Monday, September 12, 2016

ئایا کتێبی پیرۆز پێشبینی هاتنی موحەمەدی کردووە؟




سێ دەقی بنچینەیی کتێبی پیرۆز هەیە کە موسڵمانەکان زۆربەی جار وەکو پێشبینی لەسەر هاتنی موحەمەد ئاماژەی پێدەکەن، ئەوانیش: دواوتار ١٨: ١٥- ٢٢، گۆرانی گۆرانییەکان ٥: ١٦، یۆحەنا ١٦: ٥- ١١.

"یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌نێوتان له‌ براكانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ك منتان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات، گوێی لێبگرن. به‌گوێره‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان داواكرد له‌ حۆرێڤ له‌ ڕۆژی كۆبوونه‌وه‌ و گوتتان: با ئیتر گوێمان له‌ ده‌نگی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان نه‌بێت و ئه‌م ئاگره‌ مه‌زنه‌ش نه‌بینینه‌وه‌ نه‌وه‌ك بمرین. یه‌زدانیش پێی فه‌رمووم: چاكیان كرد له‌وه‌ی گوتیان، له‌نێو براكانیان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ك تۆیان بۆ داده‌نێم و وته‌كانم ده‌خه‌مه‌ ده‌می و ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پێ ده‌ده‌م ئه‌و بۆیان پێی ده‌دوێت. جا وا ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی گوێ له‌ وشه‌كانم نه‌گرێت كه‌ ئه‌و به‌ ناوی منه‌وه‌ پێی ده‌دوێت، من لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م. به‌ڵام ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی لووتبه‌رز ده‌بێت و به‌ ناوی منه‌وه‌ قسه‌یه‌ك ده‌كات كه‌ من فه‌رمانم پێی نه‌كردووه‌ بیكات، یان ئه‌وه‌ی به‌ ناوی خودای دیكه‌وه‌ قسه‌ بكات، ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ ده‌بێت بمرێت. ئه‌گه‌ر له‌ دڵتانه‌وه‌ بڵێن چۆن ئه‌و قسه‌یه‌ بزانین كه‌ یه‌زدان نه‌یفه‌رمووه‌، ئه‌وا ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌رێك به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ قسه‌ی پێكردووه‌ و ڕووی نه‌دا و نه‌بوو، ئه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌یه‌ كه‌ یه‌زدان نه‌یفه‌رمووه‌، به‌ڵكو ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ به‌ لووتبه‌رزییه‌وه‌ گوتوویه‌تی، لێی مه‌ترسن" (دواوتار ١٨: ١٥- ٢٢).

"ده‌می شیرینه‌، سه‌راپای خۆشه‌ویسته‌. ئه‌مه‌ دڵداره‌كه‌مه‌، ئه‌و ئازیزی منه‌، ئه‌ی كچانی ئۆرشه‌لیم! (گۆرانی گۆرانییەکان ٥: ١٦)

"ئێستا ده‌چمه‌ لای ئه‌وه‌ی ناردوومی و كه‌ستان ناپرسێت بۆ كوێ ده‌چیت چونكه‌ ئه‌مه‌م پێ گوتن، دڵگرانی دایگرتن. به‌ڵام ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: باشتره‌ بۆتان كه‌ بڕۆم چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆم، یارمه‌تیده‌ره‌كه‌تان بۆ نایه‌ت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕۆم بۆتانی ده‌نێرم. كاتێك ئه‌و دێت، ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ جیهان به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوون له‌ گوناه و دادپه‌روه‌ری و حوكمدان: له‌سه‌ر گوناه، چونكه‌ باوه‌ڕم پێ ناهێنن؛ له‌سه‌ر ڕاستودروستی، چونكه‌ ده‌چمه‌ لای باوك و ئیتر نامبینن؛ له‌سه‌ر حوكمدانیش، چونكه‌ گه‌وره‌ی ئه‌م جیهانه‌ حوكم دراوه‌" (یۆحەنا ١٦: ٥- ١١)

