Friday, September 30, 2016

ئایا کتێبی پیرۆز وشەی خودایە؟ ئایا بەپێی تێپەڕبوونی کات دەستکاری و کەم و زیاد کراوە کراوە؟



ئایا کتێبی پیرۆز وشەی خودایە؟ ئایا بەپێی تێپەڕبوونی کات دەستکاری و کەم و زیاد کراوە کراوە؟
 لە سەرەتادا با سەیری هەندێ ئایەتی گرنگ بکەین.
"هه‌تا زه‌وی و ئاسمان له‌ئارادا بێت، پیتێك یان خاڵێك له‌ ته‌ورات له‌ناو ناچێت، هه‌تا هه‌مووی دێته‌ دی" (مەتا ٥: ١٨)
وشەی خودا لەناوناچێت و هەموو ئەو شتانەی کە تێیدا باسکراون، دێنە دی.
"ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم هه‌رگیز به‌سه‌رناچن." (مەتا ٢٤: ٣٥)
"هه‌موو نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان له‌ سروشی خودان، سوودبه‌خشن بۆ فێركردن و سه‌رزه‌نشت و ڕاسته‌ڕێكردن و لێڕاهێنان له‌ ڕاستودروستی." (دووەم تیمۆساوس ٣: ١٦)
کتێبی پیرۆز سروش و وەحی خودایە.
گژوگیا وشك ده‌بێت و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێ، به‌ڵام په‌یامی خودامان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ چه‌سپاو ده‌بێت" (ئیشایا ٤٠: ٨).
دەبێت لە خۆمان بپرسین، "ئایا خودا دەتوانێت وشە و پەیامە نووسراوەکانی خۆی بپارێزێت؟ ئایا خودا دەتوانێت ئەو قسەیە بباتە سەر کە فەرموویەتی، وشەکانم هەرگیز لەناوناچن، هەموویان دێنەدی؟"
ئایا خودا دەتوانێ؟ بەڵێ، بێگومان دەتوانێ! وشەی خودایە بۆ هەموو کەسێکە. ئایا دەمانەوێ خودا تاوانبار بکەین بەوەی کە گوتوویەتی وشەکانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام نەیپاراستووە؟
زۆر ڕوونە و دڵنیابن لەوەی کە هیچ شتێك لە کتێبی پیرۆز نەگۆڕاوە، ئەوە تەنیا کۆمەڵە قسەیەکی بێبنەمان و هیچی دیکە. بەپێچەوانەی بۆچوونی باوی موسوڵمانانەوە کە پێیان وایە قورئان دەڵێت کتێبی پیرۆز گۆڕاوە، قورئان پێچەوانەکەی دەڵێت. بەڵکو زۆر بەجوانی باسی دەکات. لە قورئاندا چەندین جار وشەی تەورات و زەبوور (پەیمانی کۆن و زەبوورەکان) و ئینجیل (پەیمانی نوێ) ئاماژەی پێکراوە.
کاتێک دوای شەش سەد ساڵ لە هاتنی مەسیح، ئیسلام سەریهەڵدا، کتێبی پیرۆز بەلایانەوە ڕاست و قبوڵکراو بوو.
ئێستا لەوانەیە بپرسی، ئایا لە سەدەی حەوتەوە تا ئێستا کتێبی پیرۆز نەگۆڕاوە و دەستکاری نەکراوە؟ نەخێر، نەگۆڕاوە و بەهیچ شێوەیەکیش دەستکاری نەکراوە. دەتوانی ئەو کتێبە پیرۆزەی ئەمڕۆ لەبەردەستدایە بەراوردی بکەی بە دەستنووسە کۆنەکانی ئەو سەردەمە.
تا ئێستاش تەواوی دەستنووسی کتێبی پیرۆزمان لەبەردەستە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٣٠٠ی زایین، سەدان ساڵ پێش نووسینی قورئان. ئەگەر ویستت دەتوانی بڕۆیت و بەچاوی خۆت ئەو دەستنووسانە لە مۆزەخانەی لەندەن یان ڤاتیکان یان لە زۆر شوێنی دیکە ببینیت. ئەگەر کتێبی پیرۆزی ئەمڕۆ بەراورد بکەیت بەو دەستنووسانەی ئەو کاتە، بۆت دەردەکەوێت کە ڕێک هەمان شتن. 
ئایا دەزانیت، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ٢٥٠٠٠ (بیست و پێنج هەزار) دەستنووسی دەقەکانی ئینجیل لە جیهاندا بوونی هەیە؟ مێژوونووسان بەراوردی ئەو نووسخانەیان کردووە لەگەڵ ئەو ئینجیلەی ئەمڕۆ لەبەردەستی ئێمەدایە، بۆیان دەرکەوتووە کە ٩٩.٥٪ ڕێک وەکو یەکن و هەمان شتن. هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە. ئەو ڕێژە کەمەش پەیوەندی بە ڕێنووسەوە هەیە، نەوەک مانا و واتا.
لەوانەیە ئاشنای ئەو کەشفەش بیت کە زانایان لە نزیک دەریای مردوو، هەندێک دەستنووسیان دیتەوە. ئەو نووسراوانە لە ئەشکەوتەکانی قومران دۆزرانەوە کە دەکەونە باکوری ڕۆژاوای دەریاکەوە. لێکۆڵەران بەراوردی ئەو دەستوونانە و کتێبی پیرۆزیان کرد و بۆیان دەرکەوت کە هیچ جیاوازییەکیان نییە و ڕێک وەکو یەکن.
هەرگیز باوەڕ بەو قسە و قسەڵۆکانە مەکەن کە دەڵێن کتێبی پیرۆز دەستکاری کراوە و گۆڕانکاری تێداکراوە، چونکە ئەوە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ بەڵگەیەکیش ئەوە پشتڕاستناکاتەوە.

