Thursday, December 21, 2017

ئایا لە ڕوانگەی کتێبی پیرۆزەوە، دەبێت ژن ملکەچی مێردەکەی بێت؟

ئایا لە ڕوانگەی کتێبی پیرۆزەوە، دەبێت ژن ملکەچی مێردەکەی بێت؟

ملکەچبوون بابەتێكی گرنگی پەیوەست بە هاسەرگیرییە. کتێبی پیرۆز پەیامێكی ڕوونی لەم بارەیەوە هەیە:

"ئەی ژنان، ملكەچی مێردەكانتان بن هەروەك چۆن ملكەچی مەسیحن، وەك چۆن مەسیح سەری كڵێسایە كە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگاركەریەتی، ئاوا پیاو سەری ژن، بەڵكو چۆن كڵێسا ملكەچی مەسیحە، ژنانیش لە هەموو شتێك بۆ مێردەكانیان." (ئەفەسۆس ٥: ٢٢-٢٤)

تەنانەت پێش ئەوەی کە گوناه بێتە نێو جیهانەوە، بنەمای سەرۆکبوونی پیاو بوونی هەبوو (یەکەم تیمۆساوس ٢: ١٣). ئادەم یەکەم جار دروستکرا، هەروەها حەوا بۆ ئەوە دروستکرا کە ببێتە "یارمەتیدەری" ئادەم (پەیدابوون ٢: ١٨-٢٠). خودا چەندین جۆری فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنیی لە جیهاندا داناوە. حکومەتی داناوە بۆ ئەوەی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا پەیڕەو بکات و پارێزگاری لە گەل و خەڵك بکات. قەشەی داناوە بۆ ئەوەی ئەرکی ڕێنمایی و لەوەڕاندنی مەڕەکانی خودا (باوەڕداران) جێبەجێ بکات. مێرد (هاوسەر) بۆ ئەوەی ژنەکانیان خۆش بوێت و بژێوییان دابین بکەن. باوک بۆ ئەوەی ئامۆژگاری منداڵەکانیان بکەن. لە هەریەک لەوانەی سەرەوەدا ملکەچبوون پێویستە: واتە پێویستە هاوڵاتیان ملکەچی حکومەت، ڕانەمەڕ ملکەچی شوان، ژن ملکەچی پیاو و منداڵ ملکەچی باوک بێت.

ئەو وشە ئەسڵییەی کە لە زمانی یۆنانیدا لە بەرامبەر "ملکەچبوون"ی کوردیدا بەکارهارتووە بریتییە لە "هوپۆتاسۆ" کە شێوازی بەردەوامی فرمانی ملکەچبوونە. واتە، ملکەچبوون بۆ خودا و حکومەت و قەشە و باوک و هاوسەر تەنها یەک جار نییە. کردارێكی بەردەوامە و بەپێی تێپەڕبوونی کات دەبێتە بەشێک لە ئاکار و هەڵسوکەوت.

بێگومان پێش هەموو شتێک، پێویستە لەسەرمان کە ملکەچی خودا بین کە تاکە ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی بتوانین گوێڕایەڵی بین (یاقوب ١: ٢١؛ ٤: ٧). هەروەها هەموو شوێنکەوتوویەکی مەسیح پێویستە بێفیز و خاکیی بێت و بەردەوام ملکەچی کەسانی دیکە بێت (ئەفەسۆس ٥: ٢١). لەبارەی ملەکچی نێوان ئەندامانی خێزان، (یەکەم کۆرنسۆس ١١: ٢-٣) دەڵێت کە مێرد پێویستە ملکەچی مەسیح بێت (وەکو چۆن مەسیح ملکەچی یەزدان بوو)، هەروەها ژن پێویستە ملکەچی مێردەکەی بێت.
لەم ڕۆژگارەدا هەڵە تێگەیشتنێکی زۆر هەیە لەبارەی ڕۆڵ و ئەرکی ژن و مێرد لە چوارچێوەی ژیانی هاوبەشدا. لە کاتێکدا کتێبی پیرۆز بە ڕوونی باسی ئەرک و ڕۆڵی ژن و مێردی کردووە، بەڵام زۆر کەس بە ئەنقەست پشتگوێی دەخەن بە بیانووی پێدانی ئازادی بە ژن، کە لە کۆتاییدا بە تێکچوون و پەرتەوازەبوونی ئەندامانی خێزان کۆتایی دێت. مایەی سەرسوڕمان نییە کە جیهان شێواز و پلانی خودا ڕەتدەکەنەوە، بەڵام شوێنکەوتووانی مەسیح دەبێت بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە شێوازی بەڕێوەبردنی خودایی پەیڕەو بکەن.

ملکەچبوون وشەیەکی خراپ نییە. ملکەچبوون ڕەنگدانەوەی کەمبوون یان بەهای کەمتر نییە. ئەوەتا مەسیح بەردەوام ملکەچی ویست و خواستی یەزدان بووە (لۆقا ٢٢: ٤٢؛ یۆحەنا ٥: ٣٠)، بەبێ ئەوەی زەڕەیەک لە بەهاکەی کەم ببێتەوە.