یەکەم، سەبارەت بە (دواوتار ١٨: ١٥ -٢٢)، هەڵوێست و سیاقی دەقەکە دەگەرێتەوە بۆ (ئایەتی ٩- ١٤) کە دەڵێت: "كاتێك چوونه‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات، وه‌ك نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ مەكه‌ن. ئه‌وانه‌تان تێدا نییه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی یان كچه‌كه‌ی وه‌ك قوربانی بسووتێنێت، هه‌روه‌ها نه‌ ئه‌وانه‌ی فاڵگرتنه‌وه‌ ده‌كه‌ن و نه‌ به‌خت خوێندنه‌وه‌ و نه‌ جادووگه‌ری و نه‌ سیحربازی، نه‌ ئه‌وانه‌ی نوشته‌ ده‌كه‌ن و نه‌ ئه‌وانه‌ی نێوانگرن و نه‌ ئه‌وانه‌ی ڕۆح ئاماده‌كارن و نه‌ ئه‌وانه‌ی ڕاوێژ به‌ مردووان ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك ئه‌م نه‌ریتانه‌ په‌یڕه‌و بكات له‌لای یه‌زدان قێزه‌ونه‌، هه‌ر به‌هۆی ئه‌م نه‌ریته‌ قێزه‌ونانه‌یه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌رده‌متان ڕاو ده‌نێت. له‌لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بێ كه‌موكوڕی ده‌بن. پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ئێوه‌ جێیان ده‌گرنه‌وه‌ گوێ له‌ به‌خت خوێنه‌ر و فاڵگره‌وان ده‌گرن، به‌ڵام بۆ ئێوه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌م شێوه‌یه‌ ڕێی نه‌داوه‌."
 
لەو دقەدا موسا خەڵکی لە مەترسیەکانی پێغەمبەرە درۆزنەکان ئاگادارکردەوە. گەلی خودا دەبێت خۆیان لەو کەسانە بپارێزن کە دوور لە ڕاستی خودا لەبارەی ڕاستی رۆحییەوە بەشێوەیەکی دەسەڵاتئامێز دەدوێن. ڕاستی خودا چییە؟ (ئایەتی ١٥) دەڵێت پێغەمبەرێکی تایبەت لەنێو جولەکەکانەوە سەرهەڵدەدات کە وەکو موسا دەبێت. سەرنج بدە، ناڵێت پێغەمبەرێکی ئاسایی، واتە وەک پێغەمبەرەکانی دیکە نابێت، بەڵکو پێغەمبەرێکی تایبەت دەبێت. ئەو کەسانەی کە پەیمانی کۆن دەخوێننەوە و باوەڕیان بە نوسینەکانیەتی بەدوای ئەم پێغەمبەرە تایبەت و جیاوازەدا دەگەڕان. لە ڕاستیدا هەندێ جولەکە پێیان وابوو کە، دەکرێت یەحیای عەمادکار بەدیهێنەری پێشبینیەکەی موسا بێت (یۆحەنا ١: ١٩ – ٣٠). بەڵام یەحیای عەمادکار دەڵێت کە ئەو پێشڕەوی پێشبینیەکەی موسا بوو، نەک بەدیهێنەری خودی پێشنینیەکە. 

کەواتە ئەو کەسەی ناو پێشبیبیەکەی کتێبی پیرۆز کێیە؟ ئەو کەسە عیسای مەسیحی پەروەردگارە. (یوحەنا ١: ٤٣- ٤٥) دەڵێت کە شوێنکەوتووە یەکەمەکانی عیسا دەیانزانی کە عیسا ئەو کەسەیە کە موسا پێشبینی هاتنی کردووە. عیسا خۆی ئەم شتەی لەبارەی خۆیەوە ڕوونکردوەتەوە (لوقا ٢٤: ٢٧). تەواوترین ڕستە کە عیسای وەکو بەڵێنی پێشبینیەکە نیشانداوە لە (کردارەکان ٣: ١٢- ٢٦)دا هاتووە.  

ستیفانۆس لە (کردار ٧: ٣٧) هەمان شت دووبارە دەکاتەوە: "ئه‌مه‌ ئه‌و موسایه‌یه‌ كه‌ به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی گوت: [خودا له‌نێو براكانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ك منتان بۆ داده‌نێت." هەموو کەسە دیارەکانی وەکو یەحیای عەمادکار و فیلیپۆس و پەترۆس و ستیفانۆس شایەتی ئەوەیان داوە کە عیسای مەسیح ئەو پێغەمبەرەیە کە لە (دواوتار ١٨: ١٥- ٢٢) پێشبینی لەسەر کراوە نەوەک موحەمەد. 

دووەم، لە (گۆرانی گۆرانییەکان ٥: ١٦) پاکیزەکە بە خۆشەویستەکەی گوت، "ده‌می شیرینه‌، سه‌راپای خۆشه‌ویسته‌. ئه‌مه‌ دڵداره‌كه‌مه‌، ئه‌و ئازیزی منه‌، ئه‌ی كچانی ئۆرشه‌لیم!" لەم سیاقەدا لە زمانی عیبری لەبەرانبەر وشەی "خۆشەویستی"ی کوردی، "מַחֲּמַדִּ֑ים ماهامادیم" بەکارهاتووە کە کۆکراوەی وشەی ماهامادە. "ماهاماد" واتای "خۆشەویست، جوان، یان خوازراو" دەدات. ڕاستە ئەمە واتای ڕیشەیی ناوی موحەمەدە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم ئایەتە باسی موحەمەد دەکات، بەتایبەتی کاتێک وشەکە وەکو هاوەڵناوی کۆ بەکارهاتووە و وەکو ناو بەکارنەهاتووە. 