ئەی ئەوە نییە چوار مزگێنی (ئینجیل) هەیە، ئایا ئەو چوارە جیاوازن لە یەکتری؟

ڕاستە، چوار مزگێنی هەیە، مەتا و مەرقۆس و لۆقا و یۆحەنا؛ کە بریتین لە چوار کتێبی سەرەتای پەیمانی نوێ. لەڕاستیدا ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە هەرگیز کتێبی پیرۆز دەستکاری نەکراوە. ئەم چوارە، بریتین لە چوار شایەتی و گەواهی، چوار گێڕانەوەی ژیانی مەسیح و وتەکانی و کارەکانی.
پێکدادانێکی ئۆتۆمبێلێک لەسەر شەقامێکدا بهێنە پێش چاوی خۆت. لەو کاتەشدا پۆلیس داوا لە چوار کەس دەکات کە ڕاپۆرتێک لەسەر ئەو ڕووداوە بنووسن. ئایا پێت وایە کە هەر چواریان بەهەمان شێوە شایەتی دەدەن و بەهەمان شێوە ڕووداوەکە دەنووسن و ڕێک هەمان وشە بەکاردێنن؟ بێگومان نەخێر. هەریەکێکیان بەپێی ڕوانگەی تاکەکەسی و تێگەیشتنیان لە ڕووداوەکە، دەینووسن. ئەو چوار کەسەش کە چوار ئینجیلەکەیان نووسیوە، ڕێک هەمان شتە، ئەوانیش هەریەکێکیان بەپێی ئەو گەواهی و شایەتییەی کە لەسەر مەسیح هەیانبوو، نووسیویانە.
ئەوەتا چەندین ساڵە سیستەمی دادگاش بە هەمان شێوە دەڕوات. شایەتی یەک کەس وەرناگیرێت و قابیلی قبوڵ نییە. بەگشتی شایەتی دەبێت لە کەسێک زیاتر بێت. لە (دووەم کۆرنسۆس ١٣: ١)دا هاتووە: "هه‌ر بابه‌تێك له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ شایه‌ت ڕاستییه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێنرێت."
تەنیا چوار گەواهیدر و شایەتی بوونی نییە بەڵکو چەندینی دیکەی وەکو یاقوب و پۆڵس و یەهوزا و پەترۆس هەن کە بەشەکانی دیکەی پەیمانی نوێیان نوسیوە. یۆحەنا دەڵێت: "ئێمه‌ ئه‌مه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین سه‌باره‌ت به‌ وشه‌ی ژیان، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بوو، ئه‌وه‌ی گوێمان لێی بوو، ئه‌وه‌ی به‌ چاوی خۆمان بینیمان، ئه‌وه‌ی ته‌ماشامان كرد و ده‌ستمان لێیدا" (یەکەم یۆحەنا ١: ١). ئەوان شایەتحاڵی ژیانی مەسیح بوون، بۆیە هەر چییەکیان بینیوە ئەوەیان نووسیوە. 

ئەو هەمووە وەرگێڕانە جیاوازەی کتێبی پیرۆز چییە؟ بۆچی کتێبی پیرۆز بۆ ئەو هەمووە زمانە وەرگێڕدراوە؟