بۆ وەڵامدانەوەی بە هەڵە تێگەیشتنی جیهان لەبارەی ملکەچبوونی ژنان بۆ پیاوان، پێویستە لە (ئەفەسۆس ٥: ٢٢-٢٤)دا تیشک بخەینە سەر ئەم لایەنانای خوارەوە:

1.  ژن پێویستە ملکەچی مێردەکەی بێت، نەوەک هەموو پیاوێک. واتە ملکەچبوونی ژن لە هەمبەر تەواوی کۆمەڵگەدا نییە، بەڵكو تەنها هاوسەرەکەی خۆی دەگرێتەوە.
2.  ژن پێویستە بە ویست و ئیرادەی خۆی لە چوارچێوەی گوێڕایەڵبوونی بۆ عیسای مەسیح، ملکەچی مێردەکەی بێت. ژن ملکەچی مێردەکەی دەبێت چونکە عیسای خۆشدەوێت.
3.  نموونەی ملکەچبوونی ژن وەکو نموونەی ملکەچبوونی کڵێسایە بۆ عیسا.
4.  بە هیچ جۆرێك باسی توانا و بەهرە و نرخ و بەهای ژن ناکات. واتە، ملکەچبوونی ژن بۆ مێردەکەی بە هیچ شێوەیەک مانای ئەوە نییە کەمتر یان نزمترە لە مێردەکەی.
سەرنجی ئەوە بدەن کە باسی هیچ مەرجێکی دیاریکراوی فەرمانی نەکردووە، بەڵکو تەنها دەڵێت "لە هەموو شتێكدا." کەواتە نابێت مێردەکە پێش ملکەچبوونی ژنەکە توانا و بەهرەی ژنەکە بخاتە ژێر تاقیکردنەوەوە. لەوانەیە ژنەکە لە زۆر لایەنەوە لە مێردەکەی باشتر بێت بەڵام لە ڕێگەی ملکەچبوونی بۆ فەرمانڕەوایی مێردەکەی، گوێڕایەڵی فەرمانی یەزدان دەبێت. لەو ڕێگەیەوە، ژنی باوەڕدار دەکرێت دڵی مێردە بێباوەڕەکەی بەرەو مەسیح ببات. واتە لە ڕێگەی هەڵسوکەوت و کردارە پێرۆزەکانییەوە و بە بێدەنگ دڵی مێردەکەی بەرەو ڕووی مەسیح دەکاتەوە (یەکەم پەترۆس ٣: ١).

ملکەچبوون دەبێت کاردانەوەیەکی سروشتی بێت بۆ ڕێبەرایەتییەکی پڕ لە میهرەبانی و خۆشەویستی. کاتێک پیاویك ژنەکەی خۆشدەوێت وەکو چۆن مەسیح کڵێسای خۆشدەوێت (ئەفەسۆس ٥: ٢٥-٣٣)، ئەوا ملکەچبوون کاردانەوەیەکی سروشتییە لە ژنەوە بۆ مێرد. بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی خۆشەویستی و ئەوانەی کە باسکران، پێویستە ژن ملکەچی مێردەکەی بێت "هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحە" (ئەفەسۆس ٥: ٢٢). ئەمەی مانای ئەوەیە کە گوێڕایەڵبوونی بۆ خودا – قبووڵکردنی پلانەکانی خودا – لە ملکەچبوونی بۆ هاوسەرەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە. 

دەستەواژەی "هەروەک چۆن" لە ئایەتی بیست و دوودا دەبێت ئەوەمان بەبیر بهێنێتەوە کە دەسەڵاتێكی گەورەتر هەیە کە ژن بەرپرسیارە بەرامبەری. هەربۆیە، نابێت ژنان لە ژێر بیانووی "ملکەچبوونیان بۆ مێرد" سەرپێچی فەرمانی مەدەنی و ڕێسا و یاسای خودایی بکەن. واتە، پێویستە لە شتێکدا ملکەچی مێردەکەی بێت کە ڕاست و یاساییە و دەبێتە هۆی ڕێزگرتن و شکۆدارکردنی خودا. بێگومان ئەوە ڕوونە کە نابێت ملکەچی توندوتیژی بێت، چونکە نە ڕاستە و نە یاساییە و نە دەبێتە هۆی ڕێز و ستایشی خودا. بەکارهێنانی ملکەچبوون بۆ پەرەپێدان و بەکارهێنانی توندوتیژی واتای پشتگوێخستنی فەرمایشتی خودا دێت، هەروەها پشتگیریکردنە لە خراپەکاری.

ئەو داواکارییەکی کە لە (ئەفەسۆس ٥)دا هاتووە، کە باسی ملەکچبوونی ژنان دەکات، بە هیچ ڕێگە نادات بە پیاوان کە خۆپەرست بن و لە هەموو شتێکدا ویست و خواستیان بەسەر ژنەکانیاندا بسەپێنن. (ئایەتی ٢٥) فەرمان بە مێرد دەکات کە ژنەکەی خۆشبوێت، هەروەها لەبەردەم یەزداندا بەرپرسیاری جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەیە. پێوستە مێرد دەسەڵاتەکەی بەشێوەیەکی ژیرانە و دەستکراوانە و لە ژێر ترسی یەزداندا بەکاربهێنێت کە لە کۆتاییدا دەبێت وەڵامدەرەوە بێت.

کاتێک وەکو چۆن مەسیح کڵێسای خۆشویست، بە هەمان شێوەش مێردیش ژنەکەی خۆشویست، ملکەچبوون کارێكی سەخت نابێت. (ئەفەسۆس ٥: ٢٤) دەڵێت: "بەڵكو چۆن كڵێسا ملكەچی مەسیحە، ژنانیش لە هەموو شتێك بۆ مێردەكانیان." لە ژیانی هاوبەشدا، ملکەچبوون بە واتای ڕێز و شکۆ دێت بۆ مێرد (ئەفەسۆس ٥: ٣٣). ئەمە پلانی ژیرانەی یەزدانە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی خێزان.