کۆتایی، لە (یوحەنا ١٦: ٥- ١١)دا، عیسا پێشبینی کرد کە لەدوای ڕۆیشتنی ئەو، یارمەتیدەرەکەی دێت، ئەم یارمەتیدەرە "كاتێك دێت، ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ جیهان به‌ هه‌ڵه‌ له‌ گوناه و دادپه‌روه‌ری و حوكمدان تێگه‌یشتوون" (یۆحەنا ١٦: ٨). ئەم یارمەتیدەرە کێیە؟ عیسا خۆی وەڵامی داوەتەوە لە هەندێ ئایەتدا وەکو (یوحەنا ١٦: ١٣): "به‌ڵام كاتێك ئه‌و دێت، كه‌ ڕۆحی ڕاستییه‌، ئه‌و بۆ ڕاستی ته‌واو ڕێنماییتان ده‌كات، چونكه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ هیچ ناڵێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گوێی لێ ده‌بێت ده‌یڵێت و ڕایده‌گه‌یه‌نێت چی ڕووده‌دات." عیسا یارمەتیدەرەکە بە ڕۆحی پیرۆز ناودەبات. عیسا پێشتر هەمان دەستەواژەی بەکارهێناوە لە پێشبینی هاتنی ڕۆحی پیرۆز: "به‌ڵام یارمه‌تیده‌ره‌كه‌، ڕۆحی پیرۆز، ئه‌وه‌ی باوك به‌ ناوی منه‌وه‌ ده‌ینێرێت، ئه‌و هه‌موو شتێكتان فێرده‌كات و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێم گوتوون بیرتان ده‌خاته‌وه" (یوحەنا ١٤: ٢٦). ئەمە ڕوونکردنەوەیەکی باشی کتێبی پیرۆزە کەوا ڕاوێژکارەکەی عیسای مەسیح ڕۆحی پیرۆزە، نەک موحەمەد. 

لە ئەنجامدا بۆمان دەردەکەوێت کە کتێبی پیرۆز لە هیچ شوێنێکدا بە شێوەیەکی تایبەت پێشبینی هاتنی موحەمەدی نەکردوە، موحەمەد پێغەمبەری پێشبینیەکەی موسا نیە، هەروەها موحەمەد یارمەتیدەرە پێشبینیکراوەکەی عیسا نیە. هەرچەندە پەیامی موحەمەد لە زۆر لایەنەوە پێچەوانەی پەیامی عیسا و کتێبی پیرۆزە، بەڵام پێشبینیەک لە کتێبی پیرۆزدا لەسەر هاتنی موحەمەد لە (مەتا ٢٤: ١١)دا هاتووە کە دەڵێت: "زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، زۆر كه‌س چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن."

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org

2 comments:

  1. رونکردنوەکەت جێگای گومانە ئەزیزم.سیاقی

    ئایەتەکدەڵێت،یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌نێوتان له‌ براكانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌ك منتان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات تۆ لەشەرحەکەیخۆت نوسیوە تایبەت نەخێرنوسراوە وەک من واتەوەك موسا
    دەکەواتەبەپێی ئەم دەقە کەدەڵێت وەک من موسا ژنی هێناو وموحەمەدیش ژنی هێنا موسا بەشێوەیکی سروشتی لەدایک بو محمدیش بەهەمان شێوە هەردوکیان دایکو باوکیان هەبوە هەردوکیان منالیان هەبوەو ژناین هێناوە هەردوکیان وەک پێغەمبەر لەلایەن خەلکی خۆیان قبول کراونه هەردوکیان بەشێوەیەکی سروشتی مردون عیسا نەژنی هێناوە نەمنالیشی هەبوە تکایە دان بەڕاستەکان دابێن هەی خاوەن هۆش و بیرەکان

    ReplyDelete
  2. کەئەڵێی ئەم ئاوەناگینێ ئەیچی ئگەینێ فەرمو جوان بۆمان ڕونکەرەوە

    دووەم، لە (گۆرانی گۆرانییەکان ٥: ١٦) پاکیزەکە بە خۆشەویستەکەی گوت، "ده‌می شیرینه‌، سه‌راپای خۆشه‌ویسته‌. ئه‌مه‌ دڵداره‌كه‌مه‌، ئه‌و ئازیزی منه‌، ئه‌ی كچانی ئۆرشه‌لیم!"

    ReplyDelete