کتێبی پیرۆز بە زمانی عیبری و یۆنانی نووسراوە. هەموو ئەو کتێبە پیرۆزانەی کە چاپکراون، جا ئیتر لە هەر ساڵێکدا بێت، هەموویان بەگوێرەی دەقە عیبری و یۆنانییەکە وەرگێڕدراون. هەندێ لە چاپی کتێبی پیرۆز هەن کە ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەی ئایەتەکانە و ناچنە چوارچێوەی وەرگێڕان و تەرجەمەوە. بەڵام هەرچی وەرگێڕان و تەرجەمەیە هەمیشە لە دەقە بنەڕەتییەکەوە وەردەگیرێت کە عیبری و یۆنانییە.
دەقی عیبری و یۆنانی کتێبی پیرۆز بۆ چەندین هەزار زمانی جیهان وەرگێڕدراون. بۆچی؟ چونکە خودا دەیەوێت کە هەموو کەسێک هەواڵی خۆشی ڕزگاری بزانێت. وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز زۆر سەخت و دژوار نییە. هەندێک لە سپارەکانی لە شێوەی هۆنراوە و شیعردان لەوانە: پەندەکانی سلێمان، گۆرانی گۆرانییەکان و زەبوورەکان. بەڵام کرۆک و ناوەڕۆکی کتێبی پیرۆز زۆر ئاسانە بۆ تێگەیشتن چونکە گرێدراوە بە ژیانی ڕۆژانەوە، هەربۆیە وەرگێڕانیشی زۆر ئاسانە. ئەو ڕاستییەی کە کتێبی پیرۆز کتێبێکی سادەیە و تێگەیشتنی ئاسانە، هۆکارێکی دیکەیە کە وادەکات متمانەی پێبکەیت. 
مرۆڤایەتی لە کێشەیەکی گەورەدایە و بەداخەوە زۆرێك لە مرۆڤەکان خەریکن بەرەو دۆزەخ هەنگاو دەنێن. هەموومان گوناهمان کردووە و لە شکۆی خۆی کەوتووین. پێویستمان بە پەیامی ڕزگارییە. کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە چۆن گوناهەکانمان دەبەخشرێت، هەروەها پێمان دەڵێت کە چۆن دەتوانین لەگەڵ خودا پەیوەندییەکی نزیکمان هەبێت. دەتوانین هەر ئێستا بە باوەڕهێنان بە عیسای مەسیح ئەو پەیوەندییە نزیکەمان هەبێت کە هەتاهەتاییە و هەرگیز کۆتایی نایەت. پەیامی کتێبی پیرۆز ژیانمان دەگۆڕێت.

تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: everystudent.com

Monday, September 19, 2016

ئایا لە بەهەشت هاوسەرگیری (زەواج) هەیە؟



ئایا لە بەهەشت هاوسەرگیری (زەواج) هەیە؟




کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت، "له‌ هه‌ستانه‌وه‌دا خه‌ڵكی نه‌ ژن ده‌هێنن و نه‌ مێرد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك فریشته‌ له‌ ئاسمان ده‌بن" (مەتا ٢٢:٣٠). ئەمە وەڵامی مەسیح بوو بۆ ئەو پرسیارەی کە ئەگەر ژنێک لەسەر زەوی چەندین جار هاوسەرگیری کردبێت، لە بەهەشت کام لە هاوسەرەکانی دەبنە هاوسەری (مەتا ٢٢: ٢٣- ٢٨).
لەڕاستیدا، شتێک بەناو هاوسەرگیری لە بەهەشتەدا بوونی نیە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ژن و مێرد لە بەهەشتدا چیدیکە یەکتر ناناسن. هەروەها بەو واتایەش نایەت کە ژن و مێرد لە بەهەشت ناتوانن پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ یەکتر هەبێت. بەڵكو واتای ئەوەیە کە ژن و مێرد چیدیکە لە بەهەشت ژن و مێرد نین و ژیانی ژن و مێردایەی پێکەوە بەسەرنابەن.
لە بەهەشت زەواج بوونی نابێت چونکە پێوستت بە زەواج نابێت. خودا بەمەبەستی پڕکردنەوەی چەند پێویستییەک زەواجی دانا. یەکەم، بینی کە ئادەم پێویستی بە هاودەمێکە. "یه‌زدانی په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: باش نییه‌ بۆ پیاو به‌ ته‌نها بێت. یاریدەدە‌رێكی هاوشانی بۆ دروستده‌كه‌م" (پەیدابوون ٢: ١٨). حەوا کێشەی تەنیایی ئادەمی چارەسەر کرد، هەروەها کێشەی هاودەم و یارمەتیدەریشی چارەسەر کرد. کەسێک دەبوا بێتە لای ئادەم و ببوایە بە هاودەمی ژیانی. بەڵام لە بەهەشت شتێک بە ناوی تەنیایی بوونی نابێت، هەروەها پێویستت بە هاودەم و یارمەتیدەر نابێت. ژمارەیەکی زۆر باوەڕدار و فریشتە دەورمان دەدەن (ئاشکراکردن ٧: ٩)، هەموو پێداویستییەکانمان دابیندەکرێت، بە پێداویستی هاودەمیشەوە.
دووەم، خودا زەواجی وەکو ڕێگەی زیادبوونی نەوە و پڕبوونی زەوی بە مرۆڤ بەکارهێنا. بەهەشت بە وەچە خستنەوە جەنجاڵ و پڕناکرێتەوە. ئەوانەی کە دەڕۆن بۆ بەهەشت لەڕێگەی باوەڕیان بە عیسای مەسیح دەڕۆنە بەهەشت، نەوەک ئەوەی کە لە بەهەشت لەڕێگەی زەواجەوە لەدایکبووبێتن.
ئێستا لەلامان ڕوونە کە لە بەهەشت هیچ پێویستییەکمان بە زەواج نابێت، چونکە لە بەهەشت شتێک بەناو وەچەخستنەوە یان تەنیایی بوونی نابێت.



تەرجەمەی لە ئینگلیزییەوە: بنیامین بارامی
ژێدەر: gotquestions.org