ڕاڤەکار (مەتا هێنری) دەڵێت: "ژن لە لاتەنیشتی ئادەمەوە بەدیهێنراوە. لە سەری ئادەمەوە نەهات، بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی بکات، یان لە پێیەوە نەهات تاکو پان ببێتەوە، بەڵکو لە لاتەنیشتییەوە هات بۆ ئەوەی یەکسان بێت لەگەڵی. لەژێر باڵی ئادەمەوە هات بۆ ئەوەی ئادەم بیپارێزێت و لە نزیک دڵیەوە بەدیهات بۆ ئەوەی ئادەم خۆشیبوێت."

ئەو دەقەی کە لە دوای فەرمانی ژن و مێردەکان لە (ئەفەسۆس ٥: ١٩-٣٣)ەوە هاتووە، باسی پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز دەکات. ئەو باوەڕدارانەی کە پڕن لە ڕۆحی پیرۆز پێویستە ستایشی خودا بکەن و بیپەرستن (٥: ١٩)، سوپاسگوزار بن (٥: ٢٠) و ملکەچ بن (٥: ٢١). پاشان پۆڵس کە نووسەری نامەی ئەفەسۆسە، بەردەوام دەبێت و لە ئایەتی (٢٢ - ٢٤)دا بابەتی پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز بەسەر ژنەکاندا جێبەجێ دەکات.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە ژن ملکەچی مێردەکەی دەبێت، نەک لەبەرئەوەی کە ژن لە پیاو کەمترە (کتێبی پیرۆز هەرگیز باسی شتی وای نەکردووە)، بەڵکو لەبەرئەوەی کە خودا دەیەوێت ژیانی هاوبەشی ژن و مێردایەتی بەو شێوەیە بێت.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org

Saturday, June 24, 2017

یەکەمین گوناه چییە؟

یەکەمین گوناە چییە؟

دەستەواژەی "یەکەمین گوناه" پەیوەندی هەیە بە سەرپێچی کردنی ئادەم کاتێک لە داری زانینی چاکە و خراپەی خوارد، هەروەها ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی هەیبوو. گوناهی یەکەم دەکرێت بەم شێوەیە پێناسە بکرێت: "ئەو گوناه و تاوانەیە کە ئێمە هەموومان لە چاوی خوداوە هەمانە بە هۆی ئەنجامی ڕاستەوخۆی گوناهی ئادەم لە باخچەی عەدەن." بیروباوەڕی یەکەمین گوناه بەتایبەتی تیشکدەخاتە سەر کاریگەرییەکانی لەسەر سروشتی ئێمە و پەیوەندیمان لەگەڵ یەزدان تەنانەت پێش ئەوەی کە ئەوەندە گەورە بوبێتین کە گوناهێکی هوشیارانە ئەنجام بدەین. لەمەڕ کاریگەری یەکەمین گوناه، سێ بۆچوون هەن:

پڵەیجیەنیزم (پڵەیجەس 360 – 420 ز.): ئەم بۆچوونە دەڵێت کە گوناهەکەی ئادەم کاریگەری لەسەر گیانی نەوەکانی نییە جگە لە نموونە گوناهبارییەکەی کە کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوانەی کە شوێنی دەکەون و وا دەکەن کە ئەوانیش گوناه بکەن. بەپێی بۆچوونی ناوبراو، مرۆڤ دەتوانێت گوناه نەکات ئەگەر بیەوێت. بەڵام ئەمە پێچەوانەی ئەو دەقانەی کتێبی پیرۆزە کە ڕوونیان کردوەتەوە مرۆڤ لەلایەن گوناهەکانیانەوە بە کۆیلە کراون (بێگومان ئەگەر خودا هاوکارییان نەکات)، هەروەها کارە باشەکانی بە "مردوو" یان بێ بەها هەژمارد دەکرێن ئەگەر میهرەبانی و دڵسۆزی خودا نەبێت (ئەفەسۆس ٢: ١- ٢؛ مەتا ١٥: ١٨- ١٩؛ ڕۆما ٧: ٢٣؛ عیبرانییەکان ١: ٦، ٩: ١٤).

ئارمینیەنیزم (یاکۆبوس ئارمینیەس 1560 – 1609 ز.): ئەم بۆچوونە باوەڕی وایە کە گوناهەکەی ئادەم کاریگەری لەسەر هەموو ڕەگەزی مرۆڤایەتی هەیە بە جۆرێک کە هەموو کەسێک ئارەزووی ئەنجامدانی گوناهی بە میرات بۆ ماوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بە هەبوونی "سروشتی گوناه". هەروەک چۆن پشیلە بە شێوەیەکی سروشتی دەمیاوێنێت، ئێمەش بەهۆی ئەم سروشتە گوناهبارییەوە بە شێوەیەکی سروشتی گوناه دەکەین. ئەم بۆچوونە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە مرۆڤ بە تەنها خۆی ناتوانێت دەستبەرداری گوناه بێت، بۆیە یەزدانی پەروەردگار نیعمەتی بە هەموومان داوە بۆ ئەوەی گوناه نەکەین. لە ئارمینیەنیزم بەم نیعمەتە دەگوترێت "نیعمەتی ئەزەلی". بەپێی ئەم بۆچوونە ئێمە بەرپرسیار نین لەسەر گوناهی ئادەم بەڵکو تەنها بەرپرسیاریەتی گوناهی خۆمانمان لە ئەستۆدایە. بەڵام ئەمە پێچەوانەی فێرکردنی کتێبی پیرۆزە کە دەڵێت هەموو کەسێک سزای گوناهی دەکەوێتە ئەستۆ، هەرچەندە گوناهی هاوشێوەی ئادەمت ئەنجام نەدابێت (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٢٢؛ ڕۆما ٥: ١٢- ١٨). هەروەها فێرکردنی نیعمەتی ئەزەلی لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێ نەکراوە.  

