ئایا ئەم باخچەیە پێدەچێت شوێنێکی بێزارکەر بێت؟ کاتێ بیر لە باخچە دەکەیتەوە، بێزاربوون دێت بە مێشکتدا؟

عیسا فەرمووی: "كڕنۆش بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت" (مەتا ٤: ١٠). مایەی سەرنجە کە عیسا نەیگوت "ستایش و خزمەتی پەروەردگارت دەکەیت." تەنانەت ئەگەر بە خێرایی چاوێکیش بە وشەی ستایش لە کتێبی پیرۆزدا بخشێنین بۆمان دەردەکەوێت کە شتێکی زارەکییە و زۆرتر لە سرودی ڕۆحیدا بەکاردێت. بەڵام "پەرستن" لە دڵەوەیە و زارەکی نییە. پەرستن لەشێوەی ستایشدا خۆی دەردەخات. خزمەتکردنی خودا پەرستنە، کتێبی پیرۆز بەڕوونی پێمان دەڵێت کە ئێمە لە بەهەشدا خزمەتی خودا دەکەین. "بەندەکانی خزمەتی دەکەن" (ئاشکراکردن ٢٢: ٣).  

لەم ژیانەدا بەهۆی گوناهەوە ناتوانین بە تەواوی خزمەتی یەزدان بکەین، بەڵام لە بەهەشتدا "هیچ نەفرەتێک نامێنێت" (ئاشکراکردن ٢٢: ٣). چیدیکە لە ژێر دەسەڵاتی گوناهدا نابین، هەربۆیە لە بەهەشتدا هەموو شتێک کە دەیکەین بریتی دەبێت لە پەرستنی خودا. هیچ شتێک بەلای خۆیماندا ڕاناکێشێت جگە لە خۆشویستنی خودا. هەموو ئەو شتانەی دەیکەین لە خۆشەویستیمان دەبێت بۆ خودا و دووردەبین لە سروشتی گوناهبارمان. 

کەواتە لە بەهەشت چی دەکەین؟ خۆشترین شت بەلای منەوە بریتیە لە فێربوون. "چونکە کێ بیری یه‌زدانی زانی؟ یان كێ بووه‌ ڕاوێژكاری؟" (ڕۆما ١١: ٣٤). "له‌ ئه‌ودا هه‌موو گه‌نجینه‌ی دانایی و زانیاری شاردراوه‌ته‌وه‌." (کۆڵۆسی ٢: ٣). "چونكه‌ خودای به‌رز و بڵند كه‌ به‌ نه‌مری نیشته‌جێیه‌، ناوی پیرۆزه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌ جێی به‌رز و پیرۆز نیشته‌جێم، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دام كه‌ دڵشكێنراون و بێفیزن، بۆ ئه‌وه‌ی بێفیز و دڵشكێنراوه‌كان بژیێنمه‌وه‌" (ئیشایا ٥٧: ١٥). خودا گەورەترە لە جاویدانی و ئەزەلییەت، پێویستمان بە جاویدانی و ئەزەللیەت هەیە تاوکو "له‌گه‌ڵ هه‌موو پیرۆزكراوان تێبگەین كه‌ پانی و درێژی و به‌رزی و قووڵی خۆشه‌ویستی مه‌سیح چییه‌، تاكو خۆشه‌ویستی مەسیح‌ بناسن" ئەفەسۆس ٣: ١٨- ١٩). بە واتایەکی دیکە، ئێمە هەرگیز لە فێربوون ناوەستین. 

کتێبی پیرۆز دەڵێت کە ئێمە لە بەهەشتەکەیدا تەنها نابین. "ئێستا هه‌ندێك ده‌زانم، به‌ڵام دواتر به‌ ته‌واوی ده‌زانم، هه‌روه‌ك چۆن ته‌واو ناسراوم" (یەکەم کۆڕنسۆس ١٣: ١٢). وادیارە ئەم ئایەتە دەڵێت کە لە بەهەشتدا نەک تەنها هاوڕێ و خێزانەکانمان دەناسین، بەڵکو "بەتەواوی دەیاناسین". بە واتایەکی دیکە، لە بەهەشتدا پێویست بە هیچ نهێنیەک ناکات. هیچ شتێک نیە کە مایەی شەرمەزاری بێت بۆمان. پێویست ناکات هیچ شتێک بشاریتەوە. باسی ژیانی جاویدانی و ئەزەلی دەکەین " ئاپۆره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵك له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و هۆز و گه‌ل و زمانێك كه‌ له‌ ژماره‌ نه‌ده‌هات" (ئاشکراکردن ٧: ٩). مایەی سەرسوڕمان نییە کە بەهەشت شوێنێکە بۆ فێربوونی ناکۆتا و جاویدانی، تەنیا ناسینی هەموو کەسەکان کاتی بێکۆتا و ئەزەلییەتی پێویستە!  

مەزەندە و چاوەڕوانی زیاتر لەبارەی ئەوەی کە ئێمە لە باخچەی جاویدانی خودا "بەهەشت" چیدەکەین، زۆر بەرزتر دەبێتەوە کاتێک: "پاشا به‌وانه‌ی لای ڕاستیه‌وه‌ن ده‌فه‌رموێ: وه‌رن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوكم به‌ره‌كه‌تی پێدان، ببنه‌ میراتگری ئه‌و شانشینه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ بۆتان ئاماده‌ كراوه‌" (مەتا ٢٥: ٣٤). گرنگ نییە لە بەهەشت چی ئەنجام دەدەین، گرنگ ئەوەیە دڵنیاین لەوەی کە سەرسوڕهێنەر دەبێت و لە سەرووی خەیاڵ و چاوەڕوانییەکانی ئێمەوە دەبێت.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org

No comments:

Post a Comment