Wednesday, August 31, 2016

بۆچی خودا ئێمەی بەدیهێنا؟ بۆچی ئێمە لێرەین؟



بۆچی خودا ئێمەی بەدیهێنا؟ بۆچی ئێمە لێرەین؟
وەڵامێکی کورت و پوختی پرسیاری "بۆچی خودا ئێمەی بەدیهێنا" ئەوەیە کە خودا ئێمەی بۆ "دڵخۆشی خۆی" بەدیهێنا. (ئاشکراکردن ٤: ١١) دەڵێت: "ئه‌ی خودای په‌روه‌ردگارمان، تۆ شایانی ئه‌وه‌ی شكۆ و ڕێز و توانا وه‌ربگریت، چونكه‌ تۆ هه‌موو شتێكت به‌دیهێناوه‌، به‌ خواستی تۆش هه‌ن و به‌دیهێنران." هەروەها لە (کۆلۆسی ١: ١٦)دا هاتووە: "هه‌موو شتێک به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ و بۆ ئه‌و به‌دیهێنران.
بەدیهێنانی ئێمە بۆ خۆشی خودا بە مانای ئەوە نیە کە بۆ سەرگەرمکردنی خودا یان ڕابواردنی ئەو بەدیهێنراوین. خودا بەدیهێنەرە، بەدیهێنان دڵخۆشی دەکات. خودا، بە هەبوونی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ دروستکراوەکانیدا دڵخۆش دەبێت. 
لەبەرئەوەی ئێمەی مرۆڤ لە وێنەی خودا دروستکراوین (پەیدابوون ١: ٢٧)، توانای ئەوەمان پێدراوە کە خودا بناسین، خۆشمان بوێت، بیپەرستین، خزمەتی بکەین و پەیوەندیمان لەگەڵی هەبێت. خودا مرۆڤی دروست نەکرد لەبەرئەوەی پێویستی پێیەتی. خودا پێویستی بە هیچ کەس و هیچ شتێک نییە. یەزدان، لە ڕابردووی ئەزەلی و جاویدانیدا، هەرگیز هەستی بە تەنیایی نەکردووە، هەربۆیە بەدوای "هاوڕێ و هاودەم"دا ناگەڕێت. خودا خۆشی دەوێین، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە پێویستی پێمانە. ئەگەر هەرگیز بوونمان نەبوایە، خودا هەر ئەم خودا نەگۆڕەی ئێستا دەبوو (مەلاخی ٣: ٦). خودایەک کە بە "من هەم" خۆی دەناسێنێت، هەرگیز لەبەر بوونی ئەزەلی خۆی دڵتەنگ نابێت. کاتێک خودا گەردوونی بەدیهێنا، ئەو شتەی کرد کە پێی خۆش بوو، لەبەرئەوەی خودا تەواوە، کردارەکانی تەواو و بێگەردە. 
هەروەها، خودا کەسێکی "هاوشان"ی خۆی یان یەکسانی لەگەڵ خۆیدا بەدینەهێنا. بەشێوەیەکی لۆژیکی، ئەو نەیدەتوانی ئەو کارە ئەنجامبدات. ئەگەر خودا بەدیهێنراوێکی دیکەی وەکو خۆی یەکسان لە هێز، زیرەکی و بێگەردی بەدیبهێنابا ئەوا ئەو چیتر تاکە خودای ڕاستی نەدەبوو؛ ئەوکات دەبوون بە دوو خودا، کە ئەمەش مەحاڵە. "یه‌زدان خۆی خودایه‌، بێجگه‌ له‌و یه‌كێكی دیكه‌ نییه‌" (دواوتار ٤: ٣٥). هەرشتێک خودا بەدیدەهێنێت پێویستە کەمتر بێت لە خۆی.  ئەو شتەی بەدیدەهێنرێت (مخلوق)، هەرگیز لە بەدیهێنەرەکەی (خالق) گەورەتر نیە.
لەگەڵ باڵادەستی تەواو و پیرۆزی خودا، سەمانسوڕماوە لەوەی کە تاجی "شکۆ و رێزی" کردە سەری مرۆڤ (زەبوورەکان ٨: ٥) و بەوپەڕی بێفیزییەوە ئێمەی بە "هاوڕێ" بانگ کرد (یوحەنا ١٥: ١٤- ١٥). بۆچی خودا ئێمەی بەدیهێنا؟ خودا ئێمەی بۆ دڵخۆشی خۆی بەدیهێنا، ئێمەش وەکو بەدیهێنراوەکانی ئەو، چێژ و دڵشادی ناسینی ئەومان هەبێت. 

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی


ژێدەر: qotquestions.org


No comments:

Post a Comment