کاڵڤینیزم (جان کاڵڤن 1509- 1564 ز.): ئەم بۆچوونە دەڵێت کە گوناهی ئادەم نەک تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی کە ببینە خاوەنی سروشتی گوناه بەڵكو بووە هۆی ئەوەی کە لە بەردەم یەزداندا گوناهبار بین، هەر بۆیە شایانی سزاین. لەبەرئەوەی  بە گوناهباری لەدایک دەبین (زەبوورەکان ٥١: ٥)، سروشتی گوناه بە میرات وەردەگرین، بەڵام ئەم سروشتە ئەوەندە خراپە کە (یەرمیا ١٧: ٩) دڵی مرۆڤ بەم شێوەیە وەسف دەکات: "دڵ له‌ هه‌موو شتێك فریوده‌رتره‌ و ده‌رمانی نییه‌". نەک تەنها ئادەم بە هۆی گوناهەکەیەوە بە تاوانبار لەقەڵەم درا بەڵکو تاوانەکەی و سزاکەی (مردن) ئێمەش دەگرێتەوە (ڕۆما ٥: ١٢، ١٩). لە دوو ڕوانگەوە، خودا دەبێت گوناهی ئادەم لەسەر ئێمەش حساب بکات. یەکەم؛ لەبەرئەوەی ڕەگەزی مرۆڤ لەشێوەی تۆودا لەنێو ئادەمدا بووە، کەواتە کاتێک ئەو گوناهی کردووە، ئێمەش کە لە ئەوداین گوناهمان کردووە. ئەمە هاوشێوەی ئەو فێرکردنەیە کە لە کتێبی پیرۆزدا بەرچاومان دەکەوێت کاتێك لێڤییەکان (نەوەکانی ئیبراهیم) بەهۆی ئیبراهیم پارەی دەیەکیان بە مەلکیسادق بەخشی، هەرچەندە لێڤییەکانی سەدان ساڵ دوای ئیبراهیم هاتوون (پەیدابوون ١٤: ٢٠؛ عیبرانییەکان ٧: ٤- ٩). دووەم؛ ئەم ڕوانگەیە دەڵێت کە ئادەم وەکو نوێنەری ئێمە بووە، ئەگەر ئەو گوناهی کردبێت کەواتە ئێمەش تاوانبارین.

بۆچوونی کاڵڤینیزم باوەڕی وایە کە مرۆڤەکان بەبێ هێز و دەسەڵاتی ڕۆحی پیرۆز ناتوانێت خۆی لە گوناه دوور بخاتەوە. دەسەڵاتی ڕۆحی پیرۆزیش تەنها ئەو کاتە بەدەستدێت کە پشت بە عیسای مەسیح و مردنی قوربانیئاسای ئەو لەپێناو گوناهدا لەسەر خاچ ببەستیت. ئەم بۆچوونە لە بۆچوونەکانی دیکە زیاتر لەگەڵ کتێبی پیرۆزدا دەگونجێت. بەڵام، چۆن دەبێت خودا بەرپرسیارییەتی گوناهێکمان لەسەر حساب بکات لە کاتێکدا ئێمە ئەنجاممان نەداوە؟ وەڵامێکی قابیلە قبوڵ بۆ ئەمە دەکرێت ئەوە بێت کە ئەگەر هاتوو سروشتی گوناهباریمان قبوڵ بکەین و بەپێی ئەو سروشتە ژیاین، ئەو کات بەرپرسیار و وەڵامدەرەوە دەبین لەسەر گوناهی یەکەمی ئادەم. لە ژیانماندا دەگەینە خاڵێک کە ئاگامان لە گوناهباری خۆمان دەبێت، لەو خاڵەدا دەبێت سروشتی گوناهباریمان ڕەتبکەینەوە و لەو بارەوە تۆبە بکەین. ئەگەر نا، ئێمە هەموومان بە شێوەیەکی کردەیی بە گوتنی ئەوەی کە سروشتی گوناهباری شتێكی باشە، قبوڵ و پەسەندی دەکەین. ئینجا دوای قبوڵکردنی سروشتی گوناهباریمان دەریدەخەین کە هاوڕاین لەگەڵ ئەو گوناهەی کە ئادەم و حەوا لە باخچەی عەدەن ئەنجامیان دا. هەر بۆیە، بەبێ ئەوەی گوناهەکەمان ئەنجام دابێت، تاوانی ئەو گوناهەمان دەکەوێتە ئەستۆ.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org








