Monday, September 19, 2016

ئایا لە بەهەشت هاوسەرگیری (زەواج) هەیە؟



ئایا لە بەهەشت هاوسەرگیری (زەواج) هەیە؟




کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت، "له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا خه‌ڵكی نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك فریشته‌ له‌ ئاسمان ده‌بن" (مەتا ٢٢:٣٠). ئەمە وەڵامی مەسیح بوو بۆ ئەو پرسیارەی کە ئەگەر ژنێک لەسەر زەوی چەندین جار هاوسەرگیری کردبێت، لە بەهەشت کام لە هاوسەرەکانی دەبنە هاوسەری (مەتا ٢٢: ٢٣- ٢٨).
لەڕاستیدا، شتێک بەناو هاوسەرگیری لە بەهەشتەدا بوونی نیە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ژن و مێرد لە بەهەشتدا چیدیکە یەکتر ناناسن. هەروەها بەو واتایەش نایەت کە ژن و مێرد لە بەهەشت ناتوانن پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ یەکتر هەبێت. بەڵكو واتای ئەوەیە کە ژن و مێرد چیدیکە لە بەهەشت ژن و مێرد نین و ژیانی ژن و مێردایەی پێکەوە بەسەرنابەن.
لە بەهەشت زەواج بوونی نابێت چونکە پێوستت بە زەواج نابێت. خودا بەمەبەستی پڕکردنەوەی چەند پێویستییەک زەواجی دانا. یەکەم، بینی کە ئادەم پێویستی بە هاودەمێکە. "یه‌زدانی په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: باش نییه‌ بۆ پیاو به‌ ته‌نها بێت. یاریدەدە‌رێكی هاوشانی بۆ دروستده‌كه‌م" (پەیدابوون ٢: ١٨). حەوا کێشەی تەنیایی ئادەمی چارەسەر کرد، هەروەها کێشەی هاودەم و یارمەتیدەریشی چارەسەر کرد. کەسێک دەبوا بێتە لای ئادەم و ببوایە بە هاودەمی ژیانی. بەڵام لە بەهەشت شتێک بە ناوی تەنیایی بوونی نابێت، هەروەها پێویستت بە هاودەم و یارمەتیدەر نابێت. ژمارەیەکی زۆر باوەڕدار و فریشتە دەورمان دەدەن (ئاشکراکردن ٧: ٩)، هەموو پێداویستییەکانمان دابیندەکرێت، بە پێداویستی هاودەمیشەوە.
دووەم، خودا زەواجی وەکو ڕێگەی زیادبوونی نەوە و پڕبوونی زەوی بە مرۆڤ بەکارهێنا. بەهەشت بە وەچە خستنەوە جەنجاڵ و پڕناکرێتەوە. ئەوانەی کە دەڕۆن بۆ بەهەشت لەڕێگەی باوەڕیان بە عیسای مەسیح دەڕۆنە بەهەشت، نەوەک ئەوەی کە لە بەهەشت لەڕێگەی زەواجەوە لەدایکبووبێتن.
ئێستا لەلامان ڕوونە کە لە بەهەشت هیچ پێویستییەکمان بە زەواج نابێت، چونکە لە بەهەشت شتێک بەناو وەچەخستنەوە یان تەنیایی بوونی نابێت.



تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org


No comments:

Post a Comment