سێ دار سەرووەکە
بەپێی داستانێكی
دێرین، سێ دار سەروو لە دارستانێكی جوانی لوبنان دێنە ژیانەوە. وەك ھەموویشمان
دەزانین، دار سەروو ماوەیەكی زۆری دەوێت بۆ گەشەكردن، ئەم جۆرە دارە، چەندین
سەدەیش بە بیركردنەوە لە ژیان و مەرگ، سروشت و مرۆڤایەتییەوە بەسەر دەبات.
گەواھیدەری ھەڵمەتێك
بوون، كە لەلایەن پاشا سلێمانی ئیسرائیلەوە نێردرابوو، دواتریش، لەو شەڕەی لەگەڵ سوورییەکان
كردیان، دارەكان ڕووباری خوێنیان بە چاوەكانی خۆیان بینیبوو. ڕوبەڕوی ئەو دوژمنە
كوشندانە بوونەوە، ئیزابێل و پەیامبەر ئێلیا. لەوێدا بوون، كە ئەلفبێ داھێنرا،
ھەروەھا سەرسامی ئەو كاروانانە بوون، كە تۆپەقوماشی ڕەنگاوڕنگیان لەگەڵ خۆیان
ھەڵگرتبوو.
ڕۆژێك بڕیاریان دا
گفتوگۆ لەبارەی داھاتووەوە بكەن.
یەكەم داریان گوتی، "لەپاش
بینینی ھەموو ئەم شتانە، لە داھاتوودا حەز دەكەم ببمە تەختی بەھێزترین شا."
دووەمیان گوتی، "منیش
حەز دەكەم ببمە بەشێك لە شتێك، كە بۆ ھەمیشە خراپ بگۆڕێت بە باش."
سێیەم داریان گوتی، "منیش
حەز دەكەم ببمە شتێك، ھەركات خەڵكی چاویان پێم كەوت، خودایان بیر بكەوێتەوە."
ساڵ ھات و ساڵ ڕۆیشت
و داربڕەكان هاتن. دار سەرووەکان بڕدران و كەشتییەك بەرەو دوور ھەڵیگرتن.
ھەریەك لە دار
سەرووەکان، ئاواتێكی خواستبوو، بەڵام حەقیقەت گوێ بە خەونەكانمان نادات؛ یەكەم دار
كرا بە تەویلە، ئەوەیشی كە لێی مایەوە، كرا بە ئاخوڕێك. دووەم داریان كرا بە
مێزێكی سادە، دواتریش بە كەلوپەلفرۆشێك فرۆشرا. لەبەرئەوەی تەختەی سێیەم داریان
ھێشتا نەفرۆشرابوو، كرا بە چەند سێرێك و لە عەمباری شارێكی گەورەدا ھەڵگیرا.
سێ دارەكە بە غەمباری
گوتیان: "تەختەكانمان باش بوون، بەڵام ھیچ كەسێك سوودێكی تایبەتی لێمان
نەبینی."
كات تێپەڕی و شەوێكی
بەئەستێرەدرەوشاوە، ژن و مێردێك، لەبەر ئەوەی نەیانتوانی پەناگەیەك بدۆزنەوە،
بڕیاریان دا لەو تەویلەیەدا شەو بكەنەوە كە لە تەختەداری دار سەرووی یەکەم دروست
كرابوو. ئەو شەوە ژنەكە ژان گرتی و ھەر لەوێدا منداڵی بوو، كوڕە تازەلەدایكبووەكەی
خستە سەر كای ناو ئاخوڕە لەداردروستكراوەكە.
لەو ساتەدا، یەكەم
دار تێگەیشت كە خەونەكەی ھاتووەتە دی: ئەوەتا مەزنترین پاشای سەر زەوی هەڵگرتووە.
لەپاش چەند ساڵێك، لە
ماڵێكی نوێدا، كۆمەڵێك پیاو بەدەوری ئەو مێزەدا دانیشتبوون، كە لە تەختەی داری دووەم
دروست كرابوو. بەر لەوەی دەست بە نانخواردن بكەن، یەكێك لە پیاوەكان چەند وشەیەكی
بەسەر ئەو نان و شەرابەدا گوت، كە لە بەردەمیاندا بوو.
لەو ساتەیشدا دووەم
دار بۆی دەركەوت، نەك ھەر تەنیا بووەتە یاریدەی نان و شەرابێك، بەڵكوو توانیویەتی
بە شێوەیەكی ئەرێنی دەستی هەبێت لەنێوان یەكێتیی نێوان خودا و مرۆڤ.
ڕۆژی دواتر، كۆمەڵێك
پیاو دوو پارچەتەختەی درێژیان لە داری سێیەم كردەوە و بە بزمارێك پێكیانەوە بەستن،
تا خاچێكیان لێ دروست بكەن. خاچەكەیان لە سووچێكدا جێھێشت و لەپاش چەند كاتژمێرێك،
پیاوێكی بەسەختی بریندارکراویان ھێنا، تا بە خاچەكەدا ھەڵی بواسن. دارەكە تۆقیبوو،
شینی بۆ چارەنووسی خۆی دەگێڕا.
دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ،
دارەكە لە ڕۆڵی خۆی تێگەیشت: ئەو پیاوەی بە خاچەكەوە ھەڵواسرا، بووە ڕووناكیی جیھان.
ئەو خاچەی لە دارەكە دروست كرابوو، لە چوارچێوەی نیشانەی ئەشكەنجەدان ھاتە دەرێ و
بووە ھێمای سەركەوتن.
ھەر وەك چۆن ھەمیشە
بەسەر خەوندا ڕوو دەدات، سێ دار سەرووەکەی لوبنان بە چارەنووسی خۆیان گەیشتن؛
بەڵام بەو جۆرە نا كە چاوەڕوانیان دەكرد.
نووسەر: پاوڵۆ کۆیلۆ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سیروان
مەحمود
*بە داوای لێبوردن لە وەرگێڕی بەڕێز، گۆڕانکارییەکی بچووکم لە دەقەکە کردووە (بنیامین بارامی)
No comments:
Post a Comment