Wednesday, March 29, 2017

"شاهیدانی یەهوە" کێن و باوەڕیان بە چی هەیە؟

"شاهیدانی یەهوە" کێن و باوەڕیان بە چی هەیە؟
ئەو ڕێبازەی کە ئەمڕۆ بە "شاهیدانی یەهوە" ناسراون لە ویلایەتی پێنسڵڤانیای ئەمریکا لە ساڵی ١٨٧٠ سەریانهەڵدا. لە سەرەتادا وەکو قوتابخانەی فێربوونی کتێبی پیرۆز بوو کە لەلایەن "چاڵز ڕەسڵ"ەوە سەرپەرشتی دەکرا. ڕەسڵ ناوی لە گروپەکەی نا "خوێندنی کتێبی پیرۆزی هەزارەی شەبەق". لەو کاتەدا ڕەسڵ دەستی کرد بە نووسینی کۆمەڵە کتێبێک بە ناوی "شەبەقی هەزارە" کە لە شەش جڵد پێکهاتبوو. شایانی باسە کە زۆربەی ئەو بیروباوەڕەی یاوەرانی ڕەسڵ واتە شوێنکەوتوانی "شاهیدانی یەهوە" هەیانە، لەو شەش جڵد کتێبەوە سەرچاوەیان گرتووە.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩١٦دا ڕەسڵ مرد، هاوڕێ و جێگرەوەکەی، حاکم "جەی ئێف ڕەتەرفۆرد" جەڵدی حەوتەم و کۆتایی نووسی و بەو شێوەیە زنجیرەی "شەبەقی هەزارە"ی کامڵ کرد. لە ساڵی ١٨٨٦دا هەر دوو ڕێکخراوی "واچتاوەر بایبڵ و تراکت سۆسایەتی" دامەزرا و بەخێرایی بووە هۆی بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی بزوتنەوەی هەزارەی شەبەق. تا ساڵی ١٩٣١ ئەم دەستەیە بە "ڕەسڵییەکان (شوێنکەوتووانی ڕەسڵ)" ناسرابوون بەڵام دوای ئەوەی کە ئەندامانی ڕێکخراوەکە تووشی ناکۆکی بوون، دەستەیەکیان لێ جیابووە ناویان گۆڕا بۆ "شاهیدانی یەهوە." ئەو دەستەیەی کە لەمان جیابووەوە وەکو "قوتابییانی کتێبی پیرۆز" خۆیان دەناسێنن.
"شاهیدانی یەهوە" باوەڕیان بە چی هەیە؟
ئەگەر بە وردی سەرنجی بیروباوەڕیان بدەین لەمەڕ خودابوونی مەسیح، ڕزگاربوون، سیانە (ثالوث)، ڕۆحی پیرۆز و کەفارەت؛ بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ڕێکخراوە خاوەنی بۆچوونی ڕاستەقینە و دروستی مەسیحی نین.
شاهیدانی یەهوە باوەڕیان وایە کە مەسیح میکائیلی سەرۆک فریشتەیە کە پلە بەرزترین بەدهێنراوە. ئەمەش پێچەوانەی چەندین ئایەتی کتێبی پیرۆزە کە خوادابوونی عیسای مەسیحیان یەکلایی کردوەتەوە (یۆحەنا ١: ١، ١٤، ٨: ٥٨، ١٠: ٣٠).
شاهیدانی یەهوە پێیان وایە کە ڕزگاری لەڕێگەی باوەڕ و کرداری باش و ملکەچییەوە بەدەستدێت. واتە ئەمە پێچەوانەی چەندین ئایەتی کتێبی پیرۆزە کە دەڵێن ڕزگاری نیعمەتێکە لەڕێگەی باوەڕەوە بەدەستدێت (یۆحەنا ٣: ١٦؛ ئەفەسۆس ٢: ٨؛ ٩، تیتۆس ٣: ٥).  
شاهیدانی یەهوە سیانە (ثالوث) ڕەتدەکەنەوە. دەڵێن کە عیسای مەسیح بوونەوەێکی بەدیهێنراوە و ڕۆحی پیرۆزیش هێزی بێگیانی خودایە (واتە ڕۆحی پیرۆز دەسەڵاتی نییە). هەروەها باوەڕیان بەوەش نییە کە مەسیح لە جێگەی ئێمەی گوناهبار گیانی خۆی بەخت کردبووە بەڵکو دەڵێن کە مەسیح گیانی سپارد لەسەر خاچ بۆ ئەوەی کەفارەتی گوناهەکانی ئادەم بدات و هیچی دیکە.
باشە ئەوە زانیمان کە "شاهیدانی یەهوە" چۆن بیر دەکەوە و باوەڕیان بە چی هەیە؛ ئەی باشە چۆن پاساو بۆ بیروباوەڕ و بۆچوونەکەیان دێننەوە؛ بە چی ڕێگەیەک بەرگری لە خۆیان دەکەن؟
پێش هەموو شتێک دەڵێن کە کتێبی پیرۆز بەپێی تێپەڕبوونی کات لەلایەن کەنیسەوە دەستکاری کراوە، هەربۆیە خۆیان هاتوون و کتێبی پیرۆزیان وەرگێڕاوە و وەشانێکی تایبەت بە خۆیان داناوە بە ناوی "وەرگێڕانی جیهانی نوێ."
هەر دوو ڕێکخراوی "واچتاوەر بایبڵ و تراکت سۆسایەتی" هاتوون هەندێک لە دەقەکانی کتێبی پیرۆزیان دەستکاری کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بیروباوەڕە هەڵەکەی خۆیاندا بیگونجێنن؛ لە جێگەی ئەویە کە بێن و بنەمای باوەڕیان لەسەر کتێبی پیرۆز بنیات بنێن! "وەرگێڕانی جیهانی نوێ" چەندین جار دەستکاریی کراوە کاتێک کە بۆیان درکەوتووە کە هەندێ ئایەت هێشتا ماون کە لەگەڵ بۆچوون و باوەڕەکەی ئەواندا نەگونجاوە.
"واچتاوەر بایبڵ" باوەڕ و فێرکردنەکانی خۆی لەسەر بنەمای نووسینەکانی چاڵز ڕەسڵ و حاکم جۆوزف فرانکڵین و جێگرەوەکانی داڕشتووە. تەنیا ئەوانەی کە لە بەشی بەڕێوەبەری "واچتاوەر بایبڵ و تراکت سۆسایەتی" ئیدعای ئەوە دەکەن کە بۆیان هەیە کتێبی پیرۆز تەرجەمە بکەن. واتە ئەوان هەرچی بڵێن هەر ئەوە دەبێت هەربۆیە بیرمەندان و زانایانی دیکە کە لە دەستەی بەڕێوەبەری نین حەقی هیچ جۆرە گلەیی و قسەیەکیان نییە. ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئاگادارکردنەوە توندەکەی پۆڵسە بۆ تیمۆساوس (هەروەها بۆ ئێمەش) کە دەبێت شتێک بخوێنین کە خودا پەسەندی کردبێت هەربۆیە نابێت هەست بە شەرمەزاری بکەین کە بمانەوێت وشەی خودا بە دروستی بەکاربێنین و مامەڵەی لەگەڵ بکەین.
ئەو ئاگادارییە توندەی کە لە (دووەم تیمۆساوس ٢: ١٥)دایە فەرمانێکی ڕوونی خودایە بۆ هەر یەک لە ڕۆڵەکانی کە وەکو خەڵکی بیریە بن؛ کە ڕۆژانە سەیری کتێبی پیرۆزیان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن ئەو شتانەی کە پێیان دەگوترێتەوە لەگەڵ کتێبی پیرۆزدا دەگونجێت.
"كۆشش بكه‌ خۆت بسه‌لمێنی بۆ خودا، كارگه‌رێكی بێ شه‌رمه‌زاری، وشه‌ی ڕاستی به‌ ڕێگای ڕاست لێك بده‌یته‌وه‌." (دووەم تیمۆساوس ٢: ١٥)
"به‌ڵام خه‌ڵكی بیریه‌ له‌ سالۆنیكییه‌كان تێگه‌یشتووتر بوون، به‌وپه‌ڕی په‌رۆشییه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌یان وه‌رگرت، ڕۆژانه‌ له‌ نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان ورد ده‌بوونه‌وه‌ ئاخۆ شته‌كان ئاوان." (کرداری نێردراوان ١٧: ١١)
پێناچێت هیچ تاقم و دەستەیەک هەبن بە ئەندازەی "شاهیدانی یەهوە" دڵسۆز بن لە گەیاندنی پەیامەکەیان بەڵام بەداخەوە پەیامەکەیان پڕە لە شێواندن و فێلکردن و فێرکردنی هەڵە.
نوێژ دەکەین و دەپاڕێینەوە لە یەزدانی پەروەرگارمان کە چاوی "شاهیدانی یەهوە" بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕاستی ئینجیلی عیسای مەسیح و پەیامی ڕاستی وشەی خودا ببینن.
تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org



Monday, February 6, 2017

ئەگەر مەسیح لەسەر خاچ گیانی سپاردبێت، پاشان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ نێژرابێت، واتای ئەوەیە کە خودا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مردووە؟

ئەگەر مەسیح لەسەر خاچ گیانی سپاردبێت، پاشان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ نێژرابێت، واتای ئەوەیە کە خودا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مردووە؟


پرسیارێکی زۆر جوانە! ئەم ڕوونکردنەوەی خوارەوە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
وایدابنێ، فنجانێکمان هەیە. ئەو فنجانە هیچ گوڵێکی تێدا نییە، هەروەها هیچ ئاویشی تێدا نییە و وشکە. واتە تەنیا هەوای تێدایە. جیاوازی هەوای ناو فنجانەکە و دەرەوەی فنجانەکە چییە؟ هەوای ناو فنجانەکە شکڵی هەیە، مەگەر نە؟ لە پێکهاتەدا هەمان شتن، بەڵام هەوای ناو فنجانەکە شکڵ و شێوەی هەیە. ئێستا ئەگەر فنجانەکە بێنین و بیکێشین بە دیواردا و وردی بکەین، چی بەسەر هەواکەی ناوی دێت؟ هەواکە دەمرێت؟ نەخێر، هەوا نامرێت. دەکرێت فنجانەکە ببێتە هەزار پارچە بەڵام هەواکە هیچی لێنایەت، تەنیا ئەوە نەبێت کە شکڵ و شێوەیەی نامێنێت.

کاتێك مەسیح لەسەر خاچ گیانی لەدەستدا، جەستەی مرد بەڵام ڕۆحی مەسیح کە ڕۆحی خودایە، هەرگیز نامرێت. خودا شکڵ و شێوەی مرۆڤی وەرگرت و لە شێوەی مەسیحدا هاتە سەر زەوی. ڕاستە شکڵ و شێوەی مرۆڤی وەرگرت بەڵام عیسا هەرگیز بە تەنیا مرۆڤ نەبوو.

لەسەر خاچ، عیسا باجی گوناهەکانی ئێمەی دا و بەربەستی نێوان ئێمە و ئەوی ڕووخاند و لایبرد. بەهۆی گیانسپاردنەکەی مەسیح، ئێمە دەتوانین لەگەڵ یەزداندا لە ئاشتیدا بین. هەرچەندە ئێمە گوناهبارین، دادپەروەری خودا بەتەواوی لەلایەن مەسیحەوە جێبەجێکرا، مەسیح ئەو بەرخەی خودا بوو کە لەبەر ئێمە ئازاری چەشت. هەروەها خۆشەویستی خودا بە تەواوی نیشاندراوە لەوەدا کە مەسیح بە خواست و ویستی خۆی ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا.

ئێستا لەوانەیە بڵێی: "ئەوە دادپەروەرانە نییە." ڕاستە، دادپەرورەرانە نییە. بێگومان ئێمە شایانی ئەوە نین کە مەسیح لە پێناوماندا گیانی دابنێت. بەڵام ئەمە چارەسەری خودا بوو بۆ ئێمە. ئایا بۆمان هەیە بە خودا بڵێین کە دەبێت چی بکات و چی نەکات؟!

مەسیح سزای مردنی ئێمەی بژارد تاکو ئێمە بەهۆی گوناهەکانمانەوە نەمرین. عیسای مەسیح دەیەوێت کە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵی هەبێت و خۆشەویستییەکەی بناسین و ژیانی ئەزەلی و جاویدانی بەدەست بێنین.

با نموونەیەکی دیکە بێنینەوە. ئەمەیان چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە. بەڵکو لەم ڕێگەیەوە بتوانین باشتر لەوە تێبگەیەن کە مەسیح چی بۆ ئەنجام داوین.

حاکمێکی دادپەرورەر و دڵسۆز هەبوو کە بەرتیلی قبوڵ نەدەکرد. ڕاستگۆ و دادپەروەر بوو. جارێکیان کچێکیان گرت و هێنایان بۆ لای. سزای کچەکە سجنی هەتاهەتایی بوو یاخود دەبوا بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆری بدابا کە لەڕاستیدا توانای دانی ئەو پارەیەی نەبوو.
حاکمەکە لە کچەکەی پرسی: "ئایا تاوانباری یان نە؟"
کچەکەش لە وەڵامدا گوتی: "گەورەم، ناتوانم باجی سزاکەم بدەم. ناتوانم پارەکە بدەم. تکایە بەزەییت پێمدا بێتەوە."
حاکمەکە گوتی: "پرسیاری من ئەوەیە کە ئایا تۆ تاوانباریت یان نە؟ ئایا دان بە تاوانباربوونتدا دەنێی؟"
لەکۆتاییدا خانمە گەنجەکە گوتی: "گەورەم، بەڵێ من تاوانبارم."
حاکمەکە گوتی کەواتە دەبێت باجەکەی بدەیت. حوکمی سجنی هەتاهەتایی بۆ دەرکرد و کەیسەکەی داخست.
هەربۆیە کچەکە دەستی کرد بە هاوارکردن و ژاوەژاو دروستکردن، بەڵام لە دادگا بردیانە دەرەوە بۆ ئەوەی بیخەنە سجنەوە. حاکمەکەش عەبا تایبەتەکەی لەبەر داکەند و ڕۆیشە دەرەوەی دادگا. پاشان حاکمەکە ڕۆیشتە خەزێنە و هەموو ئەو پارەیەی دا کە کچەکە پێویست بوو بیدات. پرسیارەکە لەوەدایە بۆچی حاکمەکە ئەو کارەی کرد؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە: چونکە ئەو کچەی زۆر خۆش دەوییست. ئەو کچە کچی خۆی بوو. هەربۆیە هەرچی هەبوو داینا و ژیانی کچەکەی کڕییەوە.

کاتێک حاکمەکە عەبای تایبەتی حاکمییەتی داکەند، بوو بە کەسێکی ئاسایی. عیسای مەسیحیش ڕێک وەک ئەو حاکمەی کرد. عیسای مەسیح ئاسمانی بەجێهێشت، عەبای شکۆمەندی داکەند و وەکو هەر مرۆڤێکی ئاسایی دیکەی لێهات. عیسای مەسیح لەبەر ئێمە گیانی سپارد بۆ ئەوەی گوناهەکانمان چیدیکە مەحکوممان نەکات و نەتوانێت هەتاهەتایە لە خودا جیامان بکاتەوە. 

زۆر لە پێغەمبەران باسی ئەوەیان کردووە کە مەسیح دێتە سەر زەوی و لەپێناوی گوناهی جیهان دەمرێت. مەسیح تاکە ئومێدی مرۆڤە بۆ ئەوەی ژیانی جاویدانی بەدەستبێنن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئادەم و حەوا، خودا بە شەیتانی فەرموو کە نەوەی ژن سەری شەیتان پاندەکاتەوە و مرۆڤایەتی لە گوناه ڕزگاری دەبێت. عیسای مەسیح بەهۆی مردن و زیندوبوونەوەیەوە بەسەر شەیتاندا زاڵبوو و شکستی دا. مەسیح بەسەر گوناە و مردن و جیابوونەوە لەگەڵ خودا سەرکەوت، واتە لە شەیتانی دا و سەری پان کردەوە.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com

Saturday, January 21, 2017

بۆچی نابێت عیسای مەسیح بە پێغەمبەر بزانین؟



بۆچی نابێت عیسای مەسیح بە پێغەمبەر بزانین؟
تەنیا یەک خودا بوونی هەیە. هەموو لایەکمان هاوڕاین لەسەر ئەم تایبەتمەنیانەی خودا:
·       خودا هەمیشەیی و ئەزەلییە. بوونی هەبووە و بوونی هەیە و هەتاهەتایەش بوونی دەبێت.
·       خودا پیرۆزە. بێخەوش و تەواوە.
·       خودا ڕاستییە. وتەکانی هەتاهەتایە دەمێنێتەوە و ناگۆڕدرێت و جێگیر و چەسپاوە.
·       خودا ئامادەیە. لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا ئامادەیی هەیە.
·       خودا بەتوانایە. تواناکەی بێهاوتا و بێسنوورە.
·       خودا هەموو شتێک دەزانێت. هەمیشە زانیاری تەواوی لەسەر هەموو شتێک هەیە.
·       خودا خالق و بەدیهێنەرە. هەموو شتێک لەلایەن خوداوە بەدیهاتووە. 

تەنیا یەک خودا بوونی هەیە. هەموو ئەوانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، ڕاستن. ئێمە ئەم تایبەتمەندییانە لەسەر خودا دەزانین چونکە کتێبی پیرۆز ئەمانەی پێڕاگەیاندووین. خودا خۆی بۆ مرۆڤەکان دەرخست، تاکو ئەم سیفەتانەمان بۆ دەربخات. کتێبی پیرۆز ئەوەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە عیسای مەسیح ڕێک ئەم سیفەتانەی هەبووە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێكردووە. بۆ نموونە، با باسی یەکەم دانەیان بکەین. خودا هەمیشەیی و ئەزەلییە. عیسای مەسیحیش ئەزەلی و هەمیشەییە.

لە (یۆحەنا ١: ٣)دا هاتووە: "هه‌موو شتێك به‌و به‌دیهاتووه‌، بێ ئه‌و هیچ شتێك به‌دی نه‌هاتووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌دیهاتوون." هەروەها (کۆلۆسی ١: ١٧) دەڵێت: "چونكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ هه‌موو شتێك به‌دیهێنرا: له‌ ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی، بینراو و نه‌بینراو، ته‌خت یان ده‌سه‌ڵات، سه‌رۆكایه‌تی یان حوكومڕانی، هه‌مووی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ و بۆ ئه‌و به‌دیهێنران."

باشە ئەگەر ئەگەر تەنیا یەک خودا هەیە، چۆن دەکرێت عیسای مەسیحیش خودا بێت؟!

ئێمەی مرۆڤ لەسەر زەوی، لە جیهانێکی سێ ڕەهەندیدا دەژین. واتە، هەموو کەسێک بەرزی و پانی و قووڵیی هەیە. دەکرێت دوو کەس تا ڕادەیەک لە یەکتر بچن. لەوانەیە هەردووکیان حەزیان لە یەک شت بێت، یان هەمان ئیشیان هەبێت. بەڵام ناکرێت و مەحاڵە کە کەسێك ڕێک وەکو کەسێكی دیکە بێت، واتە هەموو شتێکی لە کەسەکەی دیکە بچێت. مرۆڤەکان هەر یەکە و تاکێکی تایبەت و بێهاوتایە. 

بەڵام خودا، بە پێچەوانەی مرۆڤەوە بابەتی سێ ڕەهەندی جیهان نایگرێتەوە. خودا ڕۆحە. هەروەها بێ ئەندازە لە ئێمە ئاڵۆزترە. هەربۆیە عیسای کوڕ، دەکرێت لە خودا جیاواز بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت وەکو خودا بێت. 

کتێبی پیرۆز بەڕوونی باسی خودای باوک و خودای کوڕ و خودای ڕۆحی پیرۆزی کردووە. هەروەها بەڕوونی پێشی گوتووین کە تەنیا یەک خودا هەیە. ئەگەر ئەمە بەشێوەی بیرکاری و ماتماتیک بنووسین بەم شێوەیە نییە (1+1+1) بەڵکو بەم شێوەیەیە (1×1×1) کە دەکاتە یەک. تەنیا یەک خودا بوونی هەیە نەک سێ.
 
(ئیشایا ٧: ٤) دەڵێت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگار خۆی نیشانه‌یه‌كتان ده‌داتێ، ئه‌وه‌تا پاكیزه‌یه‌ك سكی ده‌بێت و كوڕێكی ده‌بێت، ناوی لێ ده‌نێت ئیمانوێل." ئیمانوێل واتە "خودا لەگەڵمانە."
مەسیح فەرمووی کە قسەکردن لەگەڵ ئەو واتە قسەکردن لەگەڵ خودا. بینینی ئەو واتە بینینی خودا. باوەڕهێنان بە ئەو واتە باوەڕهێنان بە خودا. 

شتێکی دیکە هەیە کە گرنگە لەسەر خودا بیزانی، ئەویش ئەوەیە کە خودا خۆشیدەوێیت و تۆی بەلاوە گرنگە.  

مەسیح دەفەرموێت: "هه‌روه‌ك چۆن باوك منی خۆشویستووه‌، ئاوا ئێوه‌م خۆشویستووه‌، جا به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ كار به‌ ڕاسپارده‌كانم ده‌كه‌ن، به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌مه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بن، هه‌روه‌ك من كارم به‌ ڕاسپارده‌كانی باوكم كردووه‌ و به‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بم. ئه‌م شتانه‌م پێ گوتن تاكو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و ته‌واو بێت" (یۆحەنا ١٥: ٩- ١١). 

لە (مەتا ١١: ٢٨- ٣٠)دا عیسای مەسیح بانگهێشتمان دەکات کاتێک دەفەرموێت: "وه‌رن بۆ لام ئه‌ی هه‌موو ماندووان و بارگرانه‌كان، من ده‌تانحه‌سێنمه‌وه‌. نیری من بخه‌نه‌ سه‌ر خۆتان و له‌ منه‌وه‌ فێربن، چونكه‌ دڵنه‌رم و بێفیزم، حه‌سانه‌وه‌ش بۆ ده‌روونتان ده‌دۆزنه‌وە. نیره‌كه‌م گونجاوه‌ و بارم سووكه‌."

ئێمە ئەو هەمووە هەوڵ و تەقەلایە دەدەین تەنیا بۆ ئەوەی بەپێی پێویست خودا لە خۆمان ڕازی بکەین، بەڵام مەسیح ئازادی و ڕزگارییەکی نوێ لەبەردەممان دادەنێت. کاتیك تەجروبەی خۆشەویستییەکەی دەکەین، هۆکارێکی دیکە بۆ هاندان دێتەر بەرباس کە وامان لێدەکات هەوڵی دڵخۆشکردنی خودا بدەین. ئەمەش لە ئەنجامی ترسانمان لە خوداوە نییە بەڵکو لە خۆشی ناسینەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. 

پۆڵسی نێردراوی مەسیح، ئەمەی زۆر بەڕوونی تەجروبە کردووە کاتێك دەڵێت:
" دڵنیام نه‌ مردن و نه‌ ژیان، نه‌ فریشته‌كان و نه‌ سه‌رۆكه‌كان، نه‌ شته‌كانی ئێستا و نه‌ شته‌كانی داهاتوو، نه‌ هێزه‌كان، نه‌ به‌رزی و نه‌ قووڵی، نه‌ به‌دیهێنراوی دیكه‌، ناتوانێت له‌ خۆشه‌ویستی خودا جیامان بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مانه‌وه‌ بۆمان دێت" (ڕۆما ٨: ٣٨- ٣٩). 

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com